پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
  2026-07-25       56       

کاراکردنەوەی پەرلەمان قۆناغێکی نوێ بەخۆوە دەبینێت، بەجۆرێک لوتکەی سەرکردایەتی حزبەکانی هەرێم دێتە ئاراوە، ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوا زانیاری لەبارەی پەیوەندی یەکێتی و پارتی بۆ لەدایکبوونی کابینەی دەیەم بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات.


ئاوێنە: نەسرەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەم لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی وت "ئێستا بەپێی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی و برادەرانی یەکگرتوو پێشبینی دەکەین لە ئایندەیەکی زۆر نزیک کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکایەتی هەموو حزبەکان بکرێت، گەشبینین دوای ئەو کۆبوونەوەیە ئەو دۆخە چەقبەستووە کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە قەدەری هەرێم بەوجۆرەیە کە پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت و یەکێتیش بەبێ پارتی ناتوانێت کابینەی دەیەم پێکبهێنێت. ئەو دوو ساڵەی ماوە ئەو یاسا گرنگانەی هەیە دەستور بۆ هەرێم بنوسینەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکەینەوە".

ئەو لەوبارەیەوە زیاتر دەخاتە روو و دەڵێت "گەشبینین کە کۆبوونەوەی لوتکەی حزبەکان لەماوەیەکی نزیکدا ئەنجام بدرێت و لەوباوەڕەدا نییم کە هەفتەیەک بخایەنێت بۆ ئەنجامدانی، زانیاریش هەیە کە دوای کۆبوونەوەکە لەئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی و پارتی کۆببنەوە. چونکە دۆخی هەرێم لەوە زیاتر بەرگە ناگرێت و دەوروپشتمان قەیران و ئاگرە".

سەبارەت بەوەی ئایا یەکێتی و پارتی بەشداری لوتکەی سەرکردایەی دەکەن؟ ئەو روونیکردەوە "بۆ بەشداریکردنی یەکێتی و پارتی یەکێتی ئامادەباشیان دەربڕیوە و وەکو ئێمەی پارتییش هیچ رۆژێکیمان ئامان نەبووە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ هەموو کاتێک ئامادەین بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان، ئەو کۆبوونەوەیەی لوتکە کە دەکرێت نەک پرسی کابینەی دەیەم کۆتایی پێدەهێنێت، بەڵکو هەموو کێشەکانی هەرێم یەک بەدوای یەک کۆتایی پێ دەهێنێت".

دەربارەی ٣٨ کورسییەکەی هاوپەیمانییەکەی یەکێتی و نەوەی نوێش، نەسرەت سۆفی جەختدەکاتەوە کە ئەو هاوپەیمانییە ٣٨ کورسی هەیە کە بە فەرمی رایگەیاندبێت و هێشتا وەکو پارتی نییە کورسییەکانیان، ناوبراو روونتر دەدوێت و ئاشکراشیکرد کە "ئەگەر یەکێتی هەندێک برادەری دیکەش هەژمار بکات، ئێمەش بەهەمان شێوە لێرە هەمانە و خەڵکی دیکەش لەگەڵمان تەعاتوفە".

پەیوەست بەوەی ئایا تاچەند ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی یەکێتی و نەوەی نوێ پۆستی سیادی زیاد دەکات؟ ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان نەیشاردەوە کە ئەو ٣٨ کورسیە کاریگەری لەسەر پۆستە سیادییەکان نابێت، "ئێمە تەنیا لەگەڵ یەکێتی تەعەمول دەکەین و دواتر ئەوان دەتوان لەبەرکەوتەی خۆی بەشی نەوەی نوێ بدات، چونکە ئەوان دوای ساڵێک گفتوگۆ ئەو هاوپەیمانیەیان دروستکردووە، ئەگەر لەسەرەتادا بووایە ئەوە مافی خۆیان بوو و بەپێی ئەو ٣٨ کورسیە پۆستمان پێدەدان".

زیاتری وت "دوای ساڵێک یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ ئەو هاوپەیمانییە (نائاسای)ەیان پێکهێنا، چونکە هەموو کەسێک دەزانێت ئەو هاوپەیمانیە لە زیندان دروستکراوە، دڵنیام زۆربەی ئەندامانی نەوەی نوێ بەو رێککەوتنەیە رازی نیین و لەگەڵیشیدا نیین".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر کورسیەکانی یەکێتی لە ٣٨ کورسی تێپەڕێت، پارتیش هاوپەیمانی دروست دەکات؟ نەسرەت سۆفی رایگەیاند "وەکو پارتی هەمیشە دەرگامان کراوە بووە هەر لایەنێک بێت نەک هاوپەیمانی لەگەڵ بکەین، بەڵکو پەرلەمان کارابکەینەوە جا چ برادەرانی یەکگرتوو و عەلی حەمەساڵع هەر برادەرێک کە یەک کورسیان هەیە؛ بێت".

لەکۆتایشدا ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "یەکێتی بە ئێمە دەڵێن؛ بەنمونە ٤٤ کورسیمان هەیە زۆر ئاساییە ئێمە دەرگای پەرلەمان دەکەینەوە ئەگەر ئەوان توانیان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن ئەوان پیرۆزباییان لێدەکەین، ئەگەر کاندیدی ئێمەش سەرکەوت با ئەوان پیرۆزبایی بکەن، ئەوکاتە دەنگدان یەکلایی دەکاتەوە. بەڵام ئەوان نایەن".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×