لە لێدوانێکی نوێدا کە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا لێدەکەوێتەوە، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئاشکرایکرد کە پڕۆسەی ئاشتی قۆناغێکی باش و پێشکەوتووی بڕیوە. لەو چوارچێوەیەشدا دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بە چڕی سەرقاڵی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. هاوکات مژدەی ئەوەشی دا کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنەوەی دەستورێکی مەدەنیی سەردەمیانە کۆتاییان هاتووە.
ئاوێنە: ئەردۆگان لە کاتی گەڕانەوەی لە سەردانەکەی بۆ وڵاتی کازاخستان، لە نێو فڕۆکەکەیدا زانیاریی زیاتری بە ڕۆژنامەنوسان دا و ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر بوێرانە و مێژویی بۆ سەرخستن و گەیاندنە ئەنجامی پڕۆسەی ئاشتی نراون، دەزگای میتیش ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە بۆ ئەوەی خێرایی بدات بە پڕۆسەی چەکدانان و کۆتاییهێنان بە چالاکییە چەکدارییەکانی پەکەکە.
سەرۆک کۆماری تورکیا دروستکردنی تورکیایەکی "بێ تیرۆر"ی بە ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوانە ناوبرد، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو قەیران و ئاڵنگارییانە بێت کە لە ڕابردوودا یەخەی وڵاتەکەیان گرتووە، تا لەو ڕێگەیەوە گیانی برایەتی و یەکڕیزی لە نێوان سەرجەم ٨٦ ملیۆن هاوڵاتیی تورکیادا بەهێزتر و قووڵتر ببێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆگان باسی لە هەنگاوەکانی پەرلەمان کرد و ڕونیکردەوە کە کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە ناوی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و برایەتی پێکهێنراوە، کە ئەرکی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی نوێیە بە پشتبەستن بە کۆدەنگی و یەکدەنگیی نیشتمانی. سەرەڕای ئەوەی هۆشداری دا لەوەی هەندێک لایەنی دیاریکراو هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ و بنبەستکردن دەدەن بۆ شکستپێهێنانی پڕۆسەکە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی بە ڕوانگەیەکی بنیاتنەرانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوییەوە، سەرجەم ئەو بەربەستانە تێدەپەڕێنێت.
لەسەر پرسی چاکسازییە یاساییەکان و دەستوری نوێ، ئەردۆگان زۆر بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە نوسینەوەی دەستورێکی نوێی مەدەنی و گشتگیر چیتر تەنها دروشم نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی حەتمی و تەواوی ئامادەکارییەکانیشی بۆ کۆتاییان هاتووە. ئەو باوەڕی وایە دەبێت ئەم دەستورە هاوتەریب و وەڵامدەرەوەی مەرجەکانی ئەم سەردەمە بێت و وەکو ڕزگارکارێک کار بکات بۆ ڕێگریکردن لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی گەل لەلایەن سیستەمی سیاسییەوە، و زامنی جێبەجێکردنی هەموو ئەو بەڵێنانە بێت کە دراون.
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دەستپێکردنی ئەم قۆناغە نوێیەی ئاشتی؛ پڕۆسەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و بە دەستپێشخەرییەکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەناو هۆڵی پەرلەمانی تورکیاوە سەریهەڵدا. دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە و دیدار، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ڕێکەوتی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەسپاندنی دیموکراسی بۆ تورکیای کرد.
وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پەیامە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥، پەکەکە دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا. لە درێژەی ئەم نیازپاکییەشدا، لە ١١ی تەمموزی هەمان ساڵدا، گروپێکی ٣٠ کەسی لە گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و دواتر بە ئاگر سوتێنران. پرۆسەکە بەوەشەوە نەوەستا و لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە تورکیا ڕاگەیاند.
سەرەڕای ئەم پێشهاتە ئەرێنییانە، لە نوێترین هەنگاودا کە بووەتە جێگەی مشتومڕ، "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی" لە دوایین کۆبونەوەی خۆیدا ڕاپۆرتی کۆتایی پەسەند کرد. ئەم ڕاپۆرتە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لای کورد دروستکردووە، بەهۆی ئەوەی ڕاپۆرتەکە پرسی کوردی خستووەتە ناو چوارچێوەی "تیرۆر"ەوە. ئەمەش هیوای زۆرینەی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی درێژخایەن لەناوبرد، کە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاساکان و جێبەجێکردنی "مافی هیوا" هەبوو.