پەڕتووکێکی زانستی نوێ :کەڤرە نیشتەنییەکان
  2026-06-13       514       

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سەرەتا:

خۆشحاڵ و سوپاسگوزاری خوای گەورەم، کە دوازدەهەمین پەڕتووک دەخەمە بەردەست خوێنەری کورد. بەڕاستی شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت و بتوانێت خزمەتێکی بچووک بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد بگەیەنێت. ئەوەی هانم دەدات لەنووسین بەردەوامبم تەنیا لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردە لە هەرکوێیەکی ئەم جیهانەدابن.

تەواوبوونی نووسینی پەڕتووکێک، کە دەمێک بوو هەوڵم دەدا ئەنجامی بدەم، لەلایەک خۆشحاڵییە بۆ خۆم و لەلایەکی تریش هیوادارم بەسوود بێت بۆ میللەتی کورد و بەتایبەتی بۆ خوێندکاران و  زەویناسان و کەلێنێک لە کتێبخانەی هەژاری وڵات پڕ بکاتەوە.

 

بۆچی کەڤرە نیشتەنییەکان؟

ئەم پەڕتووکە تایبەتە بە جۆرێک لە کەڤرەکان، ئەویش کەڤرە نیشتەنییەکانە. زیاتر لە سی و دوو ساڵە گشت توێژینەوە و نووسینەکانم لەم پسپۆڕییەدا دەسووڕێتەوە و خۆم لە پسپۆڕییەکانی تر نەداوە. بێگومان کەڤرە نیشتەنییەکان (Sedimentary Rocks) بە هەردوو جۆرە سەرەکییەکەیەوە؛  وردبوو و کیمیاییەکان، لە ڕووی پێکهاتەو جۆر و بنەچە و بارودۆخی جیۆکیمیاییان و ماددەی ئەندامیی نێو ئەم کەڤرانە بێت، یان بەردیوەکانی نێویان، یان وردەکاریی توانای بەرهەمهێنانی پێترۆل بێت، ئەوە سەرەڕای گرنگیی ئابووری ئەم کەڤرانە، لەم پەڕتووکەدا بەدرێژی باسکراون و هەوڵدراوە دەیان نموونەی کوردستان بخرێتە ڕوو و لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. ئەم بابەتانە بۆ من تا ئەم ساتەش جێگەی شادمانیمە و زۆر بەچێژن و تا تەمەنیش ڕێبدات و پشت بەخوا هەر لەم چوارچێوەیەدا کار دەکەم.

تا ئاستێک ئەم پەڕتووکە لە پەڕتووکەکانی ترم جیاوازە، ئەویش بەهۆی ئەوەی، کە بۆ خوێندکارانی بەشەکانی زەویناسی و هاوشێوەکانیان و زەویناسان و بەتایبەتی پسپۆڕانی بواری نیشتەنیی و کەڤرە نیشتەنییەکان نووسراوە. بەدڵنیاییەوە کاتێک بەرهەمێک بۆ دەستەیەکی دیاریکراو دەنووسرێت پێویستی بە هەوڵدان و لێوردبوونەوەی زۆر زیاتر و قووڵبوونەوە لە بابەتەکاندا هەیە، تا لەئاست چاوەڕوانی ئەو خوێنەرانەدا بێت. هەرچەندە دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین لەهەوڵێکی ئاوادا و لە سایەی نەبوونی نووسراوی پێشووتر بەزمانی کوردی، کارێکی بێ کەموکورتی نابێت، ئەمەش بەبڕوای من ئاساییە. هەر بەهۆکاری ئەوەی کە پەڕتووکەکە بۆ زەویناسانە، واتە ئەم خوێنەرانە پاشخانێکیان هەیە و زانیارییان سەبارەت بەهێڵە سەرەکییەکانی پەڕتووکەکە هەیە، بۆیە زۆر زاراوەم لە ئێستادا وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەک هەندێک لە نووسینی ئینگلیزی هێڵکارییەکانیشم وەک خۆی هێشتۆتەوە (بێگومان بەئاماژە بۆکردن بۆ سەرچاوە بنەڕەتییەکە، کە لە ناونیشانی شێوەکەدا نووسراوە). ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا لەئێستادا لەلایەک بەوبابەتەوە زۆر سەرقاڵ نەبم و لەلایەکی تریش بیروڕای خوێنەران وەربگرم و بزانم ئەوانیش لە دانان و داتاشینی زاراوەی کوردی پڕ بەپێستی زاراوە بیانییەکان یارمەتیدەربن، کە پێشەکی سوپاسیان دەکەم.

