مەزڵوم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی "هەسەدە"ی راگەیاند
  2026-08-26     
مەزڵووم عەبدی

مەزڵوم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)و تێکەڵبوونی بەسوپای سووریای راگەیاند.

 

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، سەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەکۆشکی گەل لەدیمەشق بەڕێوەچوو، رایگەیاند "هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هێزێکی سەربازی سەربەخۆ کۆتایی هاتووەو بە تەواوی تێکەڵ بەسوپای سوریا کرا".

عەبدی ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا کراوە، ئیتر هەسەدە قەوارەیەکی سەربازی سەربەخۆ نییە.

 

دەقی وتەکەی مەزڵوم عەبدی:

 


“جەنابی سەرۆک، بنەماڵەی شەهیدە قارەمانەکانمان، ھاوسەنگەرانی رێگای خەبات، گەنجانی وڵاتەکەمان، گەلی سوریا

ئەمڕۆ لە بەردەمتاندا لە ساتێکی مێژوویدا دەوەستین کە تێیدا لاپەڕەیەکی گرنگی مێژووی سووریا دادەخەین و دەست دەکەین بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە ناونیشانەکەی ئاشتی، سەقامگیری و بنیادنانی نیشتمانە.

لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)ەوە، شەڕڤانەکانی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان هەڵگرت لە ماوەی یەکێک لە سەختترین ئەو قۆناغانەی کە سووریا بە خۆیەوە بینینی. ئەوان زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی سووریایان ڕزگار کرد، لە سەرەتادا لە دەستی حکومی بەعس و پاشان لە دەستی تیرۆری داعش.

لە ماوەی ئەم شەڕانەدا، شەڕڤانەکانمان بەنرخترین شتی خۆیان فیدا کرد، هەزاران شەهیدمان لە پێناو داهاتوویەکی ئارام بۆ منداڵانی سووریا بەخشی.

بارودۆخەکە ئەمڕۆ گۆڕاوە و وڵات چووەتە قۆناغێکی نوێوە کە ناونیشانەکەی ئاشتی و بەشداریکردنە لە بنیادنانی سووریای نوێدا. بۆیە پاش ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆک شەرع و تەواوکردنی پرۆسەی ئینتێگراسیۆنی هێزەکانمان لەناو لیواکانی سوپای سووریادا، ئەمڕۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕادەگەیەنین؛ بە تەواوی بەرپرسیارێتییەوە کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین.

یادەوەریی شەهیدانمان لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین و قوربانیدانەکانیان لە ویژدانماندا دەپارێزین، چونکە ئەوان لە پێناو جەنگدا نەجەنگان، بەڵکو لە پێناو ئەوەدا جەنگان کە ڕۆژێک بێت و سووریاییەکان پێویستییان بە جەنگ نەبێت. دەمانەوێت ئەم ڕۆژە ببێتە دەستپێکێکی ڕاستەقینە بۆ گواستنەوەیەکی ڕاستەقینە لە مەیدانی جەنگەوە بۆ مەیدانی بنیادنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی، لە قۆناغی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناغی بنیادنانی سووریا

مافی خوێندن بە زمانی کوردی یەکێکە لە گرنگترین ئەو مافانەی کە گەلی کوردمان لە چەند دەیەی ڕابردووەوە لەپێناویدا تێکۆشاوە. جەنابی سەرۆک [شەرع] لە چەند بۆنەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم مافە دەپارێزرێت. هەروەها هەڵوێستێکی کراوەمان لەلای ئەوەوە بەدی کرد سەبارەت بە مافی خوێندن بە زمانی دایک و پەرەپێدانی ئەم بڕیارەی ئێستا لە داهاتوودا. لەمساڵدا کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتووی نزیکدا لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە هەنگاوی بنیاتنەر بنێین

ئەو سووریایەی ئێمە دەمانەوێت بنیاتی بنێین، سووریایەکە بۆ ھەموو گەل و پێکھاتەکانی لەعەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، 

تورکمان‌و ھتد. سووریایەکی یەکگرتوو ئارام کە ماف‌و کەرامەتی ھەموو ھاوڵاتییانی بپارێزێت‌و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی 

داھاتوو دابین بکات.

دووبارە شەھیدەکانمان بە منەتبارییەوە یاد دەکەینەوە.. سڵاو و ڕێز بۆ ھاوسەنگەران و گەلەکەمان دەنێرین.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×