ئا: ئاوێنە
کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ٦ی حوزەیران، بەدەستپێشخەری هاوڕێیەکی نزیکی، یادێکی پڕ شکۆ بۆ شانۆکاری گەورەی کورد "سمکۆ ناکام" لەماڵی کەلەپوری ئەحەی کوڕنوو ،بەئامادە بوونی دیارترین نوسەرانو هونەرمەندانی کوردستان کرایەوە، رێکخەری یادەکە دەڵێت "ئەوە کاری وەزارەتی رۆشنبیریو یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بوو کە یادی ئەم شانۆکارە گەورەیە بەرز رابگرن، بەداخەوە کە لەبەرامبەر ئەم هونەرمەندە مەزنەدا ئەوەندە کەمتەرخەم بوون".
یادی "سمکۆ ناکام" چەندین چالاکی جیاوازی لەخۆگرتبوو، وەک خوێندنەوەی وتاری تیپی پێشڕەوی کوردی، لەلایەن "ئازاد بەرزنجی"و پێشکەشکردنی پارچە موزیکێک، پیشاندانی فیلێمیکی دیکۆمێنتاری سەبارەت بەژیاننامەی سمکۆ ناکام، کە نزیکترین هاورێکانی بیرەوەرییەکانیان لەگەڵ کۆچکردوودا دەگێڕایەوە، لەکۆتایشدا وتاری کورت بنەماڵەکەی خوێندرایەوە.
دلاوەر عەلی سۆفی کەریم، کە ماوەی پەنجا رۆژە بەئامادەکردنی ئەم یادەوە سەرقاڵە، ئاماژە بەوە دەکات کە خۆیو دوو هونەرمەندی ئەندامی تیپی پێشڕەوی کوردی "جەبار مەعروف"و "ئەحمەد مەحمود" بەئامادەکردنی ئەم یادە پڕ شکۆیەوە زۆر ماندوو بوون، بەڵام هەستی ماندووێتیان بەئامادەبوونی ئەو هەموو نوسەرو هونەرمەندە ناودارانە لەو ئێوارەیەدا رەوایەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەداخەوە ئێمە ئەوەی لەدەستمان هات درێغیمان نەکرد بۆ یادکردنەوەی سمکۆ ناکام، بەڵام سمکۆ زۆر لەوە گەورەتر بوو کە بەدەستپێشخەری تاکەکەسی ئێمە یادی بکرێتەوە، دەبوو وەزارەتی رۆشنبیریو یەکیتی هونەرمەندانی کوردستان بایەخێکی زۆر گەورەتریان بەسمکۆ ناکام بدایە، کە لەشانۆی کوردیدا ئەفسانەیەکەو دووبارە نابێتەوە، سمکۆ ناکام جوانترین دەقەکانی شانۆی کوردی بەرهەم هێناوەو لەیادەوەری کورددا بۆ هەمیشە بەزیندویەتی دەمێننەوە".
وتیشی "چ جوانییو داهێنانێک هەیە بگات بەجوانییو داهێنانی شانۆگەرییەکانی لانەوازان، خولە چەخماخە، رەجەبو پیاوخۆران، بەیتی رێزانکێ، گوڵ عومەر، گوڵە مێخەک، ئەشرەفی شەریف؟ ئایا داهێنەری ئەم شاکارە ناوازانەی هونەری کوردی شایستەی ئەوە نەبوو کە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمو یەکیتی هونەرمەندانی کوردستان لەماوەی ٥٠ رۆژدا، بۆنەیەک رێکبخەن بۆ رێزلێنانو یادکردنەوەی سمکۆ ناکام؟ بەڕاستی جێی داخە، مەرگی سمکۆ ناکام دەکرێت بەخەمناکترینو رەشترین رۆژی شانۆی کوردی دابنرێت، چونکە ئەو جێپەنجەیەکی قوڵی لەسەر هونەری کوردی بەجێهێشتو دەیان ساڵە شاکارەکانی بەپێشەنگی ماونەتەوە، بەڵام وەک گۆرانی مەزن دەڵێت: بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار، وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا".