ئا: محەمەد هاوژین
وەرگرتنی دوو مووچە لەماوەی ١٠ رۆژدا، بۆ مووچەخۆرانی هەرێم رووداوێکی دڵخۆشکەری بوو کە بەدەگمەن لەماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا بەخۆیانەوە بینیوویانە، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت "فالح ساری، وەزیری نوێی دارایی عێراق پیاوێکی وردو یاساییو زۆر لەتەیف سامی باشترە بۆ هەرێم".
مستەفا محەمەد، مامۆستایەکی خانەنشینی تەمەن ٦٣ ساڵەو لەگەڵ جەند هاوڵاتییەکدا لەبەردەم ئامێری پارە راکێشان وەستاوە بۆ ئەوەی مووجەکەی رابکێشێتو دڵخۆشە کە سبەینێ جەژنی قوربانەو لەماوەی ئەم مانگی ئایارەدا دووم جارە مووچر وەردەگرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "چی لەوە خۆشترە کە لەکاتی خۆیدا مووچەکەت وەربگریتو لانیکەمی پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیانتی پێ دابین بکەیت، دەمێکە شتی وا رووینەداوە، لە لەماوەی دە پانزە رۆژدا دوو مووچە یەک بەدوای یەکدا وەربگرین".
وتیشی "ماڵی فالح ساری وەزیری نوێی دارایی عێراق ئاوا بێت، خۆ بەدەست تەیف سامییەوە تووشی مەراق بووین، خوا لەناو دەمی باو تونی باباو ئاوی ئامون چێ".
کارمەندانی هەرێم ماوەی ١٢ ساڵە بەدەست دواکەوتنی مووچەو لێبڕینی مووچەو فەوتانی مووچەکانیانەوە گیرۆدەن، حکومەتی هەرێمو لایەنە سیاسییەکانو حکومەتی عێراق هەریەکەو بەرپرسیارێتییەکەی لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوەو دەیخەنە ئەستۆی ئەوی تر.
یەکێک لەو کەسانەی کە بە بەد ناوی هێنراوە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عێراق بووە، کە چەندین بڕوبیانووی دەهێنایەوە دەبووە هۆی دواکەوتنی مووچە یان فەوتانی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان.
دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی، دیاریکردنی فالح ساری، وەک وەزیری نوێی دارایی، لەکوردستاندا دوو بۆچوون دروست بووە کە بەشێکیان پێێانوایە سەرەتایەکی نوێو باشە بۆ هەرێمی کوردستانو بەشێکیشیان پێیانوایە دەرهەق بەهەرێمی کوردستان لەتەیف سامی توندڕەوترە.
د.موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات لەو روانگەیەوە کە وەزیری دارایی نوێ لەیەکەم مانگی دەستبەکاربوونیدا ئامادە بووە پێش جەژن مووچە بۆ هەرێم خەرج بکرێ بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێم داهاتی نانەنوتی بنێرێت، سەرەتایەکی زۆر باشەو دەکرێ نیازپاکیو نیەتی خێری لێبخوێنرێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "فالح ساری پیاوێکی وردو یاساییو دڵسۆزو زۆر لەتەیف سامی باشترە بۆ هەرێم".
وتیشی "هەرچەندە هێشتا زووە هەلسەنگاندن بۆ ئەزمونی فالح ساری بکەینو دەبێت ئەزمونی ببینین لەوەزارەتەکەیدا، بەڵام ئەوەندەی دەزانم خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزەو ئەوەندەی ئێمە بینیومانەو دەیناسین لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیاوێکی دڵسۆزو یاساییو پڕۆفیشناڵە لەبوارەکەی خۆیداو پێشتریش لەدیوانی چاودێری دارایی کاریکردووەو خاوەنی ئەزمونێکی داراییو تەکنیکییەو زۆر زیرەکو شارەزاشە".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئەوەش رووندەکاتەوە کە فالح ساری کەسایەتییەکی گیری هەیەو چاوپۆشی لەهیچ نایاساییەک ناکات، ئەو وتی "خالێکی دیەکەی گەشبینی بەرامبەر بەم وەزیرە نوێیەی دارایی عێراق ئەوەیە کە سەر بەڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیمە، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر گرفتێکیش هەبێت لەرێگەی عەمار حەکیمەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، چونکە فالح ساری ئەندامی ئەو حزبەیەو کەسێکی گونجاوو زۆر لە تەیف سامی باشترە".
