سەرچاوەیەک بۆ کەناڵی سۆمەریە: بەغدا لە هەفتەی داهاتوودا موچەی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت
  2026-07-29       181       

میدیای عێراق بڵاویكردەوە، حکومەتی بەغدا هەفتەی داهاتو موچەی مانگی (تەمموز/7)ـی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەکات و دەستبەجێ دوای گەیشتنی پارەکە، پڕۆسەی دابەشکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە بە كەناڵی سۆمەرییە نیوزی عێراقی ڕاگەیاندوە، حکومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە هەفتەی داهاتو شایستە داراییەکان و موچەی مانگی (تەمموز/7)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەمەش دوای تەواوبونی ڕێکارە وردبینییەکان.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، دەستبەجێ دوای گەیشتنی پارەکە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی موچە بەسەر تەواوی فەرمانبەرانی سێکتەرە جیاوازەکاندا و هیچ دواکەوتنێک لە پڕۆسەی دابەشکردنەکەدا ڕو نادات.

ئەوە لەكاتێكدایە دوێنی سێشەممە وەزارەتی دارایی عێراق رایگه‌یاند، یه‌كه‌ ژمێریارییه‌كان ده‌ستیانكردوه‌ به‌جێبه‌جێكردنی ڕێكاره‌كانی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ته‌مموز/7)ی موچه‌خۆرانی عێراق. پێشتریش بەرپرسانی هەرێمش ڕایانگەیاندبو، مانگانە دوای دابەشكردنی موچەی خۆیان، بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×