2026-06-21   264     
✍️(ھێمن مەحموود)
کاتێک تەماشای چۆنیەتیی دروستکردنی ئەم دەوڵەتانەی ناوچەکە دەکەیت ئەوسا تێدەگەیت، ئەم سیستەمە سیاسیانە، ئەم دەوڵەتانە، ئەم جوگرافیا دروستکراوانە ھیچیان لەسەر ڕەزامەندی خەڵکەکەی، لەسەر داواوخواسی خەڵکەکەی بنیاتنەنراون، بەڵکو ھەموویان بە زۆر و ئارەزووی وڵاتانی زلھێز و سەرکەوتووی دوای جەنگی جیھانی یەکەم دروستکراون. دەوڵەتی نوێی عێراق لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابووردوودا باشترین بەڵگەیە.
(ڕۆژگارەکانی فیلیپی لە عێراق) کتێبێکە بیرەوەرییەکانی مستەر (ئیچ.سەن جۆن فیلیپی) بەریتانی لە خۆ دەگرێت کە بۆ یەکەمجار لە کاتی ھەڵمەتەکانی سوپای بەریتانیا لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٥ ھاتۆتە عێراق و دواتر چەندین پۆستی سیاسی لە عێراقدا بڕیووە و لە سەروبەندی دروستکردنی سیستەمی پاشایەتی لە عێراق وەک وەزیری ناوخۆ بەوەکالەت و ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆ کارێکردووە.
کتێبەکە دیمەنێکی دیکەی چۆنیەتی دروستکردنی یەکەم کابینەی وەزاری لە عێراق دەگێڕێتەوە و ئەو نھێنیانە ئاشکرا دەکات چۆن وەزارەتەکان دروستکراون و ڕۆڵی بەریتانییەکان چیبووە لە دانانی وەزیرەکان پێش ئەوەی پاشا دابنرێت.
ڕاستییەکەی مستەر فیلیپی زۆر لەگەڵ دروستکردنی سیستەمی پاشایەتی و ھێنانەوەی فەیسەڵ پاشا نەبووە، بەڵکو لەگەڵ سیستەمی کۆماریدا بووە و ھەر ئەم دژایەتییەش بۆ دانانی پاشا وایلێکردووە لە کارەکەی دووریبخەنەوە.
حەزدەکەم چەند نموونەیەک لە کتێبەکە بخەمە ڕوو:
🔹میستەر فیلیپی زۆر سەرسامی زیرەکی و لێھاتووی (تاڵیب نەقیب)ی یەکەم وەزیری ناوخۆی عێراق بووە و دەڵێت لەڕاستیدا من زۆر ھیوام بە ئایندەی ئەو ھەبوو، وەکو دەشبینرا ئەو دیارترین کەسایەتی بوو لە عێراقدا، لەڕووی زیرەکی و بەھێزی کەسایەتییەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەو خاوەن ھەڵەشەیی و غرورییەکی زۆر بوو، بۆیە لای خەڵکی زۆر کەسێکی بێزراو و خۆشەویست نەبوو.دەشڵێت بەڵام دەکرا سوود لە باشییەکانی کەسایەتی ئەو کەسە ببینرێت و دەکرا پۆستی سەرۆکوەزیران یاخود سەرۆککۆماری وەربگرێت.
🔹لەشوێنێکی تردا دەڵێت کێشەی دروستکردنی یەکەم کابینەی وەزاری لە عێراقدا لە دانانی پۆستی سەرۆکوەزیران و دانانی وەزیری ناوخۆ سەریھەڵدابوو، تاڵیب نەقیب باشترین کەسایەتی بوو یەکێک لەو دوو پۆستە وەربگرێ ھەربۆیە پێشنیارمانکرد بەڕێز تاڵیب بۆ پۆستی سەرۆکی ئایندەی وڵات کاندید بکەین جا ناوی ھەرچییەک لێبنرێت ئەگەر سەرۆککۆماریش بێت چونکە ئەوکاتە خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی مەیلیان بۆ سەرۆککۆماری ھەبوو.
🔹لەشوێنێکی تردا مستەر فیلیپی باس لەوەدەکات دەنگۆی ھێنانی فەیسەڵ ھەبوو بۆ پادشایەتی عێراق، تاڵیب نەقیبیش کە وەزیری ناوخۆ بوو شەوە ئاھەنگێکی بۆ تەواوی بەرپرسان سازکرد، لەو شەوە ئاھەنگەدا باسی لەوەکرد خەڵکی عێراق فەیسەڵیان وەک پاشا ناوێت و ناوی چەند سەرۆک خێڵێکیشی وت کە ھاوڕای ئەون، وتیشی بەریتانیا بەڵێنی ئەوەی داوە کە لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە بە ئازادی حکومەت پێکبھێنن لەدەرەوەی ئەو ئیرادەیە و لەدەرەوەی ھەڵبژاردن ھیچی تر قبوڵناکات.
مستەر فیلیپی دەشڵیت ھەر دوابەدوای ئەم وتانە و تەواوبونی ئاھەنگەکە لە کاتێکدا کە بە ئۆتۆمبیلەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، دوو ئۆتۆمبیل ئەم دیو و ئەودیویان لێگرت، کە دایانبەزاند پێیان وت تۆ دەستگیرکراوی و ھەر ئەو شەوە دووریانخستەوە بۆ بەسرەو لەوێشەوە بۆ دوورگەی سیلان.
🔹میستەر فیلیپی دەشڵێت فەیسەڵ پاشا ڕۆیشتبوو سکاڵای کردبوو لە من کە گوایە باش کارنەمکردووە لەگەڵی، بڕیاریداوە ئەگەر تەواوی فەرمانبەرانی بەریتانی باشنەبن لەگەڵی لێرە نەمێنێتەوە، ھەربۆیە بانگکرام یان دەبێ پشتگیری بکەم یان دەستلەکاربکێشمەوە، منیش وتم بەریتانیا بەڵێنی بە ئازادی ھەڵبژاردن داوە ئەگەر جێبەجێی نەکات دەستلەکاردەکێشمەوە. دەستملەکارکێشایەوە.
🔹 میستەر فیلیپی دەڵێت: بەمشێوەیە بەشێوەیەکی فەرمی ئیشی من لە عێراق کۆتایھات. یاسای ھەڵبژاردن کە زۆر ماندووبووین بە ئامادەکردنییەوە کەوتە زبڵدانی مێژووەوە، لە جیاتی ھەڵبژاردنێکی کێبڕکێکار ئەنجامبدرێت، کۆکس ڕاپرسییەکی ڕێکخست لەیەک پرسیاردا ئەویش ئەوەبوو:
(ئایا ڕازین فەیسەڵ ببێتە حاکمتان؟)، لەسەدا ٩٦ و نیوی دەنگدەران بەبەڵێ وەڵامیان دابووە.
بەمجۆرە مەلیک فەیسەڵ لە ٢٣ ئابی ١٩٢١ بوو بە پاشای عێراق.