کاتژمێر ٠٢:٠٠ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ـی تەمووزی ٢٠٢٦، بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە نزیک کەمپی دارەشەکرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە.
ئاوێنە: سەرچاوە بەرپرسەکانی (پاک) پشتڕاستیان کردەوە کە بەهۆی ئەو هێرشەوە هەشت پێشمەرگەی هێزەکەیان برینداربوون. بەپێی زانیارییەکان، دۆخی تەندروستی چوار لە بریندارەکان سەختە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
بەرپرسانی ئەم هێزە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هێرشە درێژکراوەی زنجیرەیەک هێرشی پێشووە کە لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەریان. وەک لە زانیارییەکاندا هاتووە، لەو هێرشانەی پێشوودا کە پێشتر کراونەتە سەر ئەو هێزە، دوو پێشمەرگەیان شەهید بوون و ٢٦ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو داتایانەی خراونەتەڕوو، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ئاڵۆز بووە؛ بە جۆرێک لە ٢٨ـی شووباتی ٢٠٢٦ـەوە تا ١٩ـی تەمووز، هەرێمی کوردستان نزیکەی ٩٢٠ جار بە درۆن و مووشەک کراوەتە ئامانج.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، ٢٨ پێشمەرگەی هەرێم و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون، هاوکات ئەفسەرێکی فەڕەنسی کوژراوە. هەروەها، کۆی گشتیی بریندارانی ئەو هێرشانە لەو ماوەیەدا نزیکەی ١٥٠ پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنییە.