رەزا کەعبی: هیچ چەک‌و هاوکارییەکمان نە لەئەمریکا، نە لەوڵاتانی کەنداوو نە لەئیسرائیل وەرنەگرتووە
  2026-05-17       822       
دۆنالد ترەمپ - رەزە کەعبی

رەزا کەعبی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی پاگەندەکانی دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە چەکی داوە بەکورد بیگەیەننە دەست خۆپیشاندەرانی ناڕازی ئێران‌، بەڵام نەیانگەیاندووەو بردویانە بۆ خۆیان، دەڵێت "ئێمە هێزەکانی هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ چەک‌و هاوکارییەکمان نە لەئەمریکا، نە لەوڵاتانی کەنداوو نە لەئیسرائیل وەرنەگرتووە".

 

ئاوینە: رەزا کەعبی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە یەکێکە لەو شەش حزبەی "هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"یان پێکهێناوە، بەتوندی ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە چەک‌و کۆمەکیان لەلایەن ئەمریکاوە وەرگرتبێت، ئەو بەئاوێنەی وت "هیچ هاوکارییەکمان نە لەئەمریکا، نە لەوڵاتانی کەنداوو نە لەئیسرائیل وەرنەگرتووە، ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین هیچ حزبێکی هاوپەیمانی حزبەکانی رۆژهەڵات چەکیان پێنەدراوەو ئەو قسەو هەواڵانە ئەسڵ‌و ئەساسیان نییە، بەئەندازەیەکیش بێ بنەماو بێ بایەخ بوون کە پێویستمان بەوەش نەبوو بەدرۆی بخەینەوە".

کەعبی پێیوایە ورژاندنی ئەم هەواڵانە لەبنەڕەتدا گرنگی‌و قورسایی هێزەکانی رۆژهەڵات‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد پیشان دەدات کە لەئامادەباشیدان بۆ هەر گۆڕانکارییەک، ئەو وتی "ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان نییە لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیل، شەڕ هەبێ‌و شەڕ نەبێ، حزبەکانی رۆژهەڵات کاری خۆیان دەکەن‌و خۆڕاگر بوون، ٤٧ ساڵە بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بووینەتەوە، شەڕ ببێت ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانمان، شەڕ نەبێت ئەرکێکی تر دەکەوێتە سەر شانمان‌و کۆڵ نادەین".

وتیشی "٤٧ ساڵە ئێمە بەتەنها بەرەنگاری جەورو ستەمی کۆماری ئیسلامی بووینەتەوەو نەئەمریکیەکان‌و نەئیسرائیلییەکان‌و نەعەرەبەکان بەهانامانەوە نەهاتوون‌، ئێمە لەسەر پێی خۆمان راوەستاوین‌و پشت ئەستور بووین بەجەماوەری خۆمان‌و درێژەمان بەخەباتی رزگاریخوازی خۆمان‌و شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) داوە".

کەعبی ئاماژە بەوە دەکات کە پێگەی کۆماری ئیسلامی زۆر لاواز بووە، شتێک بەناوی حکومەت‌و دەسەڵات نەماوەو ئەوەی کە ئێستا هەیە دەیان هەزار پاسدارن کە کۆمەلگەیەیان بەبارمتە گرتووە، ئەو وتی "شەڕیش تەواو بێت کێشەی کۆماری ئیسلامی تازە دەستپێدەکات، تازە کۆماری ئیسلامی کۆماری ئیسلامییەکەی دوو مانگ لەمەوبەر نییەو رۆژ بەڕۆژ لەدۆخی روخان‌و هەلوەشاندنەوە نزیکتر دەبێتەوە".

سەبارەت بەوەش کە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کەمپی حزبەکانی رۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان زیاتر بووە لەدوای ئەم لیدوانانەی ترەمپەوە، ئەو وتی "کۆماری ئیسلامی لەوەتەی هەیە هێرش دەکاتە سەرمان‌و تیرۆرمان دەکات، هێرشەکان تازە نین، ئەوەی تازەیە ئەو نیگەرانییە زۆرەیە کە رژێمی ئێران بەرامبەر حزبەکانی رۆژهەڵات هەیەتی بەهۆی جەماوەری بوون‌و متمانەو خۆشەویستی‌و پێگەی بەهێزیانەوە لەناو خەڵکدا، یەکێک لەمەترسییە گەورەکانی کۆماری ئیسلامی لەئێستادا حزبەکانی رۆژهەلاتەو بۆ بیانوو دەگەڕێت تا زیاتر فشاریان بۆ بهێنێت، کە لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی هەر لەبنەڕەتەوە لەدژی کوردستانێکی ئازادەو لەدژی هەرێمی کوردستانیش دەجوڵێتەوە".

وتیشی "ئێمە لەهەڵوێستی حکومەتی هەرێم‌و حزبەکان‌و خەڵکی هەرێمی کوردستان رازین، هەوڵیشمان داوە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان رەچاو بکەین‌ بۆ ئەوەی کێشەو گرفتیان بۆ دروست نەبێت، هەرێمی کوردستانیش بەپشتیوانی سەرەکی خۆمان‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لەپارچەکانی تر دەزانین".

کلیکی ئەم لینکە بکەو لەمبارەیەوە راپۆرتێک بخوێنەرەوە:

https://www.awene.com/detail?article=135082

زۆرترین بینراو
“ئۆجالان هۆشداری داوە و شێوازێکی نوێی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کردووە”
​تۆم باراک لە لێدوانەکەی سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان پەشیمان دەبێتەوە: سیاسەتی ترەمپ نەگۆڕاوە
عەلی زەیدی کاتی راگەیاندنی سەروەریی تەواوەتی دیاری دەکات
قالیباف له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سوپاسالاری پاكستان: گوشاره‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێران نابێت
هێرشی دارایی بێپێشینە بۆ سەر شادەمارەکانی ئابووریی ئێران؛ وردەکاریی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا
فشاری سێقۆڵی لەسەر عێراق بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان
مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*
«کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان بە کارکردنەوە کرد و نرخی بەنزین لە هەرێم دادەبەزێت»
پۆلیسی هەولێر: چەند کەسێک بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی لە گوندی گردەڕەشە دەستگیر کران
حکومەتی عێراق وادەی کاراکردنی پلاتفۆرمی پڕۆژەی «یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوون» و مەرجەکانی ئاشکرا دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×