ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم: خشتەی داواکارییەکانی هەرێم بۆ بودجەی فیدڕاڵ ئاماده‌بكرێت
  2026-07-29       34       

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی خۆیدا هه‌ردو وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی پلاندانانی راسپارد خشتەی داواکارییەکانی هەرێم بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بکەن، بە مەبەستی چەسپاندنی مافە دەستورییەکانی هەرێم و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی ڕابردودا بونەتە هۆی سنوردارکردنی مافە داراییەکانی هەرێم.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە،29ی تەمموزی 2026، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌، ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانیی قوڵی خۆی لە بەردەوامبونی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی کردو جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە، هەڕەشەیەکی دیارن بۆ ئاسایش، سەقامگیریی، ژیانی هاوڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەنجومەنی وەزیران دوپاتیشی كرده‌وه‌ کە هەرێمی کوردستان، هەرگیز بەشێک نەبوە لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵکو هەمیشە پاڵپشتی ئاشتی، گفتوگۆ و دراوسێیەتی باش بوە.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە هەمو هەنگاو و ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی به‌نزین و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانيش، چاودێرییەکی تەواوی بازاڕ و کوالێتی سوتەمەنی بکات، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە قۆرخکاری بکرێت و کار بکرێت بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکان و هەمو ئاسانکارییە یاسایی و تەکنیکییەکانیش دابین بکات بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بە ئاسانی و بە نرخێکی گونجاو، دەستیان بە سوتەمەنی بگات.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی لە مافی دەستوریی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی لە نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لەسەر ئاستی عێراق كردەوە، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان و بنەماکانی یەکسانی و هاوسەنگی جێگیرکراو لە دەستوری عێراقدا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەدا، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، هەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری و پلاندانانی ڕاسپارد کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، تێڕوانینی یەکگرتوی حکومەت و خشتەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بکەن، بە مەبەستی چەسپاندنی مافە دەستورییەکانی هەرێم و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی ڕابردودا بونەتە هۆی سنوردارکردنی مافە داراییەکانی هەرێم. لەمبارەیەوە جەخت لە مافە دەستورییەکانی هەرێم و لە نێویشیدا، دابینکردنی موچە و شایستە داراييەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هەمو ناوچەکانی دیکەی عێراق کرایەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه‌، هەروەها، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا، لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز بكات بە ئامادەبونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم، بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆتایی کۆبونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر پڕۆژە یاساکانی قەرزکردن، بەخشین و هاوکاری (الاقتراض والمنح والإعانات) و پڕۆژەی یاسای پەسەندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی 2012 تا 2015 کرد.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری، وەزارەتی پلاندانان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد ، تێبینی و سەرنجە دەستوری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایانە ئامادە بکەن و بۆ حکومەتی فیدڕاڵ و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی بنێرن.

ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها جەختی لە مافی دەستوریی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز، بەخشین و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی کردەوە کە حکومەتی فیدڕاڵ بەدەستی دەهێنێت. بەتایبەتیش کە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای وەرگرتنی هەمو ئەو قەرزە نێودەوڵەتیيانە، بەشدار بوە لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان و ئەو سودانەی هاتوەتە سەری، بۆیە نابێت لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشین و هاوکارییەکاندا، مافی دەستوریی هەرێم پشتگوێ بخرێت یان بە هیچ شێوەیەک سنوردار بکرێت.

کۆبونەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژە یاسایانە، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ماف و بەرژەوەندییە دارایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە پێویستە لە هەمو قۆناخەکانی تاوتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، دەستور و بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵی و پرەنسیپی دادپەروەری و یەکسانی نێوان هەمو ناوچەکانی عێراق، بە تەواوی ڕەچاو بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×