حزبەکانی رۆژهەڵات: ئێمە نەیەک فیشەکو نەتەنانەت یەک سەنتی بێبەهاشمان لەئەمریکاو ئیسرائیل وەرنەگرتووە
ئا: هێڤی ئاوات
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە چەکیان لەئەمریکا وەرگرتبێو رێگەیان بەتێپەربوونی چەکی ئەمریکی دابێت بگات بەدەستی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەڕێگەی خاکی هەرێمەوە، شارەزایەکی کاروباری سەربازیو ئەمنی دەڵێت "رێگە بەتێپەربوونی چەکو بەرهەڵستکاران لەخاکی هەرێمەوە بۆ ناو ئیران نادەین".
فەریقی یەکەم، جەبار یاوەر شارەزای کاروباری سەربازیو ئەمنیو ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە جەغت لەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ڕێگرن لەپەڕینەوەی باری چەک یان هەر جۆرە کەلوپەلێکی دیکەی قاچاخ بۆ ناو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.، ئەو بەئاوینەی وت "ئەم جۆرە کارانە بەر لەهەر شتێک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، هەرێم نایەوێت لە هیچ جۆرە ململانێیەکدا لەگەڵ ئێران تێوەبگلێت، ئەوە کارێکی خۆکوژییە".
وتیشی "تا ئێستا هیچ جموجۆڵێکی نائاسایی یان چوونی هێزی پێشمەرگەی حزبەکانی رۆژهەڵات لەناو خاکی هەرێمەوە بۆ ناو ئێران هەستپێنەکراوە، هەموو رێوشوێنێکیش لەسەر سنوورەکان گیراوەتەبەر لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە بۆ ئەوەی هیچ هەڕەشەو نائارامییەک بۆ سەر ئێران دروست نەبێت".
ئەم هەڵوێستو ڕەتکردنەوەیەی هەرێمی کوردستان کاردانەوەن بەو لێدوانانەی لەچەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسداران ڕایگەیاندبوو هێزەکانیان توانیویانە هەوڵێکی "زەبەلاح" و گەورەی قاچاخی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ ناوخۆی ئێران ئاشکرا و پووچەڵ بکەنەوە.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لایەنی کوردی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە ئەو چەکە ئەمریکییانەیان نەگەیاندووەتە دەست خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێرانو کوردە دەستیان بەسەر چەکەکاندا گرتووە.
لەدوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندییە تەلەفونیەکەی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ سەرکردەکانی کورد، قسەو باس دەربارەی چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ ناو ئێران گەرم بوو، بەڵام بەرپرسانی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات جەغت لەسەر ئەوە دەکەن کە "تا ئێستا هیچ پێشمەرگەیەک لەهەرێمەوە نەچوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانو ئامادەش نین لەم دۆخەدا پێشمەرگەو کادێرەکانینان بنێرنەوەو بەکوشتیان بدەن".
مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماژە بەوە دەکات کە سنوورەکانی نێوان ئێرانو عێراق بە توندی بەسەربازیی کراونو گواستنەوەی چەک بەو شێوەیەی کە ترەمپ باسی دەکات لەرووی پراکتیکییەوە مەحاڵە، ئەو بەئاوێنەی وت
"هەموو ئەو قسەو باسانەی پاگەندەی بێ بنەمان، لەوەتەی هێرشەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، هیچ جۆرە جموجۆڵێکمان روەو رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێنەکردووەو پابەندن بەپاراستنی سەروەرییو یاساکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە خوازیاری روخانی رژێمی کۆماری ئیسلامین، بەڵام لەم هەلومەرجەدا بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت دەکەینو هەرگیز ئامادە نین ریسک بەچارەنوسی گەلی خۆمان بکەینو ژیانی پێشمەرگەو کادێرەکانمان بخەینە مەترسییەوەو بیانێرینەوەو بەکوشتیان بدەین".
وتیشی "بزووتنەوەی ناڕەزایی ئێرانو رۆژهەڵاتی کوردستان بزوتنەوەیەکی مەدەنییە، لەبەرئەوە بەر لەهەر شتێک گەلی ئێران چاوەڕوانی پشتیوانیی سیاسیو دیپلۆماسی لەجیهان دەکەن، نەک چەک."
هەروەها ئەدیب وەتەندۆست، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەتوندی ئەوەی رەتکردەوە کە بچنە پڕۆژەیەکەوە چارەنووسی گەلی کورد ببەستێتەوە بەئەجێنداو سیاسەتەکانی ئەمریکاوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە نەیەک فیشەکو نەتەنانەت یەک سەنتی بێبەهاشمان لەئەمریکاو ئیسرائیل وەرنەگرتووە، ئێمە ئەم پڕۆژانە لەخزمەت پلانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلو ژەهراویکردنی بزووتنەوەی کوردستان دەبینین، کە تێیدا یەکەمین قوربانی هەر هێزە کوردییەکان دەبن."
وتیشی "ئێمە تەنها پشتمان بەو جەماوەرە گەورە ناڕازییە ئەستوورە کە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانو ئێراندانو هەمیشە پشتیان پێدەبەستین".
هێرشی ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە٢٨ی شوباتی رابردوودا دەستیپێکردو ئاگری لەناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست بەردا، هەرچەندە دوای پێنج هەفتە لەدەستپێکردنی هێرشەکان، ئاگربەست لەنێوان ئەمریکاو ئێران راگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
ئاگری شەڕەکە، هەرێمی کوردستانیشی گرتوەتەوەو سەدان درۆنو رۆکێتو هاژەک ئاڕاستەی هەولێرو سلێمانیو هەڵەبجەو دهۆک کراون، ئێران مەترسی راپەڕینی کوردی هەیە لەڕۆژهەڵاتی کوردستانو لەجموجۆڵی حزبەکانی رۆژهەلاتیش بەپشتیوانی ئەمریکا لەسنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەگومانن، بەڵام ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەغت لەوە دەکات کە "بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لەو ململانێیەو ڕێگەش بەگواستنەوەی هیچ جۆرە چەکێکو هیچ جموجۆڵێکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ناو خاکی ئێران نادەین".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات