ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەرانا" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ئامار و زانیاری نوێی سەبارەت بە دەرکردنی سزا و دەستبەسەرکردنی ژنانی هونەرمەند و چالاکوان لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە خستووەتە ڕوو.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، دادگاکانی ئێران سزای لێدانی ٧٤ قامچییان بەسەر گۆرانیبێژێکدا بە ناوی "ئانیتا" (ناسراو بە ئانیتا پاپیست) سەپاندووە. هۆکاری دەرکردنی ئەم سزایە بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم سزایەدا، دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گرتووە و هێڵی مۆبایلەکەشیان بلۆک کردووە. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە پێشتریش گۆرانیبێژێکی دیکە بە ناوی "پەرەستو ئەحمەدی" بە تۆمەتی هاوشێوە سزای ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێنرابوو.
لە پەرەسەندنێکی دیکەدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە دۆسیەی "سپێدە ئەبتەحی"، بەڵگەفیلمساز و ئەندامی ئەنجومەنی بەڵگەفیلمسازان کردووە، کە ماوەی پێنج ڕۆژە دەستبەسەر کراوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی خێزانەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنی و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون لەبەردەستدا نییە.
سەبارەت بە سزاکانی بەندکردنیش، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شیراز بە سەرۆکایەتی دادوەر ساداتی، سزای ٩ ساڵ و ٩ مانگ بەندکردنی بەسەر "فەریبا حوسێنی"، چالاکوانی مافی مرۆڤدا سەپاندووە. دادگا هاوکات بڕیاری پوچەڵکردنەوەی پاسپۆرتەکەی و قەدەغەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەردا سەپاندووە.
هەروەها، "مەریەم دەریسی"، چالاکوانێکی دیکە، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای فارسەوە سزای یەک ساڵ و سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە و هاوشێوەی دۆسیەکانی دیکە، پاسپۆرتەکەی پوچەڵ کراوەتەوە.