ئێران سزای قامچی و زیندانیکردنی بەسەر دوو ژنە چالاکوانی کورددا سەپاند
  2026-07-21       145       

ئاژانسەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە کە دادگای ڕژێمی ئێران سزای زیندانیکردن، دوورخستنەوە و قامچی بەسەر دوو ژنە چالاکوانی کوردی خەڵکی پارێزگای سنەدا سەپاندووە، ئەمەش بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئاوێنە: لە ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، لقی ۱۰٢ـی دادگای سزادانی شاری قوروە سزای بەسەر هەریەک لە «نێدا دەدەجانی» و «سێتایش سەرابی»دا سەپاندووە. بڕیاری دادگا بۆ هەر یەکێکیان بریتییە لە: شەش ساڵ زیندان، چوار ساڵ دوورخستنەوە (دەربەدرکردن) بۆ شاری نیکشار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لەگەڵ ٦٢ قامچی.

تۆمەتی سەرەکی کە ڕووبەڕووی ئەم دوو هاوڵاتییەی شاری قوروە کراوەتەوە بریتییە لە «تێکدانی ئاسایشی گشتی».

جێی ئاماژەیە، نێدا دەدەجانی کە یەکێکە لە سزادراوەکان، هونەرمەندێکی دیاری بواری شانۆیە و پێشتر لە هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی هەرێمیی کەمئەنداماندا توانیویەتی خەڵاتی هەڵبژێردراوی بووکەڵەگەڕانی و خەڵاتی یەکەمی دیزاین و دروستکردنی بووکەڵە بەدەستبێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×