نووسینی پەڕتووک سەبارەت بە کەڤرە نیشتەنییەکان بە زمانە بیانییەکان زۆرن و بە بەردەوامیش چاپ و بڵاودەبنەوە، هەرچەندە چەند دانەیەک هەن، کە لەم بوارەدا لە لوتکەدان و هەمیشە پسپۆڕانی ئەم بوارە بۆیان دەگەڕێنەوە، بێگومان لە لیستی سەرچاوەکاندا ئاماژەم بەزۆریان داوە و سوودم لێوەرگرتوون. ئەوەی گرنگە لەم جۆرە پەڕتووکانەدا، ئەوەیە کە پێویستە نووسەر پسپۆڕ و شارەزای بابەتەکە بێت و ماوەیەکی زۆر بێت کار لەو بوارەدا بکات، چونکە هەر ئەمەشە دەبێتە کۆکردنەوە و کەڵەکەبوونی شارەزایی، کە پاشان دەتوانێت بەکاریان بهێنێت و بیانخاتە خزمەت خوێنەرانەوە، کە هیوادارم ئەمەم ئەنجامدابێت.

 

گرنگی پەڕتووکەکە:

لەو بڕوایەدام ئەم پەڕتووکە بۆ خوێندکارانی کوردزمان لە ئاستەکانی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای بەشەکانی زەویناسی و هاوشێوەکانیان زۆر بەسوود دەبێت و تێگەیشتنیان بۆ بابەتەکە ئاسانتر دەکات، لەڕێگەی: یەکەم ئەوەیە کە بابەتەکە بەزمانی دایکە و ئاسان دەچێتە مێشکییەوە و دووەم هەوڵدراوە لەکاتی باسکردنی زانیارییە بنچینەییەکاندا وێنەو زانیاری نموونەی وڵاتی کوردستان (بەتایبەتی باشووری کوردستان) باس بکرێت و ئاماژەی پێبدرێت، و سێیەمیش بەدەیان سەرچاوەی نوێی بڵاوبووەوە لە گۆڤارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییە باوەڕپێکراوەکان و خاوەن فاکتەری کاریگەریی (Impact factor)دا بەکارهاتوون و سوودیان لێوەرگیراوە، ئیتر بۆ دێڕێک بێت، یان وێنەیەک، یان هێڵکارییەک، یان لێکدانەوە و پشتگیریی بابەتێکی زانستی ورد بێت. بەدڵنیاییەوە لەو توێژینەوانەی بەکارهاتوون دەیان توێژینەوەی نووسەر وهاوکارەکانی ئاماژەیان پێدراوە و سوودیان لێوەرگیراوە. لەم پەڕتووکەدا بۆ ناونیشانی گشت شێوە و وێنەو هێڵکارییەکان وشەی "شێوە، Figure" بەکارهاتووە، ئەویش لەبەرئەوەی ناکرێت هەرجارەی یەکێکیان بەکاربێت، کە دەبێتە هۆکاری سەرلێتێکدانی خوێنەر.

 

چاپکردنی پەڕتووکەکە:

پاش ئەوەی پەڕتووکەکە تەواوبوو، کۆپی ئێلیکترۆنی و چەند دانەیەکی پێشکەش بە لیژنەی پشتگیری توێژینەوە و دانان و وەرگێڕانی کتێب لە زانکۆی سلێمانی کرا. ئەم لیژنەیەش پاش سەرنج و تێبینی هونەری خۆیان، کەتایبەتە بە ڕێکارەکانی نووسین و چاپکردنی کتێب لە زانکۆ، پەڕتووکەکە نێردرا بۆ دوو پڕۆفیسۆری زەویناسی تا هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ ئەنجام بدەن. کاتێک وەڵامی ئەم دوو بەڕێزە هاتەوە، نووسەر کاری ڕاستکردنەوە و وەڵامدانەوەی پێشنیارەکانی ئەودوو بەڕێزەی دایەوە. پاشان پەڕتووکەکە نێردرا بۆ هەڵسەنگێنەری زمانەوانی تا پێداچوونەوە بە نووسینەکەدا بکرێت و ڕاستکردنەوە بۆ هەر هەڵەیەکی زمانەوانی ئەگەر هەبێت ئەنجامبدات. لەدوای ئەم چاککردنانەوە، کۆپی پاک و دروستی پەڕتووکەکە پێشکەش بەلیژنەی ناوبراو کرا و ئەوانیش پاش وەرگرتنی چەند دەرخستەیەکی چاپخانەکان دایان بەوەی، کە کەمترین تێچووی پێشکەشکردبوو، هەڵبەت بە گوێرەی ڕێنماییەکانی زانکۆوە. خۆشحاڵانە، پەڕتووکەکە چاپکراو ئێستە لەبەردەستی خوێنەرانی کوردزماندایە.

