ئه‌م كه‌سه‌ له‌سه‌ر داواكردنی سه‌رانه‌ له‌ سێ به‌رپرس ده‌ستگیركرا
  2026-07-27       63       

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە خۆی وەک فەرمانبەر لە نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لیژنەی ناوەندیی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی ناساندوه‌و به‌و ناوه‌وه‌ داوای سه‌ردانه‌ی له‌ سێ به‌رپرس كردوه‌.

ئاوێنه‌: ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی "دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف ڕایگەیاندوە، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە کە خۆی وەک فەرمانبەر لە نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لیژنەی ناوەندیی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە سەرۆکایەتی وەزیران ناساندوە، بە مەبەستی سەرانەسەندن لە بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی پارێزگای نەجەف."

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردوە: "تۆمەتبارەکە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەوە کردوەو بانگه‌شه‌ی ئەوەی کردوە لە کۆبونەوەدایه‌ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە مەبەستی ئیمزاکردنی نوسراوەکان كه‌ ناوی بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرە لەناو لیستی ئه‌وانه‌دایه‌ كه‌ فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ده‌رچوه‌و ئه‌م دەتوانێت ئەو ڕێکارانە هەڵبوەشێنێتەوە لەبەرامبەر بڕێک پارەدا."

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "تۆمەتبارەکە پێشتریش داوای  سەرانەی لە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نەجەف و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکەش كردوه‌."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "دادگا ڕێکارە یاساییه‌ پێویستەکانی گرتوەتە بەر و بەڵگەکانی کۆکردوەتەوەو توانیویەتی تۆمەتبارەکە دەستگیربکات و وته‌كانی بە شێوەی دادوەری تۆمار بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕەوانەکردنی بۆ دادگای تایبەتمەند تاوەکو بەپێی یاسا دادگایی بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×