كه‌مال محه‌مه‌د، وەزیری کارەبا و وه‌زیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایدەگەیەنێت، کاتژمێر 12ـی ئەمشەو، غاز بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با دابین ده‌كرێت و سبه‌ی سێشه‌ممه، دۆخی كاره‌با به‌ته‌واوی ئاسایی ده‌بێت. دەشڵێت، بڕیاری داشکاندنی قەرزی کارەبا لە 1ـی ئاب دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هه‌ر كه‌سێك به‌ر له‌و رێكه‌وته قه‌رزی كاره‌با بداته‌وه، سودمه‌ند نابێت له بڕیاره‌كه.
ئاوێنه: کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وه‌زیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، به میدیای پارتی راگه‌یاند "ئەمشەو کاتژمێر 12 غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکرێت و بارودۆخی کارەبا بەرەو ئاساییبونەوە دەچێت، سبەی سێشەممەش بە تەواوی دۆخەکە دەگەڕێتەوە وەک پێشتر."
ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیای دانه غاز کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاساییبونەوەی غازی ماڵان و چارەسەرکردنی گرفتی کەمیی بەنزین.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت باسی لەوەش کرد کە پێشتر حکومەتی عێراق بڕێک غازی ماڵانی بۆ هەرێم دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بە که‌وتنه‌وه‌كاری دانه غاز دۆخەکە جێگیر دەبێت.
كه‌مال محه‌مه‌د له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی"ئەو نەوتە خاوەی بەغدا بۆ هەرێمی دابین دەکات زۆر کەمە و چەندین جار داوامان کردووە پشکی هەرێم زیاد بکرێت."
سەبارەت بەوەی بۆچی لیترێک بەنزینی پاڵپشتیکراو لە عێراق بە 450 دینارە و لە هەرێم بە 750 دینارە، به‌قسه‌ی كه‌مال محه‌مه‌د "بەغدا نەوتی خاوی خۆی بەکاردەهێنێت کە تێچوەکەی بۆ هەر بەرمیلێک تەنیا 5 هەزار و 900 دینارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەشێکی نەوتەکە هی کۆمپانیاکانەو تێچوی هەر بەرمیلێک 16 دۆلار (نزیکەی 24 هەزار دینار) لەسەر حکومەت دەکەوێت."
به‌قسه‌ی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان، لە هەرێمی کوردستان 2,790,303 ئۆتۆمبێل هەن، کە 1,960,188ـیان بە بەنزین کاردەکەن و رۆژانە پێویستمان بە 6 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەڵام توانای ناوخۆ تەنیا 1,750,000 لیترە.
وتیشی، بۆ پاڵاوتن پێویستمان بە 126,700 بەرمیل نەوتی خاو هەیە، بەڵام بەغدا تەنیا 50,000 بەرمیل دابین دەکات. بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە چەند کۆمپانیایەک کارەکانیان راگرتبو، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان هەبو.
کەمال محەمەد جەختی کردەوە کە لە گفتوگۆی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ بەغدا بۆ زیادکردنی پشکی بەنزین. هەروەها رایگەیاند "بڕیارمان داوە بڕی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری زیاد بکەین. سبەی سێشەممەش لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزا‌کان کۆدەبینەوە بۆ رێگری لە قۆرخکاری و بەرزکردنەوەی نرخ لەلایەن بازرگانانەوە."
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌و بەنزینخانانه‌ی كه بەنزینی نۆرماڵ ده‌فرۆشن لەو به‌نزینخانانه جیاده‌كرێنه‌وه كه به‌نزینی محسن و سوپەر دەفرۆشن.
هه‌ر وه‌ك كه‌مال محه‌مه‌د ئاماژه‌ی پێدا، پشکی پارێزگاکانیش لە بەنزینی حکومی بەم شێوەیە دیاریکراوە:
هەولێر: 850 هەزار لیتر.
سلێمانی: 500 هەزار لیتر.
دهۆک: 400 هەزار لیتر.
سەبارەت بە بڕیاری داشکاندنی قەرزی کارەبا، وەزیری کارەبا رایگەیاند "تەنیا رێکارەکان ماون بڵاوبکرێنەوە و لە 1ـی ئابەوە بڕیاره‌كه دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت." هۆشداریش ده‌داته هاوڵاتییان کە ئێستا قەرزەکانیان نەدەنەوە، چونکە هەر کەسێک پێش 1ـی ئاب پارە بدات سودمەند نابێت لە بڕیاری داشکاندنەکە.