کاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تێچووی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، ئیتر بۆ نرخ دانابەزێنن بۆ ٤٥٠ دینار.
ئاوێنە: كاوە عەلی ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە پۆستێکدا لە فەیسبوک وتویەتی، نرخی بەنزین و گازوایل بگەیەنن بە ٤٥٠ و ٤٠٠ دیناریش؛ ڕۆژانە زیاتر لە ١ ملیۆن دۆلار لە قازانجدان! بەداخەوە لەو داهاتە زیاتر بێت و کەمتریش بێت،، هیچی ناچێتە وەزارەتی دارایی! ئەگەر حکومەت پشت بە ژمارە و داتای پێشووی خۆی ببەستێت، هیچ هۆکارێک بۆ نرخاندنی بەنزین و گازوایل بەم نرخە گرانە نادۆزرێتەوە!
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی، لە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کە بە تێچووی چەند دۆلارێک لە خورمەڵە دەڕوات بۆ پاڵاوگەکان بە تایبەت کار ، تەنانەت ئەگەر بە بەرزترین نرخی پاڵاوتنیش، کە لە هیچ کوێ وا نەبێت ئەژمار بکەین! ئەوا تێچووی هەر لیترێک سووتەمەنی تا پێش گەیشتنی بە بەنزینخانەکان نزیکەی ١٥٠ دینارە.
رونیشیکردۆتەوە، بەڵام ئەگەر پشت بە داتاکانی Deloitte لە ساڵی ٢٠٢٢ ببەستین، ئەوا تێچووی هەر لیترێک سووتەمەنی کە لە خورمەڵە بڕوات بۆ پاڵاوگەکان نزیکەی ٧٠ دینارە..با ئێمە بەرزترین ئەژمار بکەین: واتە ١٥٠ دینار!
وتوشیەتی، تەنانەت ئەگەر حکومەت بەنزین بە ٤٠٠ دینار بدات بە بەنزینخانەکان و ئەوانیش بە ٤٥٠ دینار بیفرۆشن، و گازوایل بە ٣٥٠ دینار بدات و ئەوانیش بە ٤٠٠ دینار بیفرۆشن، تەنها لە ٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، نزیکەی ١.٢ ملیۆن دۆلار قازانج دەمێنێتەوە. جگە لە داهاتی نەوتی سپی و نەوتی ڕەش و قیر و غاز.......هتد واتە، نەک بە نرخی ٤٥٠ دینار زەرەر نییە، بەڵکو قازانجێکی بەرچاویش هەر دەمێنێتەوە.
جەختیشی کردۆتەوە، کەواتە، ئەگەر پێویست بێت نرخی بەنزین دابەزێت و بیانەوێت دابەزێت بۆ تەنانەت ٤٥٠ دیناریش ، با لە قازانجی نائاسایی پاڵاوگەکان یان (ئەو داهاتەی کە وەزارەتی دارایی بە نوسین هاواری لێ هەستاوە کە نایبینێت) کەم بکرێتەوە، نەک بخرێتە سەر گیرفانی هاوڵاتی. ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر بەڕاستی بە نیازی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنین! ئاسانە تۆ بڕیار بۆ سێ چوار پاڵاوگە دەربکەیت کە قازانج کەمکەنەوە لە بری ٦٠٠ دینار لە لیترێک قازانج با ببێتە ٣٠٠ دینار، نەک بە سوپاس بەنزینخانەکان کە هەر پاڵاوگەکانی خۆت بە ٣٠٠ دینار گرانتر لەو نرخە فرۆشتویەتی بە بەنزینخانەکان و ئێستا دەبێت بە زەرەر بیفرۆشنەوە! هیچ هۆکارێکی یاسایی، ئابووری، نیشتمانی، نەتەوەیی و نییە کە ئەم گرانییە ڕەوا بکات.
ئەوەشی خستۆتەڕو، حکومەتی ھەرێم بە بڕیاری ژمارە ٥٥٠ لە ١٧/٧/٢٠٢٥ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەڵێنی داوە ئەو داهاتە بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، و ستایش و شانامە نەما لەکاتی خۆیدا بۆ ئەم بڕیارە نەوترێت لە لایەن حکومەتی ھەرێم و ڕاگەیاندنەکانی، بەڵام ئایا باشترنیە دڵسۆزانە تر نییە! پێش ئەوەی بیگەڕێننەوە بۆ بەغدا بۆ هاوڵاتیانی کوردستانی بگەڕێنێتەوە. ئەوە نیشتمانپەروەرییە؛ نەوەک ئەوەی بارەکەی بخرێتە سەر خەڵک و دواتر ئەو پارەیەش لە هەرێم دەربچێت.