لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاوێنە، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر، تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی گواستنەوەی هێز و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شوێنی ترو ڕوونکردنەوەی لەسەر سنوری کاریگەریی ئەو سیستەمانە دا.
ئاوێنە: جەبار یاوەر بەئاوێنەی راگەیاند "سێ هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەم گۆڕانکاری و جووڵە سەربازییانەوە هەن، یەکەم: دۆخی سەربازیی ئوردن و کێشەی بەرگری، بوونی سەرباز و فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا لەئوردن، کە لەم ماوەیەدا چەند جارێک لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کراون و زیانی گیانی و مادییان لێکەوتووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە لەڕووی سیستەمی دژە-ئاسمانەوە (بەتایبەت پاتریۆت) ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوەو بەو هۆیەوە وا باس دەکرێت کە پاتریۆتەکانی هەولێر بۆ ئەو وڵاتە دەگوازرێنەوە. دووەم: رێککەوتنی ئەمریکاو عێراق، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا لە سەردەمی کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی 2026 کۆتایی بەئەركی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بهێنرێت، و ئەم کشاندنەوەیە پەیوەندی بەو خشتە زەمەنییەوە هەیە. سێهەم: پەرەسەندنی گرژییەکان: بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران و زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی خۆی لەناوچە پارێزراوەکاندا کۆبکاتەوە".
یاوەر سەبارەت بە ڕۆڵی سیستەمی دژە-ئاسمانیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، وتی "سیستەمە ئەمریکییەکان ئاسمانی تەواوی هەرێمی کوردستانیان نەدەپاراست، بەڵکو تەنها ئاسمانی ئەو ناوچانەیان دەپاراست کە بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانیان لێبوو".
وەک بەڵگەیەک بۆ ئەم ڕاستییە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لەخودی هەولێردا چەندین جار بنکەو بارەگای حیزبە دژبەرەکانی ئێران لەلایەن تارانەوە بۆردوومان دەکران، بێ ئەوەی سیستەمی دژە-ئاسمانیی ئەمریکا هیچ ڕێگرییەک لەو هێرشانە بکات.