لە بەیانیی ئەمڕۆوە بەهۆی کارکردنی شۆفڵەوە، بۆریەکی سەرەکیی هێڵی ئاوی دووکان بۆ سلێمانی شکاوە و بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی چاککردنەوەی بۆرییەکە نزیکەی دوو ڕۆژی پێدەچێت.
ئاوێنە: ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکدا وتی "نزیک کاتژمێر هەشتیی بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی کارکردنی شۆفڵ لە پڕۆژەیەک، بۆریی هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی شکاوە و تیمەکان لە کارکردنی بەردەوامدان بۆ چاککردنەوەی".
ئاشکراشیکرد "بەتاڵکردنەوەی بۆریەکە 12 کاتژمێری پێدەچێت، تا دوو ڕۆژی دیکە بۆریەکە بە تەواوی چاک دەبێتەوە و ئاو دەگاتەوە ئەو گەڕەک و ناوچانەی ئاویان لەسەر ئەو بۆریەیە".
بەگوێرەی زانیاری ناوبراو، شکانی بۆریەکە ئاوی ئەم شوێنانەی بڕیووە؛ گەڕەکەکانی قڕگە، سێتوان، ئیبراهیم ئەحمەد، کازیوە، گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 60 مەتری، ڕاپەڕین و تاسڵوجە. هاوکات ئاوی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش، تەکیە، بازیان، گۆپاڵە، باینجان، ئەڵلایی و پیرەمەگروون ئاویان بڕاوە.
لایخۆشییەوە فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی رایگەیاندووە، ڕێککاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنە بەر کە بوونەتە هۆکاری شکانی بۆرییەکە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.