بێگومان من چەند دڵخۆشم بەم بەرهەمە زانستییە، هێندەش سوپاسگوزارم بۆ گشت ئەو کەسانەی کە یارمەتیان داوم و پشتگیریان لێکردوم، هەر لەهاوژینی خۆشەویستم د.تۆڵە ئەحمەد میرزاوە، کە ڕێزی زۆرم بۆی هەیە و هیوادارم هەمیشە تەندروست و سەلامەت بێت، تا دەگاتە هەرکەسێک ئەگەر بە یەک وشەش بووبێت هاوکارم بووە. هاوڕێیانم لە زەویناسان و بەتایبەتی شارەزایانی بواری کەڤرە نیشتەنییەکان زۆر جێگەی سوپاس و پێزانینن، چونکە لە هەموو ڕوویەکەوە یارمەتیدەر بوون و کەمتەرخەم نەبوون، ئیتر لە پێدانی وێنە و نموونەوە بووبێت، یان بە وشەیەک، یان هاوکارییەکی هونەریی بووبێت، خوای گەورە بیانپارێزێت و هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتووبن. بەدڵنیاییەوە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و ڕاگرایەتی کۆلێجی زانست و سەرۆکایەتی بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت، هاندانی بەردەوامیان هەبووە و هەموو کات ورەیان پێداوم، کە زۆر بەگەرمی سوپاسیان دەکەم.

کارێکی زانستی ئاوا بەبێ پشتگیری و بەدواداچوون و ماندووبوونی لیژنەی پشتگیری پاداشتی توێژینەوە و دانان و وەرگێڕانی کتێب لە زانکۆی سلێمانی (بەتایبەتی بەڕێزان  پ. د. تریفە عومەر و پ.ی. د.هەرێم عوسمان مەعروف) هەرگیز ڕۆشنایی نەدەدی، بۆیە هاوڕێیان هەربمێنن و سەربەرز و سەلامەتبن.

هاوڕێیانی زەویناسی کوردستان تکاتان لێدەکەم بەچاوی ڕەخنەوە پەڕتووکەکە بخوێننەوە و ‌هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، لەپێناو ئەوەی بنچینەیەکی بەهێز دابنێین و لە داهاتوودا بتوانین بەزمانی کوردی، کە زمانێکی زیندووی سەر ئەم زەوییەیە کاری باشتر و زانستی تر ئەنجام بدەین و بیر بکەینەوە و داهێنان ئەنجامبدەین. هەروەک خۆتان دەبینن، پاش خوێندنەوەی پەڕتووکەکە،  پێشنیار بۆ نووسینی سێ پەڕتووکی ترم ئاماژە پێداوە، دەفەرموون با کاری لەسەر بکەین و ئەنجامی بدەین.

 

پەڕتووکی کەڤرە نیشتەنییەکان بەژمارە:

پەڕتووکەکە لە ٣٨٢ لاپەرەی نووسین پێکهاتووە، بێجگە لە پێشەکی و ناوەرۆک و پێشکەشکردن و کورتەی ژیانی نووسەر.  قەبارەی لاپەڕەکان بریتییە لە  ١٧ سم بە ٢٣ سم و  بەرگی ڕەقە.
-زیاد لە ١٠٠ سەرچاوە بەکارهاتووە، کە نزیکەی ٣٠ دانەیان پەڕتووک و توێژینەوەی نووسەر خۆیەتی.

 

-پەڕتووکەکە لە ١٠  بەش پێکهاتووە.
-لەپەڕتووکەکەدا ٢١٦ وێنە و شێوە و هێڵکاری بەکارهاتوون، کە ١٥١ دانە تایبەت بە نووسەرە و ٦٥ دانەشیان لەسەرچاوەی جیاوازەوە  وەرگیراون.

-١٦ خشتە لە پەڕتووکەکەدا بەردەستن.
ژمارەی تۆماری نێودەوڵەتی پەڕتووکی بۆ وەرگیراوە کە بریتییە لە  : ISBN: 9789922293943

وێنەی بەرگی پێشەوەی پەڕتووکەکە بریتییە لە  ئەشکەوتی هەزارمێرد لە شاخی  بەرانان نزیک شاری  سلێمانی، کوردستان. ئەشکەوتەکە دەکەوێتە ناو چینە کلسییەکانی پێکهاتووی سنجار ( سەردەمی پالیۆسین- ئیۆسین).  ئەم چینانە ماددەی سەرەکی دروستکردنی  چیمەنتۆن لە ناوچەکەدا.

 

دەستکەوتنی پەڕتووکەکە:

لەئێستادا پەڕتووکەکە لە خانەی پەڕتووک لە نێو باڵەخانەی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سلێمانی بەردەستە و خوێنەر دەتوانێت بەنرخێکی گونجاو بیکڕێت. سەرەڕای ئەوەی، کە لەکتێبخانەی کۆلێجی زانستیش بڕێکی زۆر هەیە و خوێندکار و مامۆستایان دەتوانن وەریبگرن و بیخوێننەوە و سوودی لێببینن. بەهۆکاری ئەوەی پەڕتووکەکە زانکۆی سلێمانی چاپیکردووە، بۆیە مافی بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی تەنیا بۆ زانکۆی سلێمانی دەگەڕێتەوە. بەدڵنیاییەوە لەکاتی کردنەوەی پێشەنگە نێودەوڵەتییەکانی پەڕتووکیشدا بەشداردەبێت و دەخرێتە ڕوو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×