ئا: ئاوێنە
پێش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئەبوزهور لەباکوری سوریا، سەرۆکی مۆساد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا قسەی کرد، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیلیش، گەشتێکی بۆ باشووری سوریا کرد، بەڕوونی ئەوەیان خستەڕوو کە لێبوردەیی سفر دەبێت بەرامبەر بەهێزەکانی تورکیا لەناوچەکەدا، نەتانیاهۆش جەغتی لەسەر ئەو پەیامە کردەوە بۆ تورکیاو سوریا.
رۆژی چوارشەممە، ١٩ی ئاب، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، مەیجر جەنەڕاڵ ئیال زمیر لەگەڵ جەنەڕاڵ دیمیتریۆس هۆپیس، سەرۆکی ئەرکانی یۆنان کۆبووەوەو ڕایگەیاند "سەردانەکە جەخت لەسەر گرنگی ستراتیژی و پەیوەندیی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێستای نێوان ئیسرائیل و یۆنان دەکاتەوەو پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرایلو یۆنان بەردەوامە بۆ بەهێزکردنی پەیمانی دووقۆڵی درێژخایەنی نێوانیان".
هاوکات و لە سایەی گرژییەکانی دوای هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی باکووری سووریا، ئەمڕۆ سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، گەشتێکی بۆ باشووری سوریا کرد.
سەردانەکەی سەرۆک ئەرکانی سوپای یۆنانو گەشتەکەی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لەکاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ تورکیا روو لەهەڵکشانن، ئەمەش دوای هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ئەبو زهور لەپارێزگای ئیدلب، لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ بەڕوونی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی قبوڵ نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە سوریا ڕێگەی بەهێزەکانی تورکیا داوە لەبنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک حەلەب جێگیر ببن، سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکانی ئیسرائیل، هەروەها بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە "ئیسرائیل تەحەمولی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی ناکات".
لە بەیاننامەکەدا کە نووسینگەکە بڵاویکردۆتەوە، هاتووە: "ئیسرائیل و سوریا ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی دۆخی ئێستا لەبابەتە ئەمنییەکاندا، بەڵام سوریا خەریک بوو پێشێلی بکات بەڕێگەدان بەهێزەکانی تورکیا بۆ خۆئامادەکردن لە بنکەیەکی ئاسمانی لەنزیک حەلەب. ئیسرائیل جاروبار هۆشداری بە سوریا داوە کە ئامادەکارییەکی لەو شێوەیە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بەڵام ئەو هۆشدارییە پشتگوێ خراوە. ئیسرائیل تەحەمولی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی ناکات".
گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر یۆنان هەیە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان باسی لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی نێوان قودس و ئەنقەرە کرد و بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە بە بۆچوونی ئەو قسە گەرم و گوڕەکان ململانێی زۆر قووڵتر دەشارێتەوە لەوەی کە لە ڕووکەشدا دەردەکەوێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵە تۆڕی تەلەفزیۆنی یۆنانی ANT1، پرسیار لە میتسۆتاکیس کرا سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە. سەرۆک وەزیرانی یۆنان بە وریاییەوە ڕوونیکردەوە “ئەم ئاڵوگۆڕانە تازە نین”. واتە جیاوازی قووڵتری بەرژەوەندییەکان دەشارنەوە.
هاوکات هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیل و یۆنان، کە دراوسێی تورکیایە، بەردەوامە لەبەهێزبوون. کۆتایی مانگی ڕابردوو ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی یۆنان پلانی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە(شین و سپییەکان - کە رەنگەکانی ئاڵای ئیسرائیلو یۆنانە" بە کۆی گشتی نزیکەی سێ ملیار یۆرۆ پەسەند کرد. ڕۆژنامەی یۆنانی کاثیمێرینی بڵاویکردەوە، ئەو بەرنامەیە کە ناوی "قەڵغانی ئەکیل"ی لێنراوە، مەبەست لێی دروستکردنی چەترێکی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی و مووشەکییە بۆ ئەسینای پایتەخت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لیوا ئەیال زمیر، سەردانی سوریای کرد و لەژێر ڕۆشنایی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئیدلب لەباکوری ڕۆژئاوای سوریا پەیامێکی پێشکەشکرد: "ئێمە دەبینین چی ڕوودەدات و چاودێری گۆڕانکارییەکانی بەرەی سوریا دەکەین؛ ڕێگە نادەین هێزە دوژمنکارەکان خۆیان لەنزیک سنوورەکانماندا جێگیربکەن و دەزانین چۆن دەسەڵاتی خۆمان بە وردی لە کوێ و لە کاتی پێویستدا بەکاربهێنین".
زمیر، قسەکانی خۆی ئاراستەی ئەنقەرە کردو ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل ڕێگە بە تورکەکان نادات هێزێکی سەربازی لەسوریا دروست بکەن، ئەو وتی "ئێمە هێشتا لەشەڕێکی فرە دیمەنداین، وریا و چالاکین لە هەموو گۆڕەپانەکاندا - پەرەسەندن دەتوانێت لە هەریەکێکیان رووبدات و دەبێت بەردەوام لە ئامادەباشیدا بین بۆ ئەمە" .
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئێوارەی ١٩ی ئاب بڵاویکردەوە، ڕۆمان گۆفمان سەرۆکی مۆساد و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە14ی ئابدا باسیان لە ئامادەبوونی سەربازی تورکیا لە سوریا کردووەو گۆفمان هۆشداری داوە کە رێگه به هیچ ئامادهبونێكی سهربازیی توركیا له سوریا نادهین.
ئێوارەی ١٩ی ئابیش. نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا نووسیویەتی "تەحەمولی دامەزراندنی هیچ بنکەیەکی سەربازی تورکیا لەسوریادا ناکەین، کە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، ئێمە پەیامەکەمان بە ڕوونی ڕاگەیاند: مەیکەن. وادیارە بە باشی گوێیان لێ نەبووە، بۆیە دڵنیا بووین لەوەی باشتر لێی تێدەگەن".
بەگوێرەی هەواڵێک کە کەناڵی 12ی ئیسرایل بڵاویکردۆتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا بەردەوامە لە پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و سوریا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەمریکا بەردەوامە لەو باوەڕەی کە دیالۆگ باشترین ڕێگەی بەرەوپێشچوونە.