حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كه یه‌كێكه له ئه‌ندامه‌كانی "كۆنگره‌ی ئازادیی ئێران" رایده‌گه‌یه‌نێت، راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆنگره‌كه كه تێیدا دژایه‌تی خۆی بۆ شه‌ڕی ئه‌مریكاو ئێران ده‌ربڕیوه، گوزارشت له هه‌ڵوێستی ره‌سمی حزبه‌كه‌یان ناكات.
ئاوێنه: حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌یاننامه‌یەدا که کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران له‌باره‌ی شه‌ڕی ئێران و ئه‌مریکا و ئاکامه‌کانی ده‌ری کردوه، به ئاگاداریی هه‌مو لایه‌ک ده‌گه‌یه‌نین که حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌به‌رئه‌وه‌ی له ئۆرگانه به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کانی ئه‌و کۆنگره‌یه‌دا ئه‌ندام نییه، له داڕشتن و په‌سه‌ندکردنی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا به‌شدار نه‌بوه."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه "هه‌ربۆیه نێوه‌ڕۆکی ئه‌و به‌یاننامه‌یه به هه‌ڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دانانرێ و هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌و حیزبه‌وه نییه. هه‌ڵوێسته ڕه‌سمییه‌کانی حیزبی دیموکرات ته‌نیا له ڕێگای ئۆرگان و میدیاکانی ئه‌و حیزبه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نرێن و بڵاوده‌کرێنه‌وه."
پێشتر كۆنگره‌ی ئازادیی ئێران، كه حزبی دیموكرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان ئه‌ندامن تێیدا، له راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی شه‌ڕی ئه‌مریكاو ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا"ئێمه دژی شه‌ڕین و ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕی ئێمه نییه." ئه‌وه‌ش دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ی روبه‌ڕوی شه‌پۆلێكی ره‌خنه كرده‌وه. پێشتریش كۆمه‌ڵه له راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ڕۆكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆنگره‌ی ئازادیی ئێرانی ره‌تكرده‌وه.