شارەزایەکی کەشناسی: هەورە بروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ دەستپێدەکاتەوە
  2026-05-20       213       

شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ شەپۆلێکی نوێی تاوەباران و هەورەبرووسکەی بەهێز بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هاوکات کەشناسیش زۆرترین بڕی بارانبارینی تۆمارکراوی ئاشکرا کرد.

​ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، لە نوێترین زانیاریدا ڕایگەیاند: سبەی پێنجشەممە (٢١ی ئایاری ٢٠٢٦)، بەهۆی تێپەڕبوونی بارستەهەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، لە کاتەکانی بەیانییەوە دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. شەپۆلەکە سەرەتا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆکەوە دەست پێدەکات، کە تیایدا ئەگەری بارینی تاوەبارانی بەخوڕ و دروستبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایەدا هەیە.

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کاریگەریی ئەم کەشە ناجێگیرە فراوانتر دەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین. لە هەندێک لەم ناوچانەدا تاوەبارانی مامناوەندی کورتخایەن دەبارێت و هەورەبرووسکە چالاک دەبێت. هاوکات بای باشووری ڕۆژئاوا بە خێرایی (٢٠ بۆ ٤٠) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا هەڵدەکات، بەڵام پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و کەشوهەوایەکی فێنک بەردەوامی دەبێت.

​سەبارەت بە کەشوهەوای دوو سبەی ڕۆژی هەینی (٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦)، ئاراس جەبار ڕوونیکردەوە کە کاریگەریی بارستەهەوا فێنکەکە بەردەوام دەبێت و بەگشتی لە زۆربەی ناوچەکاندا کەشێکی جێگیر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەرێکی لاواز هەیە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، هەورەبرووسکە و تاوەبارانی کورتخایەن لە هەندێک شوێنی سنووری ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک چالاک ببێتەوە و پاشان کۆتایی پێدێت.

​لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، نوێترین ئاماری بڕی بارانبارینی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بڵاوکردەوە.

​بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، زاخۆ زۆرترین ڕێژەی بارانبارینی تێدا تۆمارکراوە کە ١٢.٨ ملیمەتر بووە، دوای ئەویش دەربەندیخان دێت بە ١٢ ملیمەتر، پاشان لە پارێزگای سلێمانی ١٠.١ ملیمەتر باران باریوە. هەروەها بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی دیکە بەم شێوەیە بووە: پیرمام ٧.٩ ملیمەتر، حاجی ئۆمەران ٦.٢ ملیمەتر، سۆران ٦ ملیمەتر، و لە هەریەکە لە چەمچەماڵ و مەیدان ٥ ملیمەتر باران تۆمار کراوە.

زۆرترین بینراو
“ئۆجالان هۆشداری داوە و شێوازێکی نوێی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کردووە”
​تۆم باراک لە لێدوانەکەی سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان پەشیمان دەبێتەوە: سیاسەتی ترەمپ نەگۆڕاوە
عەلی زەیدی کاتی راگەیاندنی سەروەریی تەواوەتی دیاری دەکات
قالیباف له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سوپاسالاری پاكستان: گوشاره‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێران نابێت
هێرشی دارایی بێپێشینە بۆ سەر شادەمارەکانی ئابووریی ئێران؛ وردەکاریی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا
فشاری سێقۆڵی لەسەر عێراق بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان
مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*
«کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان بە کارکردنەوە کرد و نرخی بەنزین لە هەرێم دادەبەزێت»
پۆلیسی هەولێر: چەند کەسێک بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی لە گوندی گردەڕەشە دەستگیر کران
حکومەتی عێراق وادەی کاراکردنی پلاتفۆرمی پڕۆژەی «یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوون» و مەرجەکانی ئاشکرا دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×