وەزیری کار رایگەیاند، لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی، کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بەڵام هیچ کێشەیەکی نەبووە.
ئاوێنە: کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی، مێردمنداڵیکی تەمەن ١٧ ساڵان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
وەزیری کار وتیشی "ئەو کوڕە سزادراو نەبووە، بەڵکو راگیراوبووە و تۆمەتی دزی لەسەر بووە. کوڕەکە تاوەکو کاتژمێر 3ـی شەو هیچ کێشەیەکی نەبووە و لە ساڵی ٢٠٢٣ـوە چەند جارێک دەستگیرکراوە".
"کوڕەکە خەڵکی سلێمانییە و ناوی (د. م. ح) و چەند جارێکی دیکە بە ماددەی جیا دەستگیرکراوە و دواتر بە کەفالەت ئازادکراوە. هەر ئەمڕۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکانی سەربە وەزارەتەکەی پێکهێندراوە". کوێستان محەمەد وای وت
ئەوەیش لەکاتێدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٣:٣٠ خولەک مێردمنداڵێک لە گەرماوی چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و هەروەها لەبەرواری ٢٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە ماددەی ٤٤٦ راگیرابوو.