ئا: ئاوێنە
ئیسرائیل نیگەرانە لەهەڵوێستەکانی تۆم باراک، کە ملیاردێرێکی ئەمریکی بەڕەچەڵەک لوبنانییەو نوێنەری دۆناڵد ترەمپە بۆ سوریا. باراک لەئیسرائیل وەک نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەردۆغان سەیر دەکرێت، هەروەها وەک کەسێک کە هەوڵ دەدات بۆ تێکەڵکردنی سوریا لەگەڵ سیستەمی ناوچەییدا.
ئورشەلیم، نیگەرانە لەو هێڵەی کە نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە سوریا و تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەیگرێتەبەرو توانای کاریگەری لەسەر سەرۆکی ئەمریکا هەیە. دوایین ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و باراک ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئەبو ئەلدهور لەباکووری ڕۆژئاوای سوریا لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە بۆشایی نێوان ئیسرایل و نێردەی ئەمەریکا سەبارەت بە داهاتووی سوریا و پێگەی تورکیا لەناوچەکە و ئازادیی کردەوەی ئیسرائیل ئاشکرا دەکات.
باراک تاڕادەیەک بە توندی وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "مەترسی ڕاستەقینە" بۆ پەرەسەندنی خێرا و ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و تورکیا و سوریا دروستدەکات و هۆشداریشیدا لەوەی کە نەبوونی پەیوەندی نێوان لایەنەکان دەکرا ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی نادروستی تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئەمەریکا کاردەکات بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ ڕێگریکردن رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و سوریا و تورکیا.
بەڵام ئیسرائیل لەڕوانگەیەکی جیاوازەوە ڕووداوەکە دەبینێت. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە سووریا هۆشداریی ئیسرائیلی سەبارەت بەئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزەکانی تورکیا لەو بنکەدا پشتگوێ خستووە و مەبەست لەهێرشەکە بۆ ڕێگریکردن بووە لە گۆڕانکاری لەهاوسەنگی ئەمنی لەسەر زەوی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە هەشت لێدانی لەخۆگرتووە کە بەر ڕێڕەوی فڕین و شوێنی عەمبارکردن لە بنکەکە کەوتووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ لێدوانی لەسەر هێرشەکە دا و وتی "تەحەمولی دامەزراندنی بنکەی سەربازی تورکیا ناکەین کە بەرەو باشوور بێت. چونکە هەڕەشە لەئاسایشمان دەکات".
لە ئیسرائیل پێیان وایە خەمی سەرەکی تەنیا لە لێدوانەکانی باراکەوە نییە، بەڵکو لەو تێڕوانینەی کە لەگەڵ خۆی دەیھێنێت، کە تورکیا و بەتایبەتی سەرۆکەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، جێگەیەکی زۆر مەرکەزی لە داڕشتنی سیساتەمی ناوچەکەدا داگیرکردووە.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاگادار لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا دەڵێت "بارەک بە کەسێک دادەنرێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەردۆغان و ڕژێمی سوریا لە ئەمریکا پێش دەخات".
بە وتەی ئەم سەرجاوەیە "باراک بایەخ نادات بەهەستیارییەکانی ئیسرائیل، سەرنجی لەسەر ئەو قازانجە دەستبەجێیەیە کە ئەمریکا دەتوانێت لەسوریا بەدەستیبهێنێت".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە باڵایە "ناتانیاهۆ حەزی لەباراک نییە، چونکە پێیوایە ئەو لە پشت پاڵپشتیی ترەمپەوەیە بۆ جۆلانی (ئەحمەد شەرع) سەرۆکی سوریاو بەئەردۆغانەوەی دەبەستێتەوە".
لە ئیسرائیل مشتومڕ لەسەر ئەوە لەئارادە کە تا چ ئاستێک باراک توانای ڕاستەقینەی هەیە بۆ کاریگەریکردنە سەر ترەمپ.
لەلایەکەوە باراک یەکێکە لەو کەسانەی کە دەیان ساڵە لەسەرۆکەوە نزیکە. زۆر پێش ئەوەی بچێتە ناو سیستەمی حکومەتەوە لێی نزیک بووەو بەدرێژایی ساڵان وەک پەیوەندیی خۆی لەگەڵ جیهانی عەرەبی و لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا کاری کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەرج نییە نزیکیی کەسی یەکسان بێت بەکاریگەری لەسەر بڕیاردان.
لەئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "ڕوون نییە تا چەند کاریگەری لەسەر ترەمپ هەیە"و دەڵێن "بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ترەمپ نییە"، وەک بەڵگەش، ئیدانەکردنی هێرشەکە بۆ سەر بنکەی هێزی ئاسمانی لەئیدلیب لەلایەن باراکەوە، نەبووە هۆی ئەوەی ئیدانەکردن لەلایەن ترەمپ و وەزارەتى دەرەوە ببینین.
بەڵام دیپلۆماتە باڵاکانی ڕۆژئاوا وێنەیەکی جیاواز دەخەنە ڕوو و مەزەندە دەکەن کە ترەمپ باراک وەک پیاوی خۆی دەبینێت کاتێک باس لە گۆڕەپانی تورکیا و سوریا دەکرێت.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە، هەر ئەو ڕاستییەی کە ترەمپ لەیەک کاتدا ڕۆڵی باڵیۆزی لە ئەنقەرە و نێردەی تایبەت لە سوریای پێ سپارد، ئاماژەیە بۆ ئەو ڕادەیەی متمانەی پێی هەیە.
کەلێنی نێوان باراک و ئیسرائیل لەئێستاوە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەحمەد شەرعو هاتنە سەر دەسەڵاتی لەدیمەشق ئاشکرا بوو. ئیسرائیل لەسەرەتادا زۆر نیگەران بوو لەڕێبازە نوێیەکەی ئەمریکا بەرامبەر بەسەرکردایەتی سوریا کە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
ترەمپ خۆی لەگەڵ شەرع کۆبووەوەو گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە دیمەشق بەرەوپێش برد. باراک بوو بە یەکێک لەتەلارسازەکانی سەرەکی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیلو سوریاو تورکیا.
بەڵام لە میانەی ئەم دانوستانانەدا ئەوە ڕوون بووەوە کە باراک تەنها بەدوای ئەوەدا نییە ڕێگری لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و سوریا بکات. ئەو چەمکێکی فراوانتر بەرەوپێش دەبات، ئەویش بریتییە لە تێکەڵکردنی سوریا بە سیستمی ناوچەیی و نۆژەنکردنەوەی ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئەو جێگایەی کە دەتوانرێت.
باراک تەنانەت پێشتریش ململانێی نێوان ئیسرائیل و سوریای بە "کێشەیەکی چارەسەرکراو" پێناسە کردووە و داوای کردووە پەیمانی نادەستدرێژیی دەستپێبکات. لە لایەکی دیکەوە لەئیسرائیل هەوڵ دەدەن دڵنیابن لەوەی کە ئەو ڕێکخستنە نوێیە نابێتە هۆی ئەوەی سوریا ببێتە پارێزگایەکی تورکیا و ڕێگە بە ئەنقەرە نادات ژێرخانی سەربازی بنیات بنێت کە ببێتە هەڕەشە لە سەر ئازادیی جموجۆڵ و کردەوەی ئیسرائیل.
یەکێک لەو لێدوانانەی کە بە تایبەتی پەیوەندییەکانی نێوان باراک و ئیسرائیلی گرژ کردەوە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لەکۆڕێک لەدۆحە روویدا.
باراک لەو کاتەدا وتی کە "ئیسرائیل دەتوانێت بانگەشەی دیموکراسی بکات"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ناوچەکەدا "ئەوەی باشترین کاریگەری هەبووە، سیستەمی پاشایەتی بووە".
ئەو قسانە لە ئیسرائیلدا هەرایەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو لەئورشەلیم وەک بێڕێزییەکی نائاسایی بۆ سروشتی دیموکراسی وڵات لێکدرایەوە.
دوابەدوای ئەو قسانە باراک هاتە ئیسرائیل و لەگەڵ نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیران کۆبووەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا باس لەوە کرابوو کە کۆبوونەوەکە لە نێوان شتەکانی دیکەدا باس لە هێڵە سوورەکانی ئیسرائیل لە سووریا و هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە پێکدادان لە نێوان قودس و واشنتۆن کراوە. دوای کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکە بە ئاشکرا بە "بنیاتنەر" وەسف کرا. یەکێک لە بابەتە هەستیارەکان لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە هەوڵی ئەمریکایە بۆ گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ ناو سیستەمی ئەمنی ئەمریکا. باراک بە ئاشکرا پاڵپشتی پێشکەوتنی کرد سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی F-35. ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆی بەرهەمدار لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەدا بەڕێوەدەچێت، جەختیشی لەسەر ئەو کەشوهەوای ئەرێنییە کردەوە کە پەیوەندی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان دروستیکردووە. ئیسرائیل دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکات، بەشێکیشی بەهۆی بوونی سەربازی تورکیا و قووڵبوونەوەی تێوەگلانی ئەنقەرەیە لەسوریا.
پرسەکە تەنها تیۆری نییە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا تورکیا بووەتە یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ بەهێزکردنەوەی سوپای سوریا و ژێرخانی ئەمنی ئەو وڵاتە. لە بنکەی ئەبو ئەدوهور کە ناوەندی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بوو، بە هاوکاری تورکیا کارەکانی ئاوەدانکردنەوە ئەنجامدرا.
جگە لەپەیوەندی شەخسی لەگەڵ ترەمپ، کەسانێکیش هەن لە ئیسرائیل کە بە گومانەوە سەیری پاشخانی بازرگانی باراک دەکەن. ناوبراو بازرگان و ملیاردێرێکی ئەمریکییە و بە ڕەچەڵەک لوبنانی-مارۆنییە، ساڵانێکە لە مامەڵە و پەیوەندییە بازرگانییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشدارە. لەماوەی ڕابردوودا پەیوەندی بازرگانی بەرفراوانی لە وڵاتانی کەنداو هەبووە، لەوانە قەتەر.
