ئا: هێڤی ئاوات
کاتێک نایەکسانیو نادادپەروەری تەنگ بەژیانی بەشێک لەهاوڵاتیان هەڵدەچنێت، جەستەی مرۆڤ لەکاڵایەک زیاتر نییە، مرۆڤە نائومێدەکان بڕیار دەدەن بەشێک لەخۆیان بفرۆشن تەنها بۆ ئەوەی بژین، لەو وڵاتانەشدا نەخۆشە دەوڵەمەندەکان هەر پارەیەک دەدەن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنیان، بازرگانیکردن بەئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە بەبێدەنگیو لەژێر ناوی بەخشیندا لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
گورچیلەیەک بەچەند ملیۆن دینارە؟
شاکۆ (ناوێکی خوزراوە)، پیاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵەو دوای ئەوەی وەستانی گورچیلەی بەتەواوی ژیانی دەخاتە مەترسییەوەو تەنگی پێهەڵدەچنێت، هیچ رێگەیەکی لەبەردەمدا نامێنێت ئەوە نەبێت کە لەڕێگەی نێوەندگیرەوە، کەسێکی عەرەب دەدۆزێتەوە گورجیلەیەکی لێبکڕێت، ئەو بەئاوێنەی وت "دۆخی تەندروستیم زۆر خراپ بوو، پزیشکەکان وتیان تەنها چارەسەرت ئەوەیە کەسیک گورجیلەی خۆیت پێبەخشێو ژیانت رزگار بکات لەمردن".
وتیش "دوای گەڕانێکی زۆر، گەنجێکی عەرەبیان بۆ دۆزیمەوەو گورچیلەیەکم لێکڕی بەبڕی ٢٠ ملیۆن دینار، بەڵام لەنەخۆشخانەکەو لەبەردەم لیژنە پزیشکیەکاندا بۆ ئەوەی رووبەڕووی کێشەی یاسایی نەبینەوە، وتی من بەخواستی خۆم گورچیلەمی پێدەبەخشم".
گلێنەی چاوو جگەرو پلازمای خوێنیش بۆ فرۆشتن!
لەکاتێکدا زۆربەمان ئاشناین بەچاندنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لەنەخۆشخانەکانو لیستی چاوەڕوانیو بەخشینی خۆبەخشانە، بەڵام جیهانێکی دیکە هەیە هاوتەریب نەبینراوو نایاساییو بێ بەزەیی.
تەندروستکارێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کرد لەم کوردستانو عێراقو سوریاشدا قومار بەتەندروستی مرۆڤەوە دەکرێت، فێڵ لەیاساکان دەکرێو کەرامەتی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بازرگانیکردن بەئەندامەکانی جەستە یەکێکە لەکارە نایاساییەکان کە زۆرترین قازانجیان هەیە، بۆ ئەو بازرگانو باندانەی ئەنجامی دەدەن، خەڵک هەبووە ٢٥ ملیۆن دیناری داوە بەگورچیلەیەک، بەڵام تەنها ٨ ملیۆنی بۆ کەسە بووە کە گورچیلەکەی فرۆشتووە".
ئاماژە بەوەش دەکات کە بازرگانی کردن بەجەستەی مرۆڤەوە، لەبارزگانی کردن بەماددەی هۆشبەرەوە مەترسیدارترە، ئەو وتی "بەپێچەوانەی مادە هۆشبەرەکان، کە دەتوانرێت دروست بکرێت، مرۆڤ تەنها یەک دڵو دوو گورچیلەو یەک ژیانی هەیە، هەموو شتێک کە لەڕووکەشدا ئامانجێکی مرۆیی هەیە کە ڕزگارکردنی ژیانێکە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی خزمەت بەدەوڵەمەندکردنی ئەو کەسانە دەکات کە بازرگانی بەجەستەی مرۆڤەوە دەکەنو بەخشەرەکە پشکێکی کەمیان وەرگرتووە".
