2026-08-01   214     
ئاوێنە: دوای ئەوەی چاوان سۆران هاوسەری دکتۆر عەبدولـلەتیف سەلەفی بەهۆی کردنەوەی دوکانێکی 'عابای شەرعی' هێرشی توندی کرایە سەر لە رونکردنەوەیەکدا وەڵامی هەموو هێرشەکان دەداتەوە و دەڵێت "کەوتمە ژێر کاریگەرییەوە و دووچاری چاوپێکەوتن بوم، کردنەوەی دوکانەکەش وەکو وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە وتیان تۆراوم".
دەقی ڕوونکردنەوەکەی هاوسەری دکتۆر عەبدول لەتیف سەلەفی:
سوپاس بۆ خوای گەورە، دروود و سەلام لەسەر پێغەمبەرمان محمد و ئال و بەیت و هاوەڵانی.
لێرەوە بە پێویستی دەزانم ئەم ڕوونکردنەوەیە پێشکەش بە هاوسەری بەڕێزم، و بەڕێزان لە قوتابیان و خۆشەویستانی، و هەموو لایەک بکەم:
ڕێگەم پێدرا لەلایەن بەڕێز دکتۆری هاوسەرم بە کردنەوەی دوکانێکی عەبای شەرعی بۆ ئەوەی ئافرەتانی دەوربەرمان جل و بەرگیان لای ئافرەت بکڕن نەک پیاو، بەڵام چەند مەرجێکی بۆ دانام بە، لەوانە: دانەنیشتنی من لە دوکانەکەدا، فرۆشتنی تەنها جلوبەرگی شەرعی، بەدورگرتنی ئەودوکانە لەهاتنی پیاوان بەهەمو شێوازێک و تایبەت کردنی بە ئافرەتان وە پابەندبوون بە بنەماکانی شەرعەوە بەهەموو شێوەیەک.
بەڵام بەداخەوە، بەهۆی ئامادەبوونی لەناکاوی هەندێ ڕاگەیەندکار لە کاتی کردنەوەدا، کەوتمە ژێر کاریگەرییەوە و دووچاری چاوپێکەوتن بوم، کە ئامانجی سەرەکی من لە قەبوڵکردنی چاوپێکەوتنەکەش ڕیکلام کردن نەبوو بۆ دوکانەکە، بەڵکو بەدرۆخستنەوەی ئەو دەنگۆیانەبوو کە گوایە من لەگەڵ دکتۆر کێشەم هەبێت و تۆرابوبم، کە سەرتاپای بوهتانەو دکتۆر تاجی سەرمەو شانازی پێوە ئەکەم و ئێمە لەگەڵی ژیاوین و باشتر ئەیناسین لە خەڵکانی قین لەدڵ و لەخوا نەترس ، وە هەروەها بەداخەوە هەندێک سەرپێچی وەک عەبای نەخشێنراو و تێکەڵاوبوون ڕووی دا کە لەبەرنامەدا نەبوو بەڵکو بەهۆی هاتنی راگەیەندکارەکان ڕویدا بێ ئەوەی لە لایەن ئێمەوە بانگێشت کرابن یان ئاگامان لێ بوبێت؛ وە کەمو کوڕیەکیش لە جل و بەرگ بوبێت کە لە بنەمادا بۆ ناو کۆڕی ئافرەتان بووە نەک پیاوان.
بەڵام هەموو ئەم ڕوداوانە پێچەوانەی مەرجەکانی هاوسەرەکەم بوو و بووە هۆی ئەوەی هەل بۆ نەیاران بڕەخسێت بۆ پەلاماردانی، وە دڵگرانبوونی قوتابی و خۆشەویستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بۆیە بە ڕاشکاوی داوای لێبووردن دەکەم لە:
هاوسەری بەڕێزو خۆشەویستم کە من شانازی پێوە ئەکەم: لەبەر ئەوڕوداوانەت ڕوی یا مەرجەکانی و ئەو ناخۆشییەی پێم گەیاند.قوتابیان و خۆشەویستانی دکتۆر: بەهۆی ئەو نیگەرانی و ڕوداوانەی دروست بوو، و جەخت دەکەمەوە کە دکتۆری بەڕێز ئاگاداری ئەو ڕوداوانە نەبووو پێی رازی نەبووە.
وە لەبەر ئەو تێکەڵاو بوون و ڕوداوانەی ڕووی دا بە بێ مەبەست و پلان بەهۆی هاتنی ڕاگەیەندکارەکان .
پەیمان نوێ دەکەمەوە کە ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە ان شاءالله ، وە بە تەواوی پابەند بم بە ڕێنماییەکانی شەرع و مەرجەکانی هاوسەرەکەمەوە.
پێش هەموشی داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە دەکەم.
چاوان سۆران/ هاوسەری دکتۆر