راگەیاندنەکەی سکوت بێسنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، سەبارەت بە فراوانکردن و توندترکردنی سزا دووەمییەکانی سەر ئێران، جارێکی تر پرسیارە بنەڕەتییەکانی سەبارەت بە سروشتی ئەم سزایانە و چۆنیەتیی کاریگەرییان لەسەر دامەزراوە و کۆمپانیا بیانییەکانی دەرەوەی ئەمریکا وروژاندەوە. لە کاتێکدا واشنتن ئەم هەنگاوە بە "ڕۆژی سەرکەوتنی ئابووری" ناودەبات، بەڵام بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان مانای تێكەڵاوبوونە لەگەڵ تۆڕێکی ئاڵۆز لە هەڵبژاردنە قورسەکان لە نێوان مامەڵەکردن لەگەڵ تاران یان لەدەستدانی بازاڕ و سیستەمی دارایی دۆلار.
جیاوازیی نێوان سزای ڕاستەوخۆ و دووەمی
ئاوێنە: بۆ تێگەیشتنی تەواو لە ستراتیژیی ئابووریی واشنتن، پێویستە جیاوازیی ورد لە نێوان دوو جۆری سەرەکیی سزاکاندا بکرێت:
سزای ڕاستەوخۆ (سەرەتایی): بریتین لەو ڕێوشوێنانەی کە ڕاستەوخۆ مامەڵەی هاووڵاتییان، دانیشتووان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، یان هەر کەس و کۆمپانیایەک لە ناو خاکی ئەمریکادا لەگەڵ لایەنە ئێرانییە سزادراوەکان قەدەغە دەکەن. هەرچەشنە سەرپێچییەک لەم چوارچێوەیەدا دەبەسترێتەوە بە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی ئەمریکا یان کاڵای ئەمریکییەوە و سزای توندی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سزای دووەمی (گوشار لەسەر لایەنی سێیەم): ئەم جۆرە سزایە ئامانجی سەرەکییەتی بۆ سەر کەس، کۆمپانیا و بانکی بیانییە کە لە دەرەوەی ئەمریکا کار دەکەن و هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە سیستەمی دارایی ئەمریکاوە نییە، کەچی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن. لێرەدا واشنتن بەڕوونی بە کۆمپانیا بیانییەکان دەڵێت: یان واز لە مامەڵە لەگەڵ تاران بهێنن، یان مەترسیی لەدەستدانی دەستگەیشتن بە بازار و سیستەمی دارایی ئەمریکا قبووڵ بکەن.
دۆلار؛ چەکی کاریگەری واشنتن بۆ سەپاندنی هەژموون
سزای دووەمییەکانی ئەمریکا هێزی خۆیان لە پێگەی ناوەندیی دۆلار و بازاڕی ئەمریکی لە ئابووریی جیهانیدا دەبیننەوە. بەپێی ئامارەکانی یەدەگی فیدراڵی، دۆلار لە نزیکەی نیوەی مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەکاردێت و نزیکەی 60%ـی پابەندییە بانکییە نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت.
بەهۆی ئەمەوە، زۆرێک لە کۆمپانیا و بانکە بیانییەکان دەگەنە ئەو باوەڕەی کە لەدەستدانی بازرگانی لەگەڵ ئێران زۆر هەرزانترە بەراورد بە لەدەستدانی توانای قەرزکردن و مامەڵەکردن بە دۆلار و پەیوەندی لەگەڵ بانکە ئەمریکییەکاندا، کە ئەمەش نفووزێکی گەورە بە واشنتن دەبەخشێت کە سنوورە جوگرافییەکانی خۆی تێپەڕێنێت.
فراوانکردنی ئامانجەکان و پۆلێنکردنی کەرتەکان
بڕیارەکەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی دارایی بیانیی ئەمریکا (أوفاك) بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ژمارە 13902، پێنج کەرتی نوێی لە ئێران خستە ژێر چاودێرییەوە کە بریتیین لە: فڕۆکەوانی، سامانە دەستکردەکان، زێڕ، گواستنەوەی دەریایی (شحن)، و تەکنەلۆجیا.
بەڵام جێی ئاماژەیە کە ئەم بڕیارە بە مانای سەپاندنی سزای ڕاستەوخۆ و خۆکاری نییە بەسەر هەموو کۆمپانیا بیانییەکانی کارا لەو کەرتانەدا، بەڵکو دەسەڵاتی قانونی بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەدات کە لە کاتی پێویستدا هەر لایەنێک سزا بدات کە پشتیوانیی ماددی بۆ ئەو کەرتانە دابین بکات. لە ئێستادا، نزیکەی 60 کەس و قەوارە و کەشتی ڕاستەوخۆ خراونەتە لیستی سزاکانەوە، هاوکات هەڕەشەیەکی ڕوونیشە بۆ سەر ئەوانەی لە داهاتوودا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.
پێوەری مامەڵەی "گرنگ" و لێدوانە مرۆییەکان
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا مەرجی دیاریکراوی دارایی بۆ دەستنیشانکردنی مامەڵەی "گرنگ" دابنەناوە، بەڵکو پرۆسەکە دەبەستێتەوە بە کۆی بارودۆخەکەوە؛ لەوانە قەبارە، ژمارە، دووبارەبوونەوە، سروشتی مامەڵەکە، پەیوەندیی لایەنەکان بە سوپای پاسدارانەوە، و بەکارهێنانی ڕێگەی فێڵبازانە.
سەبارەت بە کاڵا مرۆییەکانی وەکو خۆراک، دەرمان و ئامێری پزیشکی، ڕێنماییە فەرمییەکانی ئەمریکا ڕێوشوێنی استسنایی و مۆڵەتی بۆ داناون بۆ ئەوەی ڕێگری لە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵک بکەن. سەرەڕای ئەمەش، لە پراکتیکدا زۆرێک لە بانک و کۆمپانیا بیمەییە بیانییەکان لە ترسی هەڵە و تێچووی بەرز لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران پاشەکشە دەکەن، دیاردەیەک کە بە "توندڕەویی لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکاندا" (الإفراط في الامتثال) دەناسرێت.