وتیشی "ئەندامانی جەستە لەبازاڕی ڕەشدا نرخیان لەسەر دانەنراوە، بەڵام بەپێی پێویستیو مامەڵەی کڕینو فرۆشتنەکە نرخیان بۆ دیاری دەکرێت، گورچیلە لەڕیزی ئەو ئەندامانەی جەستەیە کە زۆرترین داواکارییان لەسەرە، زۆربەی ئەوانەشی دەیفرۆشن عەرەبی عێراقی یان خەڵکی ئێراننو کەمتر خەلکی هەژاری کوردستانن".
ئەم تەندروستکارە ئەوە رووندەکاتەوە کە زۆرێک لەوانەی گورچیلەیان دەفرۆشن ئاگادارن لەمەترسییەکانی چوونە نەشتەرگەرییەوە، بەڵام بەو هیوایەی کە ئەو پارەیە یارمەتیان دەدات لەدانەوەی قەرزەکانیان، لەدروستکردنی خانوو، یان دابینکردنی خۆراکی منداڵەکانیان، ئامادەن ئەو ریسکە بکەنو هەتا ماون بەکەمئەندامی دەمێننەوە، ئەو وتی "ئەوەی جێی سەرنجە رۆژانە دەبینین هاوڵاتییەکی باشوری عێراق یان خەڵکی ئێرانی هاتووە، گورچیلەیەک یان ئەندامێکی جەستەی دەبەخشێت بەهاوڵاتییەکی ئێرە، تەنها بۆ ئەوەی فرۆشتنەکە پەردەپۆش بکەنو بەشێوەیەکی یاسایی ئیشەکە بکرێت، سوێند دەخوات لەبەردەم لیژنەکاندا کە بەڕەزامەندی خۆی دەیبەخشێت بەنەخۆشەکە".
وتیشی "ئێستا نەک هەر گورچیلە، جگەرو گلێنەی جاوو پلازمای خوێنیش کڕینو فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، نەشتەرگەرییەکان لەنەخۆشخانە ئەهلییەکاندا دەکرێو لەنێوان بەخشەرو وەرگریشدا زیاد لەنێوەندگرێک هەیە. زۆرجار، تۆڕی تەواو هەن، بازرگانان، "دەڵاڵەکان"، کلینیکەکانی نایاسایی، پزیشکی ساختەو بەرتیل بەخش، کە دەتوانن بەڵگەنامەو گواستنەوەو شوێنی مانەوەو هەموو پرۆسەکە ڕێکبخەنو چەندین هەزار دۆلار کۆبکەنەوەو بەخشەرەکەش تەنانەت ئەو بڕە پارەیەش وەرنەگرێت کە بەڵێنی پێدراوە، هیچ شوێنێکیش نییە کە ڕووی تێبکات، کێ هەیە بچێتە لای پۆلیسو دان بەوەدا بنێت کە پارچەیەک لەجەستەی خۆی فرۆشتووە؟".
باس لەوەش دەکات کە کێشەکە لەوەدایە کە پێویستی بەئەندامەکانی جەستە بەردەوام لەزیادبووندایە، ئەو وتی "لەزۆر حاڵەتدا چاوەڕوانی چاندن دەتوانێت چەند مانگێک بخایەنێت، هەندێکجار ساڵانێک تا کەسێکی ئەندامەکانی دەبەخشێت، بەڵام ئەگەر پارەت هەبێت ئەوە ئاسانترە بۆت کە بە شێوەیەکی تایبەت پارە بدەیت، تەنانەت ئەگەر بەنایاساییش بێت ئەوەت دەست دەکەوێت کە دەتەوێت، بۆ خەڵکی داماوو هەژاریش، ئەوە دەرفەتێکە بۆ بەدەستهێنانی بڕە پارەیەک کە خەونی پێوە دەبینن".
