دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق هۆشداری دەداتە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە ئەگەر قەرزەکانی نەداتەوە، ڕەنگە مۆڵەتەکەی بۆ هەمیشەیی هەڵبوەشێنرێتەوە و کۆمپانیای نیشتمانی جێگەی بگرێتەوە.
ئاوێنە: بەلاسم سالم جەنابی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، دەستەکەیان بە نیازە لە ماوەی داهاتوودا ڕێوشوێنی جێبەجێکاریی توند بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بگرێتەبەر. ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر کۆمپانیاکە پابەند نەبێت، بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی بۆ هەمیشەیی لەبەردەستە و لەو حاڵەتەدا کۆمپانیای نیشتمانی جێگەی دەگرێتەوە.
مونا محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی دەربارەی کۆڕەک تیلیکۆم نەدراوە، بەڵام هەموو بژاردە یاساییەکان کراوەن. جەختی کردەوە کە لیژنەکەیان بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات تاوەکو بڕیارێک بدرێت کە دادپەروەری مسۆگەر بکات و سامانی گشتی لە فەوتان بپارێزێت بەبێ ئەوەی زیان بە هاووڵاتیان بگات.
عەلی ئەنوەر عیسا، شارەزا لە بواری حوکمڕانی و ئاسایشی زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیای کۆڕەک قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی دادگاوە قەرزەکانی بسڕێتەوە. بە بڕوای ئەو، بڕیاری کۆتایی ڕەنگە گەیشتن بێت بە ڕێککەوتن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان بە قیست، بەڵام ئەگەر کۆمپانیاکە پابەند نەبێت، ئەوا ڕێکاری یاسایی دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت و هێنانی کۆمپانیای نیشتمانی وەک جێگرەوە.
لەوبارەیەوە شارەزوور جاف، وتەبێژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئامادە نین هیچ لێدوانێکی میدیایی لەسەر ئەم بابەتە بدەن. وتەبێژەکەی کۆڕەک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاوەڕوانی ئەنجامی دادگاکان دەکەن تاوەکو دۆسیەکە بە شێوەیەکی یاسایی یەکلا ببێتەوە.