لە درێژەی کاردانەوەکان سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازیی ئابووری، پەرلەمانتارێک پێشنیازێکی نوێ ئاراستەی سەرۆک وەزیران دەکات و جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی ڕێکارێکی هێمن دەکاتەوە بۆ گۆڕینی دراوی نیشتمانی، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە مەترسییەکی گەندەڵی.
ئاوێنە: عامر عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕێگەی پەیامێکەوە کە ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی کردووە، هۆشداریی توندی داوە لەوەی کە هەر پرۆسەیەکی خێرا و لەناکاو بۆ گۆڕینی دراو دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ گەندەڵی، بەتایبەتی لە قۆناغی کۆکردنەوە و لەناوبردنی دراوە کۆنەکاندا.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی پێشنیازەکە، باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە کە حکومەت ماوەی چوار تا پێنج ساڵ مۆڵەت بدات بۆ ئەوەی هەردوو دراوی کۆن و نوێ پێکەوە لە بازاڕدا مامەڵەیان پێوە بکرێت، هاوکات پرۆسەی ئاڵۆگۆڕکردنەکەش بە شێوەیەکی سروشتی و لە ڕێگەی تۆڕی بانکییەوە بەڕێوە بڕوات.
کاپشن: عامر عەبدولجەبار داوا لە سەرۆک وەزیران دەکات بۆ گۆڕینی دراوی نیشتمانی ڕێکارێکی نەرم و هێمن پەیڕەو بکرێت و بۆ ماوەی چەند ساڵێک هەردوو دراوەکە پێکەوە لە بازاڕدا بمێننەوە، ئەگەرچی هۆشداریش دەدات لەوەی خێراکردنی پرۆسەکە مەترسیی گەندەڵی لێدەکەوێتەوە.