لە١٢٢ ساڵەی کۆچی دواییدا... "ئەنتوان چیخۆڤ" پیاوێک کە دڵی نەدەهات بێڕێزیی بەکەس بکا
  2026-07-19       86       

جەودەت هوشيار

و/ دلاوەر قەرەداغی

ـــــــــــــــــــــــــ

لە کتێبەکانی یادەوەرینامەدا لە بارەی چیخۆڤەوە، حەکایەتێکی کاریگەر باس دەکرێ کە هی ئەو ڕۆژانەیە چیخۆڤ قوتابی ئامادەیی دەبێ. حەکایەتەکە بەو چەشنەیە کە چیخۆڤ ڕۆژێکیان دەستی تەوقە بۆ یەکێ لە مامۆستاکانی ڕایەڵ دەکا، بەڵام مامۆستا خۆی لە تەوقەکردن لەگەڵ چیخۆڤ نەبان دەکا و لێدەگەڕێ دەستی چیخۆڤی لاو هەر وا لە بە هەواوە بێت. ساتەوەختێکی کورت، بەڵام هەستێکی قووڵ بە سووکایەتیی و نائومێدی لە ناخی چیخۆڤدا دەچێنرێ و بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ لە یادەوەرییدا دەمێنێتەوە.

جا ئەگەر ئەم حیکایەتە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بەو جۆرە بێت، یاخود زەین شتێ لە زێدەڕۆیی تێدا کردبێ، بەڵام کتومت لەگەڵ ئەو کەسێتییەدا دێتەوە کە هەموو ئەو کەسانەی چیخۆڤ دەناسن، پێی ئاشنان: کەسێتییەک کە پێی وایە شکۆی مرۆڤ لەوە بەبەهاترە بە وشەیەک یان هەڵسوکەوتێک بڕووشێنرێ.

چیخۆڤ وا پێ دەچێ هەر لە گەنجییەوە بەڵێنێکی بێدەنگی بە خۆی دابێ: بەڵێنی ئەوەی نەبێتە هۆکاری سووکایەتیکردن بە کەس، هەستی کەس بریندار نەکا، بە هەمان ڕێزەوە و بە چاپۆشین لە پێگە و ئاستی ڕۆشنبیری و ناوبانگیان، مامەڵەی هەمووان بکات. ئەوەش تەنها دروشمێکی مۆراڵی نەبوو، بەڵکو شێوازێکی ژیان بوو کە تا کۆتایی ڕۆژەکانی لەگەڵی مایەوە.

یادەورینامەکان دەگێڕنەوە چیخۆڤ لە یەکێ لەو ئێوارانەدا کە بۆ ڕێزنان لێی تەرخان کرابوو، پێ دادەگرێ کە دەبێ یەکە یەکە تەوقە لەگەڵ هەموو ئامادەبوواندا بکات. چیخۆڤ ئەوکات بەدەست نەخۆشی سیلەوە کە شەکەتی کردبوو؛ دەیناڵاند و ڕاوەستانی زۆریش تا ڕادەی بوورانەوە ماندووی دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتی کردەوە کەس بۆ تەوقەکردن لەگەڵیدا ببوێرێ یان داوای لێبوردن بکا و خۆی لە تەوقەکردن بپەڕێنێتەوە. تا کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە پێوە مایەوە و پاشان بە شەکەتیی بۆ ماڵەوە گەڕایەوە. باری تەندروستی خراپتر بوو، بەڵام نەیدەویست هیچ کەس هەست بکا کە نووسەری گەورە خۆی لێ لاداوە، یان بێڕێزی بەرامبەر نوواندووە.

ئەم هەستە ناسکەی چیخۆڤ بەرامبەر بە خەڵک، لە نامەکانیشدا دەردەکەوێ. چیخۆف ڕۆژانە نامەیەکی زۆری لە خوێنەران و نووسەری تازەکی دەستپێکردوو و قوتابی و خەڵکانێکەوە کە هەر هیچ نەیدەناسین؛ بەدەست دەگەییشت، سەرەڕای سەرقاڵیی بە نووسین و پیشەی پزیشکی و خراپی باری تەندروستییەوە، مکوڕ بوو لەسەر وەڵامدانەوەی زوربەی زۆری ئەو نامانە. جیاوازی نەدەکرد لە نێوان نامەیەکدا کە نووسەرێکی بەنێوبانگ نووسیویەتی و نامەیەکی تر کە کەسێکی سادە یان کەمسەواد نووسیویەتی. پێی وا بوو ئەو کەسەی نامەی بۆ دەنووسێ، شتێک لە کات و لە متمانەی خۆی پێدەبەخشێ، بۆیە کەمترین شتێک کە شایستەی ئەو کەسە بێت، وەڵامێکی ڕێزدارانەیە. نامەکانی چیخۆڤ کە خۆیان لە زیاتر لە چوار هەزار نامە دەدەن، دەیان نموونەی لەبارەی ئەم خوڵقە بەرزەی چیخۆڤەوە تێدایە. تەنانەت ئەو نامانە لە خۆیاندا قوتابخانەیەکن بۆ خاکەڕایی و ناسکی و ڕێزی مرۆڤ.

