وه‌فدی ئیمرالیی ده‌م پارتی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، به "كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌مدار" ناوده‌بات و ده‌شڵێت، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له ئیراده‌ی هاوبەش بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە بەشێلگیرییەوە كرایه‌وه.
ئاوێنه: پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، ئەندامانی وه‌فدی ئیمراڵیی ده‌م پارتی، شه‌وی چوارشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا هاوبه‌شدا رایانگه‌یاند "ئەمڕۆ لە لەگەڵ سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وه‌فده‌كه‌ی له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی کۆبونەوەیەکی بەرهەمدارمان ئەنجامدا کە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایەند."
ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو "لەگەڵ ئەردۆغان پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموكراسیمان تاوتوێ كرد. لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پەسەندکردنی 'یاسای به‌هێزكردنی یەکگرتنی نەتەوه‌یی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی'، کە لەناو ڕایگشتیدا بە 'یاسای چوارچێوە' ناسراوە، لە پەرلەمانی تورکیا بە دەنگێکی زۆر بەرز کە 467 دەنگ بو، مایەی خۆشحاڵییە، هەروەها به‌شێوه‌یه‌كی دوقۆڵی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ گرنگیی ئەو قۆناغەی پرۆسەکەی پێگەیشتوە و هەنگاوەکانی داهاتو، کرا."
وه‌فدی ده‌م پارتی هێمایان بۆ ئه‌وه‌ش كردوه "جەخت لەوە کرایەوە کە كردنه‌وه‌ی ئاسۆی قۆناغێک کە تێیدا دیموکراسی و باری سیاسی بەهێز بن لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە، گرنگییەکی زۆری بۆ تەواوی هاوڵاتییانمان و وڵاتەکەمان هەیە. لە کۆبونەوەکەدا، ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە بەشێلگیرییەوە جارێکی دیکە جەختی لێکرایەوە."
ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه "لە مەودواش هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە پێناو بەرژەوەندیی هەمو تاکێکی وڵاتەکەمان به ئاڕاسته‌ی ئاشتی و دیموکراسی به‌ره‌وپێش بچێت."
پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یاندا وتویانه "پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی ته‌واوی ئه‌و پارتە سیاسی و توێژانه‌ی کۆمەڵگە دەکەین کە تا ئەمڕۆ بە پشتیوانی، پێشنیار، هۆشیاركردنه‌وه‌و ڕەخنەکانیان هێزیان پێبەخشیوین."