مەسرور بارزانی: ئامادەین هەموو هاوکارییەک بە حکومەتی عێراق بکەین بۆ چارەسەری قەیران
  2026-07-27       61       

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی بە هاووڵاتیانی کوردستان دا کە قەیرانە ئابوری و سوتەمەنییەکانی ئێستا هەمیشەیی نین و بەرەو چارەسەر دەڕۆن. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی کوردستان لە رابردوودا لە قەیرانە قورسترەکانیش بە سەرکەوتوویی تێپەڕیوە.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچە هێشتا بەردەوامن، بەڵام هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانە دەکات. هەروەها سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئارامی و هاوکارییان لە دەمە قورسەکاندا.

سەرۆکی حکومەت هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئابوریی ناوچەکەی بە داخستنی گەروی هورمز پەیوەست کرد و رایگەیاند ئامادەن هەموو جۆرە هاوکارییەک بە حکومەتی عێراق سەرۆکایەتی عەلی زەیدی بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، مەسرور بارزانی وتی هەرێم هەموو پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ هۆکاری ئەوە بووە کە داوای لە بەغدا بکات پێداچوونەوە بە بڕیاری راگرتنی ١٢٠ ملیار دینار بکات.

ئەو هەروەها بانگەوازی لە هێزە سیاسییەکانی هەرێم کرد پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و خێرا هەنگاو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بنێن.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکومەت دڵنیایی دا کە مافی موچەخۆران پارێزراوە و تەنانەت ئەگەر موچەکان دوا بکەون، ڕێگە نادرێت هیچ کەمکردنەوەیەک لە مافەکانیاندا بکرێت. :::

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×