فالح ساری، کە لەڕۆژی ١٤ ئایاردا بوو بەوەزیری دارایی عێراق، دوای ١١ رۆژ بڕیاری خەرکردنی مووچەی کارمەندانی هەرێمی واژۆ کرد، تەمەنی ٦٢ سالەو خاوەنی بروانامەی بەکالۆریۆسە لەزانستە داراییو بانکییەکاندا، لەساڵی ٢٠١٠وە پەرلەمانتارەو نوێنەرایەتی پارێزگای موسەننای کردووەو لەزۆربەی خولەکاندا لەلیژنەی دارایی پەرلەمان بووەو وەک سەرۆکی لیژنەکە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لەداڕشتنەوەی یاساکانی بودجەی ساڵانەی عێراقو گفتوگۆکردن لەسەر کورتهێنانو داهاتە نەوتییەکان. ساری وەک سەرکردەیەکیش لە چوارچێوەی "ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی"، هەمیشە بەوە ناسراوە کە زمانێکی هێمنی هەیەو لەبری دروشمی سیاسی، پەنا بۆ ژمارەو داتا دەبات.
هوشیار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، کە پێشتر لەگەڵ فالح ساری لەلیژنەی دارایی بوون، ئاماژە بەوە دەکات کە کە لەساڵی ٢٠١٤ەوە فالح ساری دەناسێت، ئەو دەڵێت "فالح کەسێکی لەسەرخۆیە، بەڵام زۆر رژدە لەسەر هەڵوێستو تێگەیشتنەکانی، لەوانەیە کە ڕای خۆی بەئاسانی ناگۆڕێت، بەڵام حزبییەکی تەواو پابەندەو لە قسەی سەید عەممار دەرنەدەچوو. ئەو لە نێو شیعەدا بەدەستپاکیو پاکی ناسراوە، خاکیانە دەژیو هیچ مەلەفو قسەیەکی گەندەڵی لەسەر نییە".
دەشڵێت "بەدرێژایی ماوەی مامەڵەم لەگەڵیدا قەت هەستم نەکردووە یان لێی دەرنەکەوتووە بەرامبەر کورد شۆڤێنی بێت یان قسەیەک دژی کورد وەک نەتەوە بکات، بەڵام بەڕوونی زۆر دژی سیاسەتی داراییو نەوتی هەرێمی کوردستان بووەو نەیشاردۆتەوە. دەگوترێت لەتەیف توندترە، هیچ کات بەراوردی نێوان ئەو دوانە دروست نییە چونکە تەیف هەم توند بوو هەم نالۆژیکیو لاواز لەبەردەم هێزەکانی شیعەدا، فالح لۆژیکیترەو لاوازیش نییە بەرامبەر ئەوانیتر، تەیف مەرجەعی ڕوونی نەبوو جگە لەسودانی، بەڵام فالح هەیەتیو سەرکردەیەکی سیاسیو حزبییەکی پابەندە".
بەڵام وێرای ئەوەش بەشێک لەپەرلەمانتارانی کورد لەپەرلەمانی عێراق پێشبینی ئەوە ناکەن وەزیری نوێی دارایی عێراق مایەی گەشبینی دڵخۆشی بێت بۆ کورد بەسەرنجدان لەهەڵوێستەکانی لەساڵانی رابردوودا.
سۆران عومەر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق بەئاوێنەی وت "فالح ساری، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە، لەخولی پێنجەمی پەرلەمان لەلیژنەی داراییو لەکۆبونەوەکانی پەرلەمان هەر بابەتێک پەیوەندی بەهەرێمی کوردستانەوە هەبووبێت دژی بووە".
سۆران بە"پارێزگا بوونی هەڵەبجە" بەنمونە دەهێنێتەوە کە فالح دەنگی دژ بەبڕیاری بەپارێزگاربوونە داوە، ئەو وتی "ئێستا کە فالح ساری، دەبێتە وەزیری دارایی نوێی عیراق، ئاماژەیەکی زۆر خراپە بۆ مووچەی خەڵکی کوردستان، تەنها ئەوەی ئیجابیە سەر بە ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیمە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات