ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەغدا سورە لەسەر ئەوەی هەرێم ١٢٠ ملیارەکە بنێرێت، بەڵام هەرێم لەتوانایدا نییە و وەزیری دارایی دووبارە بە 'مەقاسە' مووچە دەنێرێتەوە، دەشڵێت "ناردنی مووچە دوادەکەوێت؛ ئەگەری هەیە تا دوو هەفتەی دیکە بنێردرێت".
ئاوێنە: کاوە عەبدولقادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی وت "مووچەی حەوتی هەرێمی کوردستان کێشەی نابێت، بەڵام دوادەکەوێت چونکە بە گشتی دابەشکردنی مووچەی بەغداش دواکەوت، بەڵام مووچەی هەرێم هەر دەنێردرێت و هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە".
لەبارەی ناردنی مووچە بە مەقاسە، ئەو پەرلەمانتارە رونیکردەوە "هەتاوەکو ئێستا ناردنی مووچە بەوجۆرەیەیە کە ئەگەر ١٢٠ ملیارەکە هەرێم نەنێردرێت بەغدا بەشێوەی مەقاسە دووبارە بینێرێتەوە. هەتاوەکو ئێستا هەرێم بە بەغدای راگەیاندووە کە ناتوانێت ١٢٠ ملیارەکە بنێرێت، هەرچەندە کە ئێستاش بەغدا توندە لەسەر ئەوەی کە ١٢٠ ملیارەکە لە هەرێمە بێت".
سەبارەت بە وادەی ناردنی مووچەی مانگی حەوت لە بەغداوە، کاوە عەبدولقادر ئاشکرایکرد " دوو رۆژە دابەشکردنی مووچە لە بەغدا دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا ناردنی مووچەی مانگی حەوت دیار نییە، بەڵام ئەگەری هەیە لە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەی دیکە بنێردرێت".