مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ سێشەممە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی و تێکەڵبوونی تەواوەتیانی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا ڕاگەیاند، ئەمەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا).
ئاوێنە: عەبدی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە "کۆشکی گەل" لە دیمەشقی پایتەخت بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: "کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەیان وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پاراستنی مافی خوێندنی بە زمانی کوردی ڕاگەیاندووە و هەڵوێستێکی کراوەی بەرامبەر بە مافی خوێندن بە زمانی دایک نیشان داوە.
هەروەها وتی: "ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی مێژووییدا وەستاوین کە تێیدا لاپەڕەیەکی گرنگ لە مێژووی سووریا دادەخەین و لاپەڕەیەکی نوێ بە ناونیشانی ئاشتی، سەقامگیری و ئاوەدانی دەکەینەوە،" جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەلومەرجەکانی ئەمڕۆ گۆڕاون و وڵات پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە کە ئامانج لێی بنیاتنانی سووریایەکی نوێیە."
فەرماندەی پێشووی هەسەدە زیاتر وتی: "دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەکی ڕاستەقینە بۆ گواستنەوە لە گۆڕەپانەکانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانەکانی ئاوەدانی، و لە قۆناغی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی."
ئەم ڕاگەیاندنەی مەزڵوم عەبدی بە واتای کۆتاییهاتنی بوونی هێزەکانی هەسەدەیە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ، ئەمەش دوای نزیکەی ساڵێک و نیو لە دانوستانەکانی نێوان ئەو و حکومەتی سووریا دێت.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای دیدارێکی نێوان عەبدی و سەرۆک شەرع هات لە کۆشکی سەرۆکایەتی، کە بە ئامادەبوونی ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردی، و سیپان حەمۆ، سەرکردەی سەربازیی کورد و جێگری وەزیری بەرگری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵات بەڕێوەچوو.
شەرع لەگەڵ عەبدی کۆدەبێتەوە
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی سووریا، دوای ڕاگەیاندنەکە، سەرۆکی سووریا لەگەڵ فەرماندەی پێشووی هەسەدە، هەنگاوەکانی تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی تاوتوێ کردووە.
سەرۆکایەتی سووریا ڕایگەیاند کە شەرع لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی و شاندی یاوەری کردووە، بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ڕەوەندی سووری، و زیاد عاییش، پارێزگاری دێرەزوور.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دیدارەکەدا چەندین دۆسیەی پەیوەست بە پرۆسەی تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەنگاوەکانی قۆناغی داهاتوو تاوتوێ کراون، بە جۆرێک کە ئامادەیی دەوڵەت بەهێزتر بکات و پشتگیری لە ئاسایش و سەقامگیری بکات.
پرۆسەی تێکەڵکردنەکە چی لەخۆ دەگرێت؟
بەپێی ڕاگەیاندنە نوێیەکە، پێکهاتەی سەربازیی هێزەکانی هەسەدە و فەرمانگە مەدەنییەکانی سەر بەو هێزە بە تەواوی کۆتاییان دێت، و پێکهاتە جیاوازەکانیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا جێگیر دەکرێن.
پرۆسەی تێکەڵکردنەکە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە هەسەدە دەگرێتەوە، کە بە "ئاسایش" ناسراون و بڕیارە بچنە سەر وەزارەتی ناوخۆی سووریا. هەروەها فەرمانبەرە مەدەنییەکانی کەرتە جیاوازەکان، لەوانەش پەروەردە، دامەزراوەکانی نەوت و غاز، بەنداوەکان و بوارەکانی دیکە دەگرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ڕەنگە مەزڵوم عەبدی پۆستێک لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا وەربگرێت، بەڵام هێشتا ئەم بابەتە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە هێزەکانی هەسەدە لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانیان دەکرد کە بە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا دەخەمڵێندرا، کە بریتی بوو لە بەشێک لە شاری حەلەب (بەتایبەت گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە)، بەشی زۆری پارێزگای ڕەققە و حەسەکە، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات لە پارێزگای دێرەزوور، و هەندێک ناوچە لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب.
بڕاک: پێشهاتێکی مێژووییە
تۆم بڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕاگەیاندنی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدەی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بە "پێشهاتێکی مێژوویی بە هەموو مانایەک" وەسف کرد، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێگەی بۆ ئەم هەنگاوە خۆش کردووە.
بڕاک لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند کە ئەم ڕاگەیاندنە "شێوەی ڕاستەقینەی یەکگرتن و تێکەڵبوون" نیشان دەدات، و وتیشی "هیچ براوە و دۆڕاوێک بوونی نییە،" بەڵکو لایەنەکان کە پێشتر لێکدوور بوون و تێڕوانینی جیاوازیان هەبوو، ئێستا پێکەوە کار دەکەن بۆ داڕشتنی چارەسەرێکی دیپلۆماسی کە سەروەریی سووریا لە چوارچێوەی "یەک سوپا، یەک حکومەت، و یەک دەوڵەت"دا بەهێزتر دەکات.
هەروەها وتیشی تێکەڵبوونی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت "دابەشبوونی پێشوو دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی هەمیشەیی." ئەوەشی خستەڕوو کە ناساندنی زمانی کوردی لە بواری پەروەردە و مسۆگەرکردنی ڕۆڵی کارا بۆ سەرکردەکانی هەسەدە لەناو حکومەتی سووریا، پێزانینێکی شایستەیە بۆ "بەشدارییان لە بەدەستهێنانی سەقامگیریی ناوچەیی."
ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و هەسەدە
باس لەوە کراوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، حکومەتی سووریا دەستی کرد بە فشارخستنەسەر بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ کە لە نێوان سەرۆکی سووریا و مەزڵوم عەبدی واژۆ کرابوو. پێش ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، پێکدادان دروست بوو کە خێرا لە بەرژەوەندیی حکومەتی سووریا کۆتایی هات، دواتریش هەردوولا تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی خاڵەکانیان ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو پرۆسەیەی دواتر هاتە ئاراوە، هێزەکانی هەسەدە چەندین دامەزراوەی سیادی و ستراتیژییان ڕادەستی دەوڵەتی سووریا کرد، لە سەروویانەوە بیرە نەوتەکان و دامەزراوەکانی نەوت و غاز.
هەروەها پرۆسەکە دۆسیەی دەستگیرکراوانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی گرتەوە، کە لە زیندانەکانی سەر بە هەسەدە لە پارێزگای حەسەکە دەستبەسەر بوون، پێش ئەوەی لە ڕێگەی هێزەکانی ئەمریکاوە گوازرێنەوە و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکرێن.
پرۆسەی ڕادەستکردنەکە چەندین بنکەی ئەمریکی و بنکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشی گرتەوە کە پێشتر پاڵپشتییان پێشکەش بە هەسەدە دەکرد، سەرباری بەنداوەکان و دامەزراوە گرنگەکانی تر.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە پرۆسەی تێکەڵکردنەکە بە کرداری دەستی پێکردبوو پێش ئەوەی بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە ڕابگەیەندرێت، ئەوەش لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای سووریا لە چەندین ناوچەدا.
ڕوونیش کراوەتەوە کە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی حکومەت سەرەتا لە ناوچە دیاریکراوەکان دەستی پێکرد، وەک چوارگۆشە ئەمنییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، دواتر فراوانتر بوو بۆ ناوچەکانی تر. لە دێرەزووریش، بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانتری هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات بینرا.
هەروەها بڵاوبوونەوەکە پارێزگای ڕەققە و گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی لە حەلەب گرتەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی هەسەدە بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی سووریا.
لەلایەکی ترەوە ئاماژە بەوە کرا کە ژمارەیەک لە چەکدارانی هەسەدە چوونەتە ناو خولی ڕاهێنان لە دیمەشق و ناوچەکانی تر، پێش ئەوەی بە فەرمی ببنە بەشێک لە سوپای سووریا، کە هەندێکیان پلە و پۆستیان لەناو دامەزراوە سەربازییەکاندا وەرگرتووە.
ئەو دامەزراوانەی هێشتا تێکەڵکردنیان تەواو نەبووە
لەلایەکی ترەوە ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم ڕاگەیاندنە دوای زیاتر لە ١١ ساڵ لە دامەزراندنی هەسەدە دێت، و مەزڵوم عەبدی تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵکردنی سەرجەم لیواکانی هەسەدەی بە دەوڵەتی سووریا ڕاگەیاندووە، کە بریتین لە لیوای دێرک لە مالکییە، لیوای قامیشلۆ و لیوای حەسەکە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەر هێشتا پرۆسەی تێکەڵکردنیان تەواو نەبووە، لەوانەش دامەزراوەکانی پەروەردە، فەرمانگەکانی کۆچ و پاسپۆرت، باری شارستانی، و فەرمانگەکانی خانووبەرە، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا پرۆسەی تێکەڵکردنەکەیان تەواو بکرێت.
قۆناغێکی نوێ
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، عەبدی تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵکردنی سەربازی، ئەمنی و کارگێڕیی هێزەکانی بە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا ڕاگەیاند، و جەختی لەوە کردەوە کە مافەکانی کورد لە دەستووردا دەچەسپێنرێت و پابەندی یاساکانی دەوڵەتی سووریا دەبن.
عەبدی لە میانی ئاهەنگێکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری قامیشلۆ، وتی: "دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دۆخێکی نوێ لە سووریادا هاتە ئاراوە، کە ئەویش بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و دووبارە داڕشتنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکانە، بۆیە ئێمەش بڕیارمان داوە ببینە بەشێک لەم سووریا نوێیە."
هەروەها وتیشی: "لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی ٢٩ی کانوونی دووەم، قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە "پرۆسەی تێکەڵکردن لە ڕووی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکانمانەوە بە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی نیشتمانیدا تەواو بووە و کۆتایی هاتووە."
لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، شەرع مەرسوومێکی دەرکرد کە مافەکانی کورد و هەندێک لە تایبەتمەندییەکانیان لە وڵاتدا مسۆگەر دەکات. شەرع داوای لە کوردەکان کرد کە بەشدارییەکی کارا بکەن لە بنیاتنانەوەی نیشتمان و پاراستنی سەلامەتی و یەکپارچەییەکەی.
ماددەی یەکەمی مەرسوومەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاووڵاتیانی کورد بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان، و ناسنامە کلتووری و زمانەوانییەکەیان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریا.
حکومەتی سووریا لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیری لەگەڵ هەسەدە ڕاگەیاند، کە بریتی بوو لە ئاگربەست و دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی سەربازی و کارگێڕی، و مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
ئەمەش دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هات کە سوپای سووریا ئەنجامی دا و لە ڕێگەیەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کۆنترۆڵ کردەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دیمەشق وەک پێشێلکاریی هەسەدە بۆ ڕێککەوتنی مانگی ئاداری ٢٠٢٥ لە قەڵەمی دا.