بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان دووبارە بەهۆی کەمی نەختینەوە مووچەی مانگی ٨ لە فیدراڵ دوادەکەوێت، بەڵام ئاوێنە لەزاری پەرلەمانیارێکی بەغداوە ئەوە ئاشکرای دەکات کە هەناردەی نەوت لەم مانگەدا نزیکەی ٩٣ ملیۆن بەرمیل بووە کە بەراورد بە مانگی ٥ و ٦ زۆر زیادی کردووە و ئەوەش ئەگەری هەیە دابەشکردنی مووچە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
ئاوێنە: د. غالب محەمەد، ئەندامی رەوتی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆیەکی ئاوێنەدا وتی "دۆخی ماددی عێراق بەرەو باشی دەڕوات، ئەمڕۆ لە کۆمپانیای سۆمۆوە راپۆرتێکیان بۆ ناردم لەسەر هەناردەکردنی نەوت، نزیکەی ٩٣ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە بۆ ئەم مانگە داهاتەکەشی ٦ ملیارە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە داهاتی نەوت هەمیشە وایە دوو مانگ پێش ئەوە دێت".
ئەو بە نمونەیەک زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت "بەنمونە ئێستا مانگی ٨ داهاتی نەوتی شەش مانگ دێت لەبەر ئەوەیە دەڵێن سیولە کەمە، بەڵام وردە وردە بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام هێشتا نازانین مووچەی مانگی ٨ دوادەکەوێت یاخود نا".
ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە کە هێشتا کەس نازانێت بەغدا بۆ مووچەی مانگی ٨ نەختینەی کەمە یاخود نا، چونکە "دەبێت دیراسەی بکەیت مانگی پێنج و شەش ٣٢ ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردە کردووە، مانگی ٧ ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ ٤٣ ملیۆن و مانگی ٨ـیش ئەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٩٣ ملیۆن کە داهاتەکە سێ بەرامبەر زیادی کردووە".
لەبارەی ئەوەی ئایا کێشەی نەختینە بۆ مووچەی مانگی ٨ دروست دەبێت لە عێراق؟ د. غالب رایگەیاند "ئەگەر کەمی نەختینە دروست ببێت تەنیا بۆ ئەم مانگە کە مانگی هەشتە دروست دەبێت، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو مووچە دواناکەوێت. چونکە عێراق نەختینەیەکی باشی هەیە، لەبەرئەوەی مانگی ٩ پەیوەستە بە داهاتی دوو مانگ پێش خۆیەوە کە ٧ و ٨ دەکات".