پۆلیسی راپه‌ڕین ئاشكرایكرد، له‌سه‌ر رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی هاوڵاتییه‌ك له قه‌زای حاجیاوا، دو كه‌س له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركران.
ئاوێنه: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین، ئه‌مشه‌و دوشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هاوڵاتییەکی دانیشتوی قەزای حاجیاوا بەناوی (ب. ب. ا؟) لە رەگەزی نێر لە بنکەی پۆلیسی حاجیاوا سکاڵای تۆمار کرد لەسەر دو کەس بەناوەکانی (ا. خ. م.) دانیشتوی قەزای حاجیاوا و (ا. م. ک.) دانیشتوی حاجیاوا.
پۆلیس وتوشیه‌تی، بەوتەی سکاڵاکار تۆمەتبارانی ناوبراو شەوی ڕابردو بە ئۆتۆمبیل سکاڵاکاریان ڕفاندوە بۆ شوێنێکی دورو دواتر لێیان داوە و ئازاریان پێگەیاندوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردوه. لەهەمان کاتدا دادوەری لێکۆڵینەوەی حاجیاوا ئاگادار کرایەوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە.
پۆلیسی راپه‌ڕین هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، بە کەمتر لە یەک کاتژمێر توانرا شوێنی نیشتەجێبونی تۆمەتباران دەستنیشان بکرێت و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوا و بەهاوکاری بنکەی پۆلیسی ماکۆک، تۆمەتباران دەستگیرکران و لەبەردەم دادوەر ئامادە کران.
به‌وته‌ی پۆلیس، تۆمەتباران دانیان بەتاوانەکەیان دانا و لە ئیستادا بەپێی ماددەی 422 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.