ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە فەرمی دەقی نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژیی ١٠ ساڵەی (٢٠٢٦–٢٠٣٦) بۆ چاکسازیی و ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراق خستە ڕوو، کە ئامانج لێی بنەبڕکردنی کۆسپەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەگەریی و برەودانە بە حوکمڕانیی دیموکراتی و سەروەریی کولتووریی.
ئاوێنە: ئەم بەڵگەنامە ستراتیژییە، کە بەرهەمی توێژینەوەیەکی مەیدانیی و کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتییە لە زانکۆی سۆواس لە لەندەن لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦ بە بەشداریی شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەکادیمیای بەریتانیی و نوێنەرانی دیپلۆماسی و حکوومیی بەڕێوەچوو، لە شەش کۆڵەکەی سەرەکی پێکدێت:
سەربەخۆیی یاسایی و خاوەندارێتی: دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی یاسایی و دامەزراندنی تۆماری ناوەندیی خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی میدیاکان (UBO).
مافی ڕۆژنامەوانان: بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەوانان بەبێ پێویستی بە مۆڵەتی حکوومیی و پۆلێنکردنی بڕوانامەبەندیی ئارەزوومەندانە.
ئازادیی و پاراستنی دیجیتاڵی: پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەوانان، قەدەغەکردنی سیخوڕی دیجیتاڵیی و سەپاندنی ڕێکارەکانی Anti-SLAPP.
بەرەنگاربوونەوەی چەواشەکاری: ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاریی دیجیتاڵیی و خستنەئەستۆی بەرپرسیارییەتی یاسایی بۆ سەر تۆڕە بازرگانیی و حزبییەکان.
تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد: داڕشتنی ڕێنمایی تەکنیکی ژیریی دەستکرد (AI) بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی ڕەسەنایەتیی ناوەڕۆک (C2PA).
ژێرخان و پەروەردە: داڕشتنی ژێرخانی تەکنەلۆژیای گشتی، پاراستنی ئاسایشی سیبەریی میدیا سەربەخۆکان و جێگیرکردنی پەروەردەی میدیایی بەردەوام لە قوتابخانەکاندا (K-12).
لە لێدوانێکدا، پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس، ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک و سەرۆکی ڕێکخراوەکە، جەختیکردەوە کە ئەم نەخشەڕێگەیە نەخشەی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە لەرێگەی زانیاریی و داتای زانستییەوە، و تێیدا پێشنیازی دەرکردنی "یاسای گشتگیری ڕاگەیاندن" لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کراوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە پەرتەوازەیی یاسایی و بڕیارە ئیدارییە دژبەیەکەکان بهێنرێت.
خوێنەران، توێژەران و ناوەندەکانی بڕیار دەتوانن لە ڕێگەی ئەم بەستەرانەی خوارەوە بە هەردوو زمانی کوردیی و ئینگلیزیی دەقی تەواوی نەخشەڕێگا ستراتیژییەکە (٢٠٢٦–٢٠٣٦) دابگرن:
دەقی ڕاسپاردەکان و نەخشەڕێگەکە بە زمانی کوردی
https://chmk.org/ku/the-3rd-chmk-media-reform-forum-recommendations-2026-2036-a-10-year-strategic-policy-roadmap-for-democratic-governance-cultural-sovereignty-and-structural-reform-in-iraqi-kurdistan/
دەقی ڕاسپاردەکان و نەخشەڕێگەکە بە زمانی ئینگلیزی (English Version)
https://forum.chmk.org/chmk-media-reform-forum-recommendations-2026-2036/
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی چاودێری ڕاگەیاندنی کوردی (چمک)
https://www.facebook.com/share/p/19Ho3pj49S/?mibextid=wwXIfr