فەتوای هەرێم: کڕینو فرۆشتن بەئەندامانی جەستە حەرامە
دکتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە ئایینی ئیسلام ڕێگەی بەپەیڕەوکارانی داوە بڕیار بدەن دوای مردنیان ئەندامانی جەستەیان ببەخشن، بەڵام هۆشداری دەدات کە بازرگانی کردن بەئەندامانی جەستە "حەرامە، ئەو بەئاوینەی وت "ئەوەی لەژیاندا بێت کڕینو فرۆشتن بەئەندامانی جەستەیەوە بکات حەرامەو دروست نییە، چونکە هەر ئەندامێکی جەستە کە خوای گەورە دروستی کردووە مرۆڤ خاوەنی نییە، هیچ ئەندامێکیشی زیاد نین."
وتیشی "ئەگەر هاتوو کەسەکە پێی خۆشبوو ئەندامانی جەستەی لەدوای مردنی ببەخشرێت ئەوە پێویستە وەسیەت بکاتو بەخشینیش بێت نەک بەکڕینو فرۆشتن بە جەستەیەوە، ئەوکات ئاساییەو دروستەو هیچ گرفتێکی نییە، بۆ ئەوەی بتواندرێت بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ کەسانێک کە لەژیاندان بەکاربهێندرێن".
بازرگانیکردن بەجەستەی مرۆڤ سزای لەسەرە
حکومەتەکانی هەرێمی کوردستانو عێراق بەردەوام کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ دەکەن، ئەمە لاکتێکدایە کە زۆربەی چاودێران جەغت لەوە دەکەن کە عێراق بووەتە یەکێکلە ناوەندە هەرە ترسناکەکانی بازرگانی بەمرۆڤ لەناوچەکەدا، بەتایبەت لەو ناوچانەی باشورو ناوەڕاستی عێراقدا کە بەدەست هەژاریو بێکارییەوە دەناڵێننو ئەمەش ژینگەیەکی لەباری بۆ گەشەکردنی ئەم تاوانە رەخساندووە، هەرچەندە سزای قورسی لەسەرە.
بەڵام بەڕای یاساناس، مستەفا محەمەد هێشتا ئەو سزا قورسانەش نەیتوانیوە پاریزگاریكردنێكی بەهێز بۆ بازرگانی نەکردن بەجەستەی مرۆڤ دروستبکات، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر قورسە بتوانین ڕیگری بكەین لەبازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ لەژێر پەردەی بەخشین، لەبەرئوەی یاسای عێڕاقی مەرجی ڕەگەزنامەی دانەناوە كەسانی تر دەتوانن لە دەرەوەی وڵات بێنو لێرە ئەوەی دەیانەوێت دەستیان بكەوێت لەبەرامبەر بڕە پارەیەكدا".
وتیشی "بۆ ڕێگری کردن لەبازرگانیکردن بەئەندامانی جەستەی مرۆڤو سزادانی ئەنجامدەرانی، لەعێراقو ھەرێمی کوردستانیش، یاسایەکی تایبەت ھەیە، کە ئەویش یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٨)ی بەخشینو چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤە. بەپێی مادەی (۱۷)ی یاسای ناوبراو هەركەسێك بازرگانی بكات بەکڕین یان فرۆشتن بەئەندامیێکی جەستەی خۆی یان کەسێکی تر، سزاکەی بریتیە لەبەندكردن بۆ ماوەیەک کە لە (۷) ساڵ زیاتر نەبێت یان غرامەکردن لەنێوان (١٠) تا (٢٠) ملیۆن دینار، سزای تاوانبار قورستر دەبێت ئەگەربێتوو کەسی بەرامبەر بەهۆی ئەم کارەوە بمرێت، سزاكەی بریتی دەبێت لەزیندانی کردن بەماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە(۱٠) ساڵ یان غرامەیەک لەنێوان (٣٠) تا (٥٠) ملیۆن دینار".
لەسەر ئەم پرسە، ئاوێنە چەند جارێک پەیوەندی بەوەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات