هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لەسێدارەدان بەبێ گوێدانە هیچ پاساوێک، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ژیانە.
ئاوێنە: لە دەقی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەرووی پەرەسەندنێکی کەموێنە بووەتەوە. بە جۆرێک کە لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٨٥٠ زیندانی لەسێدارە دراون، و لەنێویشیاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و ژناندا تۆمار کراوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەترسیی ڕوودانی کوشتارێکی بەکۆمەڵ لە مێژووی ئێراندا.
بە گوێرەی چاودێرانی سیاسی و بەڵگە بەردەستەکان، لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ململانێ ناوچەییەکانی ڕێژیمدا، سزای لەسێدارەدان زیاتر لە جاران وەک دەزگایەکی کوشتار بۆ دروستکردنەوەی ترسوتۆقاندن لەناو کۆمەڵگە، پاشەکشەپێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنرێت.
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە بەرانبەر خۆپیشاندەران و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیدا شێوازێکی توندی گرتووەتە بەر. بە جۆرێک کە دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، سزای لەسێدارەدانی دەیان خۆپیشاندەر بە ڕێکاری نایاسایی، پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر جێبەجێ کراوە.
لەو چوارچێوەیەدا، کوردستان وەک یەکێک لە سەرەکیترین ناوەندەکانی سەرکوتکردنی سیستماتیک لە ئێران ناسێنراوە، کە تێیدا چالاکوانان بە تۆمەتگەلێکی وەکو "بەغی" و ئەندامبوون لە حیزبەکان لەسێدارە دەدرێن یان هەڕەشەی مەرگیان لەسەرە. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و زیندانییانی سیاسی، بەتایبەتی گیراوانی سیاسیی ژن، کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، ڕووبەڕووی مەترسیی جدی بوونەتەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پێویستە بۆ پاراستنی مافی ژیانی ئەو گیراوانە، لە هەموو توانا یاسایی و دیپلۆماسییەکانیان کەڵک وەربگرن؛ چونکە پەراوێزخستنی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەرفەت بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی کوشتار خۆش دەکات.
هەروەها داوا کراوە کە میکانیزمە یاساییەکانی وەکو کۆکردنەوەی سیستماتیکی بەڵگەکان و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، و گوشارخستنە سەر دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە، بە پەلە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەسەر ڕۆڵی بنەماڵەی زیندانییان، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیاکان و ڕای گشتی کراوەتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستراتیژی ترسوتۆقاندنی ڕێژیمدا. بڵاوکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بە چارەسەرێکی گرنگ دەزانرێت بۆ پێشگرتن لە پەراوێزخستنی دۆسییەکان و زیادکردنی تێچووی سیاسی و نێودەوڵەتیی سەر ڕێژیم، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە سزاکانی لەسێدارەدان. هاوپەیمانییەکە دووپاتی دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ نابێت تەنیا لە دەربڕینی نیگەرانیدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا، هەماهەنگ و کاریگەر هەیە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.