مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، نیگەرانی و غەمباریی قووڵی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەک بە ناوی (حاجی ئاسۆ) دەربڕی، کە لەناو زیندانێکی شاری هەولێردا گیانی لەدەستداوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو حزبە ڕووداوەکە بە "تەمومژاوی" ناو دەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە ناوبراو بە ناحەق گیانی لەدەستداوە.
ئاوێنە: لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خێزان و بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە فەرمی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە شێوەیەکی جدی بێنە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفاف لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە ئەنجام بدەن. لەم ڕووەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە ژیان و پێگەی پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترە کە لەژێر ناو و بیانووی جیاجیاوە تۆمەتیان بۆ دروست بکرێت و بکرێنە ئامانج.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە کراوە و وەک "ڕەمزی فیداکاری و مانەوەی گەل" وەسف کراون، کە شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەن نەک خستنە زیندان و گیانلەدەستدان لە دۆخێکی نادیاردا. لەگەڵ ئەوەشدا، هیوای بەهەشتی بەرین بۆ گیانلەدەستدراو و ئارامی بۆ کەسوکاری خواستراوە.