داواكاری گشتی له‌ هه‌رێم: پەکخستنی دادگای پێداچونەوە زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانیمانە
  2026-07-27       184       

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی له‌ هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، بە نیگەرانیدەکی قوڵەوە سەیری دۆخی چەقبەستوی سیاسی و یاسایی ئێستای هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ن و ده‌شڵێت، پەکخستنی پڕۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانیمانە. داواش له‌ هەمو حزب و لایەنەکان ده‌كات هەوڵەکان چڕبکەنەوە لەپێناو سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئاوێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی له‌ هه‌رێم، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی "دەزگای داواکاری گشتی کە ئەرکی پاراستنی سیستەمی گشتی و سەروەری یاسایە بە نیگەرانیدەکی قوڵەوە سەیری دۆخی چەقبەستوی سیاسی و یاسایی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات و پێی وایە مانەوەی هەرێمەکەمان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێکی کارا کە نوێنەری شەرعی گەلی کوردستانە و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم زیانێکی گەورەیە لە هەمو بوارو ئاستێکدا و پەککەوتن و گرفتی قوڵی یاسایی دروست دەکات لە زۆربەی دام و دەزگاکانی دەستوری هەرێم"

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "پەکخستنی پڕۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانیمانە."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، "داواکارین دەسەڵاتی دادوەری دوربخرێتەوە لە هەر کێبڕکێیەکی حزبایەتی و ململانێی سیاسی و سەربەخۆیی و بێلایەنی پارێزراو بێت."

هه‌روه‌ك داواشی كردوه‌، دادگای پێداچونەوە دەست بەکاری ئاسایی خۆی بکاتەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و پاراستنی مافەکان.

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی وتوشیه‌تی "داواکارین لە هەمو حزب و لایەنەکان بە گشتی و فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی کە هەرچی زوە بە دەنگمانەوە بێن و خواستی خەڵک و ئەرکی لە پیشینەی خۆیان وەک ئەمانەتێکی مێژویی لەم قۆناغە هەستیارەدا بەجێبگەیەنن و هەوڵەکان چڕبکەنەوە لەپێناو سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان."

به‌ بڕوای سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی "بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبونی بۆشایی سیاسی و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان و تا ئەو کاتەی پەرلەمان و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت، بەردەوامبونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێویستییەکی دەستوری و یاساییە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارییەتەکەی بە ئامانجی ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بەیاننامە

لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان

دەزگای داواکاری گشتی کە ئەرکی پاراستنی سیستەمی گشتی و سەروەری یاسایە بە نیگەرانیدەکی قوڵەوە سەیری دۆخی چەقبەستوی سیاسی و یاسایی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات و پێی وایە مانەوەی هەرێمەکەمان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێکی کارا کە نوێنەری شەرعی گەلی کوردستانە و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم زیانێکی گەورەیە لە هەمو بوارو ئاستێکدا و پەککەوتن و گرفتی قوڵی یاسایی دروست دەکات لە زۆربەی دام و دەزگاکانی دەستوری هەرێم کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە ماف و ژیانی هاوڵاتیان و بەڕێوەبردنی سێکتەرە گرنگەکان کە تەنها بە کاراکردنەوەی پەرلەمان چارەسەر دەکرێن.

سەبارەت بە ڕاگرتن و پەکخستنی پڕۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانیمانە، چونکە دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنە تەنها یاسا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە، بۆیە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەستوری و یاسایی، داواکارین دەسەڵاتی دادوەری دوربخرێتەوە لە هەر کێبڕکێیەکی حزبایەتی و ململانێی سیاسی و سەربەخۆیی و بێلایەنی پارێزراو بێت و ڕەچاوی ماددەی (پەنجاو دو/ بڕگەی دوەم) لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێم بکرێت کە کاری حزبایەتی لە دادوەران قەدەغە کردوە، بۆیە داواکارین دادگای پێداچونەوەی بەڕێز دەست بەکاری ئاسایی خۆی بکاتەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و پاراستنی مافەکان.

بۆیە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی بنەماکانی ئەرکی خۆمان و پاڵپشت بە ماددەی (١/بڕگەی یەکەم و چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی بەرکار کە لە ئەرکە هەرە پێشینەکانی داواکاری گشتی (پارێزگاریکردنە لە سیستەمی هەرێمی کوردستان و بنەماکانی و ماڵ و سامانی گشتی لە چوارچێوەی مەشروعیەت و چەسپاندنی سەروەری یاسا و دروست جێبەجێکردنی حوکمەکانی)، داواکارین لە هەمو حزب و لایەنەکان بە گشتی و فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی کە هەرچی زوە بە دەنگمانەوە بێن و خواستی خەڵک و ئەرکی لە پیشینەی خۆیان وەک ئەمانەتێکی مێژویی لەم قۆناغە هەستیارەدا بەجێبگەیەنن و هەوڵەکان چڕبکەنەوە لەپێناو سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبونی بۆشایی سیاسی و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان و تا ئەو کاتەی پەرلەمان و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت، بەردەوامبونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێویستییەکی دەستوری و یاساییە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارییەتەکەی بە ئامانجی ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان.

((خوا لە پشت نیازەکانەوەیە))

یەکەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٦/٧/٢٧

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×