هەستی چیخۆف بە شکۆی مرۆیی لەسەر پەیوەندییە کەسەکییەکان کورت نەبووبووەوە، بەڵکو بۆ هەڵوێستە گشتییەکانیشی درێژ بووبووەوە. ساڵی ۱۹٠۲ مەکسیم گۆرکی بە ئەندامی فەخری لە ئەکادیمیای ڕووسی بۆ زانست هەڵدەبژێردرێ، بەڵام قەیسەر نیکۆڵای دووەم بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانی گۆرکییەوە، فەرمان بە لەغۆ کردنەوەی ئەو هەڵبژاردنە دەدا. ئیدی چیخۆف هیچ دوودڵ نابێ لە دەستکێشانەوە لە ئەندامێتی ئەکادیمیا، نووسەری گەورە ڤلادیمێر کورولینکۆش بە دوایدا دەست لە کار دەکێشێتەوە. چیخۆف دڵنیایە دەستلەکار کێشانەوەکەی بڕیاری دەسەڵات ناگۆڕێ، بەڵام پێی وا بوو مانەوەی لە دەزگایەکدا کە ئیرادەی ئەندامەکانی بەهەدەر دەدا، شتێکە لەگەڵ ویژدانیدا نایەتەوە.

لەو هەڵوێستانەی کە پەردە لەسەر سەرڕاستییە تۆکمەکە لادەدا، هەڵوێستییەتی لەبارەی گرێبەستی وەشانی کتێبەکانی. چیخۆڤ مافی وشانی کارەکانی بە وەشانکاری بەنێوبانگ ئادوڵف مارکس بە حەفتاوپێنج هەزار ڕۆبڵ فرۆشتبوو، کە ئەوەش بە پێوانەکانی ئەو ڕۆژگارە بڕە پارەیەکی زۆر بوو، بەڵام زۆر کەمتر بوو لە بەهای ڕاستەقینەی کتێبەکانی. ئیدی هەندێ لە هاوڕێ نووسەرەکانی پێیان وا بوو مامەڵەکە نادادوەرانەیە و هانیان دا لێی پەشیمان ببێتەوە، بەڵام چیخۆڤ بەوپەڕی هێورییەوە ئەوەی ڕەت کردەوە. گوتی گرێبەستەکە بە ئیرادەی ئازادانەی خۆی ئیمزا کراوە، ژێووانبوونەوەش لە بەڵێنێک کە داویەتی شتێکە شیاوی ئەم نییە. ڕێزگرتنی لە پابەندییە مۆراڵییەکەی بە لایەوە شتێک بوو لە هەر دەستکەوتێکی ماددیی زیادە بە بەهاتربوو.

ئەم شێوازە لە ژیانی چیخۆڤدا دەگمەن و تاقانە نەبووە، بەڵکو درێژکراوەی گشت کەسایەتئ ئەو بووە. چیخۆڤ پزیشکێک بووە کە بە خۆڕایی چارەسەری هەژارانی کردووە، نووسەرە بووە کە قوتابخانەی ڕۆ ناوە و بەشداری لە دامەراندنی کتێبخانەدا کردووە و گرینگی بە باشترکردنی ڕەوشی جووتیاران داوە، ئەدەبیاتی وەک شتێکی دابڕاو لە ڕەوشت و، نێوبانگی وەک پاساو بۆ خۆنواندن بەسەر خەڵکدا نەدەبینی. باوەڕی وا بوو مرۆڤ بەر لە هەر شتێک بە شێوازی مامەڵەیدا لەگەڵ ئەو کەسەی کە لە خۆی لاوازتر و لە پلەوپایەدا نزمترە، دەناسرێتەوە.

رەنگە ئەم حەکایەتانە لە سەردەمێکدا کە خێرایی و خۆپەرستیی و بەرژەوەندی کەسەکیی بەهاگەلی زاڵن، سادە یان کاڵفامانە بنوێنن، بەڵام بەهای چیخۆڤ تەنها لە بلیمەتییە ئەدەبییەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەو هاوگونجانە دەگمەنەدایە کە لە نێوان ئەوەی دەینووسی و ئەوەی ئەزموونی دەکرد، هەبوو. چیخۆف سەلماندی هەسناسکیی لاوازی نییە و ڕێزگرتنی مرۆڤ خاتروخۆتری کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی مۆراڵییە و گەرەکی بە ئازایەتی هەیە. گەورەترین شتێکیش کە نووسەر دوای کۆچی جێی بهێڵێ، تەنها کتێبەکانی نییە، بەڵکو ئەو نموونە مرۆییەیە کە کتێبەکانی لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرجەستەی کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×