ئەم پەیوەندیانە بۆ خۆیان ئەوە ناسەلمێنن کە باراک لەسەر حیسابی سیاسەتی ئەمریکا یان ئیسرائیل بەرژەوەندیی دەرەکیو بازرگانی تایبەتی خۆی بەرەوپێش دەبات. لەڕاستیدا باراک خۆی بەدرێژایی ساڵان ئیدیعای کردووە کە هەوڵدەدات بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا بەرەوپێش ببات. بەڵام سەرچاوەگەلێک لە ئیسرائیل هەن کە پێیان وایە پاشخانی بازرگانییەکەی لانیکەم بەشێک لەجیهانبینییەکەی ڕوون دەکاتەوە: کەمتر جەختکردنەوە لەسەر هاوپەیمانییە مێژووییەکان و زیاتر لەسەر گرێبەستەکان، سەقامگیری، وەبەرهێنان و توانای بەدەستهێنانی قازانجی ئابووری لەڕێکخستنە ناوچەییەکان.
بەپێی ئەم سەرچاوانە: "مەرج نییە دژی ئیسرائیل بێت - بە سادەیی بەرژەوەندییەکان لەچاوی ئیسرائیلەوە نایبینێت."
ڕەنگە ئەمە خاڵی سەرەکی بێت سەبارەت بەباراک. تەنانەت مەرج نییە بەرپرسانی ئیسرائیلی کە ڕەخنەی لێدەگرن، بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەو بەمانای کلاسیکی "دژە ئیسرائیلییە". کێشەکە، بۆ ئەوان، ئەوەیە کە باراک خاڵی دەستپێکی ئیسرائیل قبوڵ ناکات کە بەپێی ئەو خاڵە هەڕەشەی ئەمنی دەبێت زاڵ بێت بەسەر ڕەچاوکردنی سەقامگیری ناوچەکەو ئابووریدا.
باراک، تورکیا وەک زلهێزێکی ناوچەیی دەبینێت کە دەتوانرێت و پێویستە کاری لەگەڵدا بکرێت. ئەو ڕژێمی نوێی سوریا بەدەرفەتێک دەزانێت کە پێویستە دابمەزرێندرێتەوە، نەک هەڕەشەیەک کە پێویستە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
پێی وایە ڕێکخستنی ئابووری و میکانیزمی هەماهەنگی و دیپلۆماسی ڕاستەوخۆ دەتوانێت جێگەی بەشێک لەبەکارهێنانی هێز بگرێتەوە. بۆ نموونه دوای هێرشەکەی سەر ئه بو ئەدهور، باراک سەرنجی نەخستە سەر ئەو پرسیارەی که ئایا ئیسرائیل لەڕوانگەی هەواڵگریی یان ئاسایشەوە راست دەکات؟ ناوبراو تیشکی خستە سەر مەترسی ئەوەی کە هێرشەکە ببێتە هۆی ململانێ لەگەڵ تورکیا و جەغتی کردەوە لەسەر پێویستی دانانی میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ ڕێگریکردن لەبەریەککەوتن.
لەم ڕۆژانەدا ئیسرائیل و تورکیا ٢٠ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوانیاندا تێدەپەڕن. لە ئیسرائیل وریان تورکیا بە "دوژمن" ناو نەبەن و وەک نەیار باسی بکەن. ئیسرائیل بەردەوام پەیامی توند ئاراستەی ئەمریکییەکان دەکات کە تورکیا کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوپای سوریا دەکات و ئەردۆغان بەردەوام دژی ئیسرائیل هانی جیهان و موسڵمانان دەدات. هەڵسەنگاندنەکە لە ئیسرائیلدا ئەوەیە کە بەڕاستی هیچ مەترسییەک نییە کە ململانێیەکی سەربازی نزیک لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا ڕووبدات، بەڵام دەبێت وریا بین نەگەینە ئەوێ.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە شارەزای پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیایە، دەڵێت "ئەمریکییەکان بەهیچ شێوەیەک و بەهەر نرخێک ڕێگە بەم کارە نادەن. کارەساتێک دەبێت بۆ ئەمریکا کە دوو هاوپەیمانەکەی شەڕی یەکتر بکەن. ئەمانە زیاتر ئیستفزازین کە مەبەست لێی بەدەستهێنانی پشتیوانی ناوخۆییە".
دەشڵێت "هیچ کەسێک لە ئیسرائیل نایەوێت شەڕ لەگەڵ تورکیادا ڕووبدات، دیالۆگ لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا هەیە، کەناڵی ڕاستەوخۆ هەیە، بەڵام پێدەچێت بە ڕادەی پێویست کاریگەر نەبن. لە هەر حاڵەتێکدا ئەمریکییەکان پێیان خۆشە کەناڵی ئەو گفتوگۆیە بەڕێگەی ئەواندا تێپەڕێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکەن، ئەگەری ئەوە هەیە کە نێردەی ئەمریکی بە ئەنقەست خستنەڕووی دۆخەکە خراپتر بکات بۆ ئەوەی کەناڵی دیالۆگ لەڕێگەی ئەمریکاوە بەهێزتر بکات".