2026-06-13   233     
ئاوێنە: کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، ھێرشی سەر کۆمپانیاکانی نەوت زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان و ژێرخانی وزە گەیاندووە و بووەتە ھۆی راگرتنی بەرھەمھێنانی نەوت. لەبارەی کابینەی دەیەمیشەوە دەڵێت "بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی دەستپێشخەریەکەی بارزانی لیژنەیەک دەستی بە سەردان و پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە".
دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی:
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بەسەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام داوە؛ تێیدا وێڕای تاوتێکردنی دەرھاویشتە زیانبەخشەکانی شەڕی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئێران لەسەر ھەرێم و ژێرخانی وزە، جەختی لە پشتیوانیکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق عەلی زەیدی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مووچە کردەوە، ھاوکات بەردەوامیی ھەوڵەکانی لیژنەی مەکتەبی سیاسیی بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەکەی بارزانی و کۆتاییھێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی ھەرێم دووپات کردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە:
تەوەری یەکەم/ بارودۆخی گشتی؛ لەم تەوەرەدا تیشکخرایە سەر شەڕی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد و کاریگەری و دەرھاویشتەکانی ئەو شەڕە لەسەر عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، کە لە چەندین بواردا زیانی بە عێراق و کوردستان گەیاندووە، وێڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش کە شەڕ ڕاگیراوە، ھێرشی ھاژەک و دڕۆنی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە و زیانێکی زۆری ھەبووە و دەیان بریندار و شەھید بە ناحەق لە ئاکامی ئەو ھێرشانە بوونەتە قوربانی، ئەوە جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆری ھەبووە و جوڵەی بازرگانیان سست کردووە، ھەروەھا ھێرشی سەر کۆمپانیاکانی نەوت زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان و ژێرخانی وزە گەیاندووە و بۆتە ھۆی ڕاگرتنی بەرھەمھێنانی نەوت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ ھەرێم بەڵکو بۆ عێراقیش زیانێکی گەورەیە.
ئەم دەرھاویشتانە و بەردەوامی ھێرشەکان بوونەتە ھۆی دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕمان وایە کە چارەسەری کێشەکان لە رێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە قازانجی ھەموو لایەکە و ناوچەکە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە چیتر زەیانمەند نابن.
تەوەری دووەم/ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ؛ سەرەڕای بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکان، بەڵام بەردەوام ھەوڵمانداوە ھەر کێشە و گرفتێک ھەبێت لە سێبەری دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا چارەسەر بکرێت، ھەرچەندە کێشەکان کەڵەکەکراون و کەمتر ھەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە، بەڵام پارتیمان ڕێگای بەردەوامی لە گفتوگۆ و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گرتۆتەبەر، بە تایبەتی لە بواری بودجە و شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دراوە بە سەردانیکردن و ڕەوانەکردنی شاند بۆ بەغدا بە ئامانجی چارەسەری و لادانی کۆسپ و ئاستەنگەکان.
بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی زەیدی پشتیوانیمان ھەبووە و بەردەوامیش دەبین لە ھاوکاری و پشتیوانیکردن بەو ھیوایەی ھەروەکو رێککەوتنیش لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کراوە، چیتر چارەسەری کێشەکان فەرامۆش نەکرێن و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچە خۆران لەکاتی خۆیدا رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
تەوەری سێیەم/ دەستپێشخەریەکەی بارزانی لە جەژنی قورباندا؛ ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوونی کوردستانە لەم بارودۆخە ھەستیار و ناسکەی کە ھەموو ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت، ھەروەھا ئەو ھەموو ڕووداو و گۆڕانکاریانەی ڕودەدەن کە بەشێکیان ئاڵنگاری و مەترسی لەگەڵ خۆیان دەھێنن. کۆبوونەوە ئەم دەستپێشخەریەی بەرزنرخاند، کە کێشەکانی لە ڕاگەیاندن و شەقامەوە گواستەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی دەستپێشخەریەکە لیژنەیەک لە ئاستی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیمان دەستی بە سەردان و پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشەکان و ڕزگارکردنی پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەو چەقبەستنەی تێیکەوتووە، تاوەکو ئێستاش ئەم دەستپشخەریە و ھەوڵەکان بەردەوامن بەو ھیوایەی ھەموولایەک بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری بارودۆخەکە و گرنگی ڕووداوەکان، بەرپرسیارانە بەرەو چارەسەری ھەنگاو بنێن.
تەوەری چوارەم/ کۆبوونەوە لە ڕوانگەی ھەست بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و باوەڕی تەواو بە یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان لە کۆماری عێراقی فیدراڵدا، پشتگیری لە ھەنگاوەکانی بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھەروەھا پشتیوانی ھەنگاو و ھەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە ھەموو ڕوێکەوە بەتایبەتی لە بابەتی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەکات، کۆبوونەوە بەباشی زانی بەردەوامی بەم ھەوڵ و ھەنگاوانە بدەن.
تەوەری پێنجەم/ لەم تەوەرەدا گفتوگۆی پێوست لەبارەی ڕێکخستنەکان و ئەرکی ئۆرگانەکانی پارتی کرا، بۆ ئەم مەبەستە پێشتر لیژنەیەک پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆ، ھەروھا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای کوردستان دیراسەیەکی ھەمەلایەنەی ئەنجامداوە. ئەم دیراسە و، ئەنجام و پێنشنیار و ڕاسپاردەکانی دەبنە نەخشەڕێگای ھەنگاوەکانی داھاتوو و ئەوەی پێویستە ئەنجام دەدرێت.