پارتی ئازادیی كوردستان-پاك رایدهگهیهنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشە درۆنییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆیدا بۆ سەر یەکێک لە بنکەكانی هێزهكانیان له ههرێمی كوردستان، تەقەمەنی تێکەڵ بە فۆسفۆڕی سپیی بەکارهێناوە.
ئاوێنه: پارتی ئازادیی كوردستان له راگهیهندراوێكدا وتویهتی، بەپێی بینین و پشکنینی حاڵەتی 9 پێشمەرگەی برینداری ئەم هێرشە و ئاگری بەرفراوانی ژینگەو شوێنی بە ئامانجگیراو، ئەو تەقەمەنییەی کە لەو هێرشەدا بەکارهاتوە، فۆسفۆڕی سپی تێدا بوە.
پارتهكه وتوشیهتی "ئەم پەلامارە تەنها تاوانێک نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییه لە کاتی شەڕدایە. بەکارهێنانی ئەو تەقەمەنییانەی کە سوتاندنی مرۆڤ و ژینگەی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ بنەماکانی مرۆڤایەتی و پابەندبونی نێودەوڵەتیی دەوڵەتان ناتەبایە."
ئاماژهی بهوهشداوه "کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی نابێ ئەم تاوانە بێوەڵام بێڵێتەوە. داوا لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سورو هەمو دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییە پێوەندییدارەکان دەکەین هەنگاوی یاسایی پێویست بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبگرن."
ئهوهشی خستۆتهڕو"هەروەها چاوەڕێ دەکرێت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاسایش و مافەکانی هاوڵاتیان و ژینگەی خۆیان بەرگریی لە دەستدرێژی و هێرشە سەربازییەکانی ئێران بکەن."
جهختیشی كردۆتهوه "بێدەنگی لە ئاست بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان، ڕێگا بۆ دوبارەبونەوەی ئەم جۆرە تاوانە مەترسیدارانە خۆشدەکات. پاراستنی کهرامەتی مرۆڤ و ئاسایشی مەدەنییەکان و پابەندبون بە یاسای نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەمو دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە."