وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕەخنە لە میکانیزمی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە پرۆسەکە بەپێی نەریتی دیموکراسی لەسەر بنەمای کارنامە بێت نەک پەیوەندییە کەسییەکان.
هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەیامێکی ڕەخنەئامێزدا لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، شێوازی کارکردنی ئێستای لایەنەکان لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکاندا یەکناگرێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی یاسا و پرەنسیپە جیهانییەکان، ئەو کەسەی دەبێتە کاندیدی سەرۆکوەزیران، پێویستە خودی خۆی سەردانی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بکات و پلان و بەرنامەی کاری چوار ساڵی داهاتووی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی بتوانێت متمانەی سیاسی بەدەستبهێنێت، نەک لایەن یان نوێنەری تر بە نوێنەرایەتی ئەو بجوڵێنەوە.
وتەبێژی نەوەی نوێ بەراوردی شێوازی پێکهێنانی حکومەتی کرد بە «پرۆسەی هاوسەرگیری» و وتی، لەبری ئەوەی خودی کاندیدەکە ڕاستەوخۆ دەستپێشخەری بکات، کەسانی دیکە بۆ گفتوگۆ دەنێردرێن. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕوون لەلایەن کاندیدی سەرۆکوەزیرانەوە پێشکەش نەکراوە و تەنیا لە ڕێگەی دەربڕینی دەستەواژەی وەک «کوڕی باشی» و «درێژکردنی دەستی دۆستایەتی» هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکان دەدرێت، کە بە وتەی ناوبراو ئەم شێوازە لە دیدی ئەوانەوە بێبایەخە.
شاهین داوای لە کاندیدی سەرۆکوەزیران کرد کە بەرنامە کارگێڕی و سیاسییەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاشکرا بکات، تاوەکو لایەنەکان بتوانن لەسەر مەرج و بنەماکانی ئەو پلانە دانوستان ئەنجام بدەن. جەختیشی کردەوە کە لە سیستمە دیموکراسییەکاندا متمانەپێدان لەسەر بەرنامەی حکومەت بنیات دەنرێت، هەربۆیە جوڵانەوەکەیان چاوەڕوانی بینینی کارنامەی نووسراوی کابینەکەیە و لە کۆتاییشدا وتی: «فەرموو بەرنامەکەمان پێبڵێ بزانین چییە، تا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت».
ئەم هەڵوێستەی وتەبێژی نەوەی نوێ وەک وەڵامێکە بۆ لێدوانەکانی مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی «ئەلمۆنیتەر»، کە تێیدا نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو لەوەی دوای تێپەڕبوونی ٢٠ مانگ کابینەی نوێ پێک نەهێنراوە و لایەنە سیاسییەکانی بە «بە بارمتەگرتنی پەرلەمان» تۆمەتبار کردبوو، هاوکات ڕایگەیاندبوو: «من بەردەوام دەبم لە درێژکردنی دەستی دۆستایەتیم و داوا لە هەمووان دەکەم وەرن و پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندایە».