دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە: ٢٠ ملیار دینار لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا گەڕێنرایەوە
  2026-08-02       55       

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند کە دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە، تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، توانیویەتی بڕی ٢٠ ملیار دیناری عێراقی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا بگەرێنێتەوە.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەم بڕە پارەیە لە ئەنجامی تاوانەکانی گەندەڵی، کارگێڕی و ساختەکاری داراییەوە وەرگیراوەتەوە. ئەم هەنگاوە وەک پشتڕاستکردنەوەیەک بۆ بەردەوامبوونی ڕێوشوێنە یاساییەکان دژی ئەو کەس و لایەنانە سەیر دەکرێت کە ڕێگەی نایاسایی بۆ دەستکەوتنی قازانج و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی بەکاردەهێنن.

​لە ساڵی ٢٠٢٦دا، دۆسیەکانی گەندەڵی لە عێراق بەردوامن و دەستەی دەستپاکی هەوڵەکانی بۆ لێپرسینەوە چڕتر کردووەتەوە؛ لە دیارترین هەنگاوەکانیش دەستگیرکردنی دەیان تۆمەتبار و جەختکردنەوەی وەزارەتی داراییە لەسەر گەڕاندنەوەی دارایی گشتی.

​بەگوێرەی ئامارەکان، تەنها لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢۶دا، ژمارەی دەستگیرکراوان لە چەند دۆسیەیەکی جیاوازدا گەیشتە ٤٧ کەس. لە کۆتایی مانگی تەمموزدا حکومەتی عێراق جەختی لەسەر جێبەجێکردنی میکانیزمی توند بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە کردووەتەوە کە بەهۆی گەندەڵییەوە دزراون.

​یەکێک لە دۆسیە هەستیارەکان کە لەماوەی ڕابردوودا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، دەستگیرکردنی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق عەدنان جومەیلی بوو، کە بەهۆیەوە دواتر زیاتر لە ٦٧ کەس دەستگیرکران و سەدان ملیار دیناریش دەستی بەسەردا گیرا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×