نرخی شووتی لە عەلوەکانی سلێمانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و کیلۆیەک بە کۆ گەیشتووەتە 750 دینار و لەسەرجادەو دوکانەکانیش کیلۆی بە ١٠٠٠ دینارە.
ئاوێنە: سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی سەروەر عەلی، لە بارەی هۆکارەکەیەوە وتی« دوو رۆژە نرخی شووتی لە عەلوەکانی سلێمانی بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەم و زیادبوونی خواست لەسەری".
پێشتر یەک کیلۆ شووتی بە کۆ بە 300 بۆ 400 دینار بوو. سەروەر عەلی وتی: "ئێستا گەیشتووەتە 750 دینار و لە بازاڕەکانیشدا بە هەزار دینار و زیاتر دەفرۆشرێت."
سەبارەت بە سەرچاوەی بەرهەمەکە، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت: "پێشتر شووتیی خۆماڵیمان لە شارەزوور و هەولێرەوە بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ئەو بەرهەمە زۆر کەمی کردووە؛ چاوەڕێ دەکەین هەفتەی داهاتوو شووتیی پێنجوێن پێ بگات و بگاتە عەلوەکانمان، ئەوکات نرخەکەی دادەبەزێتەوە."