تونجهر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی دەربارەی 'یاسای چوارچێوە' دهڵێت، یاساکە هەمو شتێک نییە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە دەبێتە دەستپێکی نوێ و پرسی کورد دەگوازێتەوە سەر بنەمایەکی یاسایی و سیاسی.
ئاوێنه: تونجهر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، ئهمڕۆ یهكشهممه لە مێرسین و له سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سەرنجی خستەسەر کارەکان و چاوەڕوانییەکان لهبارهی دهرچونی 'یاسای چوارچێوە' کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا بخرێتە نێو کارنامەی پەرلەمانەوە.
تونجەر باقرخان لهبارهی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و وتی: "کاتێک تەماشای ئەو ڕوداوانە دەکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن، ئەوکاتە زیاتر لەوە تێدەگەین کە ئەم پڕۆسەیە چەندە بەنرخ و سەنگینە."
باقرخان باسی لەو یاسای چوارچێوەیە کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەربچێت و هیوای خواست ئەم یاسایە ببێتە هۆکاری کۆتایهێنان بەتەواوی ئەو دەرهاویشتانەی کە بەهۆی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوە هاتبونە ئاراوە.
تونجەر باقرخان وتی: "هیوادارم ئەمجارە پڕۆسەکە لە بارنەچێت. ئەگەر هیچ گرفتێک ڕونەدات، لە ماوەیەکی کورتدا 'یاسای چوارچێوە'ـەکە دەخرێته نێو کارنامەی پەرلەمانەوە. لەوانەیە ئهمه لەم هەفتەیەدا بێت. نابێت ئەم یاسایە بە بچوک تەماشا بکرێت. ئەمە ئەو یاسایەیە کە پرسی کورد دەگوازێتەوە سەر بنەمایەکی یاسایی و سیاسی. ئێمە لە ئەزمونکردنی پڕۆسەیەکی مێژوییداین."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا یاساکە هەمو شتێک نییە، بەڵام بۆ قۆناغەکە زۆر گرنگە و دەستنیشانی کرد، ئامرازێکە بۆ ڕەخساندنی ژیانی ئازادی هاوبەش لە تورکیایەکی دیموکراسیدا.