هاوپه‌یمانی 19: كاتێك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، راستی گیانله‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌كه‌ی پارتی به‌ته‌مومژوای ده‌مێنێته‌وه‌
  2026-06-08       197       

تۆڕی هاوپەیمانی 19، له‌باره‌ی كه‌یسی گیانله‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌كه‌ی پارتییه‌وه‌ رایدەگەیەنێت، كاتێك هیچ گەرەنتییەك بۆ شەفافیەت و لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەن ئامادەبونی نەبێت، تۆمەتبار پارێزەری نەبێت و نەهێڵن كەسوكاری راستەوخۆ بیبینن و نەزانن لە كام گرتوخانەیە، راستی روداوی گیانلەدەستدانی "ئاسۆ مەجید قادر" بە تەمومژاوی دەمێنێتەوە.

ئاوێنه‌: تۆڕی هاوپەیمانی 19، شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، تۆمەتبار ئاسۆ مه‌جید قادر، پیشەی پێشمەرگە بو لە یەكەی پاسەوانی سەر بە هێزەكانی زێرەڤانی. بە پێی ماددەی یەكەم لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003،  لە 2ی نیسانی 2026، پۆلیسی هەولێر  دەستگیریان كردو لە روداوێكی تەمومژاویدا لە 5ی حوزەیرانی 2026،  پۆلیس رایگەیاند"لەناو گرتوخانەدا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"، بەبێ ئەوەی ناو و شوێنی گرتوخانەکە ئاشكرا بكەن.

وه‌ك تۆڕه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003، پەیوەندی بە "زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان"ەوە هەیە.

تۆڕی هاوپه‌یمانی 19 وتوشیه‌تی، هەروەها، دەڵێن، "تیمی نەهێشتنی بەڵگە و تاوان و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و ڕاپۆڕتی پزیشكی دادوەری  پشتڕاستی دەكەنەوە کە بە پشت بەستن بە بەڵگەی سەلمێندراو، ناوبراو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە."

وتوشیه‌تی، بەڵام، کەسوکارەکەی چیرۆكێكی تر دەگێڕنەوە. ئەوان بە میدیاكانیان راگەیاندوە كە گومانیان بۆ دروستبوەو بڕوایان بە راپۆرتی پزیشكی دادوەری هەولێر نییە، هەر لەبەرئەمە تەرمەکەیان بردە پزیشكی دادی سلێمانی تا سەرلەنوێ توێكاری بۆ بكرێت و ئەوانیش رەزامەندییان نیشانداوە کە دوبارە تەرمەكەی توێكاری بۆ بكرێتەوە. تا ئێستا ئەنجامی ئەو توێكارییە ڕانەگەیەندراوەو تەرمەكەش بە خاك سپێردرا.

تۆڕی هاوپه‌یمانی 19 هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، دوابەدوای ئەو ڕوداوە دڵتەزێنە، دەپرسین ئایا هاوڵاتییەك کە پیشەی (پێشمەرگە)یە و تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە زیانگەیاندن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادارکراوەتەوە؟  بۆ هیچ روونكردنەوەیەكی نییە؟ ئایا ئاگادارن كە پێشمەرگەیەكیان بەم تۆمەتە لە گرتوخانەی پۆلیسە؟ بۆچی خێزانەكەی لەماوەی دو مانگدا نەیانتوانیوە سەردانی بكەن؟ بۆچی پارێزەری بۆ دابین نەكراوە؟ بۆ شوێنی گرتنەكەی بەنهێنی ماوەتەوە؟ ئایا گرتوخانەی نهێنی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە؟ 

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، كاتێك هیچ گەرەنتییەك بۆ شەفافیەت و لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەن ئامادەبوونی نەبێت، تۆمەتبار پارێزەری نەبێت و نەهێڵن كەسوكاری راستەوخۆ بیبینن و نەزانن لە كام گرتوخانەیەیە، راستی روداوی گیانلەدەستدانی (ئاسۆ مەجید قادر) بە تەمومژاوی دەمێنێتەوە و دەرئەنجامە دژبەیەكەكانی ڕاپۆڕتی پزیشكی دادوەری و خانەوادەكەی  گومانی زیاتر دەخەنە سەر راستی روداوەكە.

زۆرترین بینراو
“ئۆجالان هۆشداری داوە و شێوازێکی نوێی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کردووە”
​تۆم باراک لە لێدوانەکەی سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان پەشیمان دەبێتەوە: سیاسەتی ترەمپ نەگۆڕاوە
عەلی زەیدی کاتی راگەیاندنی سەروەریی تەواوەتی دیاری دەکات
هێرشی دارایی بێپێشینە بۆ سەر شادەمارەکانی ئابووریی ئێران؛ وردەکاریی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا
فشاری سێقۆڵی لەسەر عێراق بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان
«کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان بە کارکردنەوە کرد و نرخی بەنزین لە هەرێم دادەبەزێت»
مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*
پۆلیسی هەولێر: چەند کەسێک بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی لە گوندی گردەڕەشە دەستگیر کران
قالیباف له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سوپاسالاری پاكستان: گوشاره‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێران نابێت
حکومەتی عێراق وادەی کاراکردنی پلاتفۆرمی پڕۆژەی «یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوون» و مەرجەکانی ئاشکرا دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×