سەرچاوەکانی نزیک لە پرۆسەی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، بە ماڵپەڕی «Al-Monitor» ـیان ڕاگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا دەستی بە کەمکردنەوەی دوا هێزەکانی خۆی لە عێراق کردووە و پرۆسەکە بە تایبەتی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییە، پرۆسەی کشانەوەکە لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و بەشی زۆری هێزە ئەمریکییەکان و چەکە قورسەکانیان لە خزمەتی سەربازیی دەرکراون.
یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان، لابردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی «Patriot» ـە. سەرچاوەکان دەڵێن هەموو باترییەکانی پاتریۆت لە شوێنەکە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نەناسراو، بەڵام هەندێک سیستەمی بەرگریی تری ئەمریکا هێشتا ماون.
سیستەمی پاتریۆت بۆ دۆزینەوە و لێدانەوەی مووشەک، درۆن و هەندێک جۆری هەڕەشەی ئاسمانی بەکاردێت، بۆیە لابردنی ئەم سیستەمانە لە هەولێر لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی مووشەکی و درۆنی دەبێتەوە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
بەرپرسانی ناوچەکە، کێشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان بە پرۆسەیەکی ئاسایی و لە چوارچێوەی پابەندیی واشنگتن بۆ کێشانەوەی هەموو هێزەکانی لە عێراق دەزانن. بەپێی ڕێککەوتنی واشنگتن و بەغدا، دوا وادەی کێشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ـە.
بەڵام ئەم کێشانەوەیە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی بنکە و شوێنە پەیوەندیدارەکانی بە ئەمریکا، ڕووبەڕووی هێرش و هەڕەشە لەلایەن ئێران و میلیشیا شیعە هاوپەیمانەکانی ئێران دەبنەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی Al-Monitor، ئەم بارودۆخە وای کردووە هەندێک لە کوردەکان هەست بە بێپارێزی و بێپشتگیری بکەن، بە تایبەتی لەگەڵ ئەوەی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەولێر کەم دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کێشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بە مانای کۆتایی هەموو پەیوەندییە سەربازی و ستراتیژییەکانی واشنگتن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان نییە؛ بەڵام دەربڕینی ئەم هەنگاوە لە کاتی زیادبوونی هەڕەشەکان، پرسیارەکانی زۆری دەربارەی ئاستی پاراستنی هەرێم و بنکەکانی ئەمریکا لە دوای کێشانەوە دروست دەکات.
Al-Monitor لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئەم زانیارییەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت پرۆسەی کشانەوەکە هێشتا بەردەوامە و بەشی زۆری هێز و کەرەستە قورسەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دەرکراون.