وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وردەکاریی نوێ لەسەر قەیرانی بەنزین بڵاودەکاتەوەو بهرپرسێكى باڵاى وهزارهتهكهش دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەی عێراق لەڕێگەی کۆمپانیای (ئادنۆک)ەوە بەنزین هاوردە دەکاتو بەنرخێکی هەرزان دەیخاتە بەردەستی هاوڵاتییان، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک یان بەنزینێک بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێتو لەبەرامبەر داواکاریی زیادکردنی پشکی نەوتی پاڵاوگەکانی هەرێم بێدەنگە".
ئاوێنە: د. غەزال عوزێر هۆستانی بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ میدیاى نزیك لهپارتى قسهیكردوهو وردەکاریی نوێی لەبارەی قەیرانی بەنزینو پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا ئاشکراکردوهو وتویهتى، "شەوو ڕۆژ لەسەر هێڵین بۆ سوککردنی باری سەرشانی هاوڵاتیان".
بهوتهى د. غەزال، "قەیرانی بەنزین بابەتێکی گشتگیرەو تەنها هەرێمی کوردستان نا، بەڵکو عێراقو جیهانیشی گرتوەتەوە، ئێمه پێشبینی ئەم دۆخەمان کردبوو، هەربۆیە پێش دروستبونی قەیرانەکە، 10 نوسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی بەغدا کردو داوای هاوکاریمان کرد، بەڵام حکومەتی فیدراڵ تائێستاش بێدەنگو بێوەڵامە".
سهبارهت بهوردەکاریی داواکارییەکانیان، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان ڕایگهیاندوه، "بەفەرمی داوامان لەوەزارەتی نەوتی عێراق کردوە بەشەنەوتی کوردستان لە 50 هەزار بەرمیلەوە بکرێتە 130 هەزار بەرمیلو تەنانەت پێشنیازمان کردوە ئەگەر بەغدا دەتوانێت نەوت بنێرێت لێرە دەیپاڵێوین، یان لەنەوتی بەرهەمهاتوی کوردستان بڕەکە زیادبکرێت، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نییە".
د. غەزال هۆستانی تیشکیخستوهتهسەر جیاکارییەک لەمامەڵەکردنی بەغداو وتویهتى، "حکومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەتی بۆ هاوردەکردنی بەنزین داناوەو هەر لیترێک بەزیاتر لە1500 دینار پاڵپشتیدەکات تا بە 450 دینار بیداتە هاوڵاتییانی خۆی، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک یان پشکێک لەو بەنزینە هاوردەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت".
لەلایەکی دیکەوە، ناوبراو ڕونیکردەوە، ئێستا تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوت دەدرێتە پاڵاوگەکان (40 هەزار بۆ لانازو 10 هەزاریش بۆ کار)، کە تەنها یهك ملیۆنو 750 هەزار لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنن، ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنها پاڵاوگەی کار توانای پاڵاوتنی 75 هەزار بەرمیلی هەیە، بەڵام بەهۆی بێ نەوتییەوە تەنها 10 هەزار بەرمیلی پێدەدرێت.
لەکۆتاییدا، د. غەزال جەختیکردوهتهوه، هانی کۆمپانیاکان دەدەن بۆ هاوردەکردنی بەنزینو ئاسانکارییان بۆ دەکەن، هەروەها دڵنیاییدا کە هەموو ئەو تانکەرانەی بەنزین دەگوازنەوە لەژێر چاودێریی توندی کامێراو تیمەکانی پشکنیندان تا دەگەنە بەنزینخانەکان، دهشڵێت، "پێشبینیدەکەین لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا کێشەی بەنزین بەرەو چارەسەربون بچێتو لەسەر ئەو پرسەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەگفتوگۆداین".