بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ئاشکرای دەکات کە كۆمپانیای كارو لاناز مانگانە ٨٠ ملیۆن دۆلاریان لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەستدەكەوێت و ئەوەش ١٠ هێندەی بریکارەکەی وەزیری نەوتی عێراقە.
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە پێگەی خۆی لەژێر ناوی "فەرموون ئەمە (١٠) هێندەی بریکارەکەی وەزیری نەوتی عێراقە.." بڵاویکردووەتەوە، "کارو لاناز! مانگی (٨٠ ملیۆن) دۆلار .. بەنزین و گاز یان بۆ تورکیا یان لتری بەنزین (١٠٧٥) دینار!! ".
نوسیویشیەتی "لە نەوتی ئەم هەرێمە هەموو ڕۆژێک پاڵاوگەی لاناز (٤٠ هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، گازوایل و بەنزین دەباتە تورکیا و بە تانکەری تورکی و مانگانە نزیکەی (٦٠ ملیۆن) دۆلار قازانج!".
وەک ناوبراو دەڵێت "ئەوی دیکە کار دەیپاڵێوێت، بەشێکی دەدرێت بە (٧٥٠) دینار… ئێستا بەنزینی بازرگانیشی گرانکردوە لیترێک بوە بە (١٠٧٥) دینار… ".
بڕیاردەری هەڵوێست دەڵێت کوا پارەکە؟ و وتوشیەتی "ئەی دەکرێ بەعێراق بڵێی؛ مانگی (٥٠) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوتنی ناوخۆیە و دەعمی بازاڕی ناوخۆ دەکەم! کەچی بیکەیتە بازرگانی و بە تانکەری تورکی ئاودیوی ئێرانی بکەیت!".
بڕیاردەرەکەی هەڵوێست ئەوەشی خستووەتە روو، کە مانگانە ئەو دوو کۆمپانیایە نزیکەی (٨٠ ملیۆن) دۆلار.. کە دەکاتە (١٢٠) ملیار دینار بۆ دوو پاڵاوگە… کە دیارە هی کێن!! دەستدەکەوێت و هەشت مانگە (١٢) ملیۆن بەرمیل وەرگیراوە".